چاوپێکه‌وتن ‌
بەھرۆز گەڵاڵی بۆ سپی میدیا: گەر ریفراندۆم دوانەخرێت، دەبێت کورد خۆی بۆ شەڕی کۆڵانەو کۆڵان ئامادە بکات
بەھرۆز گەڵاڵی کادیری پێشکەوتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان چەندان ساڵە نوێنەرایەتی حیزبەکەی دەکات لە کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا، ئەو ئەزموونێکی باشی ھەیە لەگەڵ سیاسیەکانی ئەو دوو وڵاتەو، دەزانێت ھەڵوێستی ئەو دوو وڵاتەو بەتایبەتی حکومەتی تورکیا چییە لەسەر کێشەکانی ناوچەکەو کورد بە گشتی و ھەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی. 

ماڵپەڕی سپی، ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵدا ساز کردووە، ئەویش زۆر بەڕاشکاوانە ئەو مەترسیە گەورانە ئاشکرا دەکات کە لەئەنجامی ریفراندۆمدا رووبەرووی ھەرێم دەبێتەوە، بەتایبەتی ھەڵوێستی حکومەتی تورکیا، لەوانە سنور داخستن و رێگاگرتن لەھاتن و چوونی فڕۆکە بۆ فرۆکەخانەکانی ھەرێم، تا دەگاتە راوەستانی ناردنی نەوت بەڕێگای بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندەرەکانی تورکیا. ئەمە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:  
سپی: بەرێزت چەند ساڵێکە بەرپرسی پەیوەندیەکانی یەکێتی لە تورکیا، راڤەی تۆ چییە بۆ ھەڵوێستی حکومەتی تورکیا لەسەر ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان؟

بەھرۆز گەڵاڵی: ئەوەندەی بەندە ئاگاداربم تورکیا نیگەرانە لەو بریارەی کە جەنابی بارزانی و ھەندێ لە حیزبەکان لە ھەرێم دەربارەی دیاریکردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم داویانە و بەبڕیارێکی تاکلایەنە و دیراسەنەکراوی دەزانن. دڵنیاشم لەوەی کە تورکیا لەدژی ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەیە و چەندی بابەتەکە زیاتر لە جدییەت نزیکبێتەوە، حکومەتی تورکیا دوای جەژن، رونتر و راشکاوانەتر ھەڵویستی حکومەت و دەوڵەتی خۆیان رابگەیەنن و ھەتا ئەگەری زۆر ھەیە، رەنگە داوەتی بارزانیش بکەن بۆ تورکیا بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە.
سپی: لەو باوەڕەدایت ھەندێک ناوەندی حکومەتی تورکیا بەو ئاراستەیە کاربکەن کە ھەرێمی کوردستان وەک ئەزمونی قوبرس دابەشبکەن و بەشێک لەھەرێم ھان بدەن بەناوی ریفراندۆمەوە جیاببنەوەو دواتر بچنە سەر  دەوڵەتی تورکیا؟

بەھرۆز گەڵاڵی: نەخێر لەو باوەڕەدانیم و پێشموانیە لە ئەجێندا و بەرنامەی دەوڵەت و حکومەتی ئێستای تورکیادا بابەتی لەم شێوە یە لە رۆژەڤیاندا ھەبێت.
سپی: ئەگەر تورکیا دژی ریفراندۆم بوو، ھەرێمیش سەرکەشی کردو ئەنجامی دا، پێشبینی چی دەکەیت لەمەڕ ئەو رێوشوێنانەی تورکیا دژی کورد دەیگرێتە بەر؟
بەھرۆز گەڵاڵی: بارتی تاکلایەنە، بڕیاری خۆی داوە و ھەندێ لە لایەنەکانی تریشی کۆکردۆتەوە و بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان رۆژی ئەنجامدانی ریفەراندۆمی دیاریکردووە. بەبێ ئەوەی ھیچ ئەرزییەتێکی سیاسی و دیپلۆماسی و یاسایی و ئابوری و ئیداری و ماڵییان بۆ ئامادە کردبێت. بە تورکیایان وتوە ریفراندۆم بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان و جیابونەوە لە عێراق و گەڕانەوەی کەرکوک و شوێنە جێ ناکۆکان نییە. بە ڵکو بۆ ئەوەی وەک کارتێک بۆ گفتوگۆ لە بەرانبەر بەغدا بەکاری بێنین. باشە گەر بۆ ئەو سێ بابەتە نییە، بۆ دەیکەین؟ خۆ کورد دەتوانێ بەبێ ئەنجامدانی ریفراندۆمیش بڕواتە بەغدا و داوای مافی رەوای خۆی بکات و بەدیالۆک و گفتوگۆ و ھەتا داوای سەربە خۆیی کوردستانیش بکەین. ریفراندۆم دوا ھەنگاوە کە لە کۆتاییدا پەنای بۆ بەرین. 
من خۆم بڕواموایە ریفڕاندۆم لەکاتی خۆیدا ناکرێت. ھەموو دنیا تەئیدی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو کات و ساتەی ئێستادا ناکەن.  داوا دەکەن دوا بخرێت، کەچی سەرکردایەتی پارتی بەتایبەتی خۆی بێدەنگ کردووە. وەک ئەوەی کە گوێی لەھیچ نەبووبێت  ھەڵسوکەوت دەکات.
 دیپلۆماتەکانیان قسەی خۆشیان بۆدەکەن، دڵنیام ڕاستییان پێناڵێن؟ بەداخەوە حزبەکەی خۆشم، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەبوایە رەخنە لەم سیاسەتانەی پارتی بگرن، چونکە دۆست ئەوەیە کە بتگرێنێت. بێشبینی دەکەم دوای جەژن تورکیا ھەندێ ھەنگاوی کرداری بھاوێت لەدژی ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە، چونکە پێموایە سەرکردایەتی  پارتی لەوبارەیەوە حیساباتی وردی نەکردوە. 
دەپرسم ؟ حسابی ئەوە کراوە کە تورکیا  ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆکەکانی کە لە فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی ھەڵدەستن، دابخات؟ حسابی ئەوە کراوە دەرگای ئیبراھیم خەلیلمان لێ دابخات ؟ حیسابی ئەوە کراوە نەوتەکەی کە بە بۆری ئێستا بۆ تورکیا دەنێردری رانەگیرێت و نەھێڵێت بڕوات؟ حیسابی موچە و ژیانی ئەو خەڵکە کراوە؟ حسابی ئەوە کراوە  ئەو عەسکەرەی تورکیا کە بە ئاگاداری و ڕەزامەندی سەرکردایەتی پارتی زیاتر لە ١٨ ھەژدە بنکەی سەربازی لە کوردستانی عێراق لە پارێزگای  دھۆک و بە شێکی ھەولێر ئامادەگی ھەیە و جێنیشینبووە! بەیانی ریفڕاندۆم بکرێ و دەوڵەت رابگەیەنرێت؟ گەرەنتی ھەیە کە ئەو سەربازانە نایەنە سەرمان و قوڕگمان ناگرن؟ خۆم بڕواناکەم خاوەنی بیرۆکەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، بیر لەدروستکردنی دەوڵەتی کوردستان بکاتەوە، چونکە ئەگەر بیری لێبکردابایەتە وە! دەبوایە ھەرزوو مشوری لابردنی ئەو ١٨ قاعیدە عەسکەریانەی سووپای تورکیای بخواردایە کە لەسەرخاکی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و، دەبوایە بەزووی داوای کشانەوەیانی بکردایە. پێش راگەیاندنی ریفراندۆم و ئیعلانی دەوڵەتی کوردستان.
سپی:سەرکردایتی کورد لەم ھەلومەرجەدا چی بکات باشە، پێشنیاری تۆ چییە؟
بەھرۆز گەڵاڵی: پێویستە بەرچاومان روون بێت، لە ئێستاوە بیزانین کە ئامادە کاری بۆ دروستکردنی فیتنە و شەڕ لە دژی گەلەکەمان بە رێگایەوەیە. بێگومان بۆ کەرکوک و شوێنە جێناکۆکەکان. ئایا دەمانەوێت کەرکوک و شوێنە جێناکۆکەکان بکەونەوە دەست حەشدی شەعبی و حکومەتی بەغدا ؟ پێویستە لەمە ئاگاداربین. شەڕ رووبدات شەڕەکە دەکەوێتە ناوچەکانی ژێر دە سەڵاتی نوفوسی یەکێتی و دەوروبەری مەخمور. من پێموایە ئەو شەڕە روودەدات. من لە روانگەی ھەستی نەتەوەییەوە و ھەستکردن بە لێبرسراویەوەتی مێژوویی خۆمەوە، مەجبوورم مەترسییەکانی ھەستی پێدەکەم و ھەیە، پێتانی بڵیم بۆ بەرچاو روونی بیخەمە بەرچاوی سەرکردایەتی کورد. بەندەش وەک ھەموو تاکێکی کورد دەمەوێ کوردستان ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، بەڵام بەو رێگایەی ئێستا دەستمان داوەتێ، ئەو رێگایە بەھەڵەیەکی گەورە دەزانم کە دەستمان داوەتێ و گرتوومانەتە بەر. بەندە ئەو رێگایە بەھەڵەیەکی سیاسی گەورە دەزانم و بەھەنگاوێکی ستراتیژی و زیرەکانەی نازانم، چونکە دەوڵەت بەعینادی بەرامبەر ئەمەریکاو روسیاو فەرەنسا و ئینگلیز و یەکێتی ئەوروپاو وڵاتانی تر دروست نابێت، باسی تورکیا و ئێران و عێراقیش ھەرناکەم، ناتەبایی ناوخۆشمان ھەرباس ناکەم.
ئێستاش ئەگەر سەرکردایەتی کورد بەم سیاسەتەی ئێستادا نەچێتەوە، واز لە سۆزو عاتیفە نەھێنن؟ دڵنیابن ھەرێمی کوردستان تووشی شھڕێکی وا دەکرێت کە پێی دەڵین شەڕی کۆڵان بە کۆڵان، بۆیە داوا دەکەم، تکا دەکەم ! چێکی قەنەواتی زانیارییەکانتان بکەنەوە، فایدەی زۆری بۆ کوردو نەتەوەکەمان دەبێت. ھەقە جەسووربین بیرێکیش لە دواخستنی ریفراندۆمەکە بۆ کاتێکی گونجاوتر بکەینەوە، دڵنیام بۆ گەلەکەمان باشتردەبێت، چونکە ئەوە داواکاری دەوڵەتە گەورەکانە، ھی ئەوانەیە کە کاریگەری سیاسیان ھەیە لە سەر دروستکردنی بڕیاری سیاسی ناوچەکەی ئێمە. مەسەلەی داعش تەواوبێت بە وریای رەفتار نەکەین بەرەو بەغدا مەجبورمان دەکەنەوە، بۆیە داوا لەسەرکردایەتی پارتی دەکەم بەبێ قەیدو شەرت پەرلەمان کارا بکەنەوە، حکومەتێکی نوێی بەھێز دروستبکەین و سیستەمێکی دیموکراسی پشت ئەستور بە یاسای شەرعی و دادپەروەرانە دروستبکەین.
ئەگەر ئەمانەش ناکەین دەبێت خۆمان بۆ شەڕێکی قورسی کۆڵان بە کۆڵان ئامادە بکەین، خۆمان بۆ تەقینەوەو نا ئیستقراری ھەرێم ئامادە بکەین و، چاوەڕێی ئەوەش بکەین لە بەینی ئێمەی کوردو داعش و حەشدی شەعبی و دەوربەرەکانیان شەڕ روودەدات.
سپی: تۆ ماوەیەکی زۆر بەرپرسی پەیوەندیەکانی یەکێتێ بوویت لە ئێران، چۆن ھەڵوێستێ ئێران دەخوێنیتەوە بەرامبەر راپرسی ھەرێم؟ بەبۆچونی تۆ ئێران چ رێوشێنێک بەرامبەر ھەرێم دەگرێتە بەر ، ئەگەر ھەرێم سووربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم؟

بەھرۆز گەڵاڵی: راستە بەندە ماوەیەک نوێنەری مام و یەکێتی بووم لە ئێران، بەڵام من ئەو ھەقە بە خۆم نادەم لە باتی نوێنەری یەکێتی ھاوڕیم مامۆستا نازم وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە. دڵنیام  بەڕێزیان لە من ئاگاداری وردەکارییەکانی سیاسەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەڵام دەتوانم ئەوەندە بڵێم رای کۆماری ئیسلامی ئێران روونە دەربارەی یەکپارچەیی خاکی عێراق، ئەوان فەرشێک بە دەساڵ دروستدەکەن ئەوەندە ھێمن و لەسەرخۆن لە بڕیارداندا، بەڵام لە ئاست ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانەوە بڕیاری پێشوەختەیان ھەیەو بەدڵنیایەوە لە دژی ریفراندۆمن و دەستەوسانیش ناوەستن. ھەموو رێگایەکیش بە تەدریجی تاقی دەکەنەوە بەمەبەستی دواخستنی ریفراندۆم و ئەنجامەندانی، سەرکردایەتی کورد ئەگەر ئەوە نەزانێ؟ یان حیسابی بۆ نەکردبێ؟ یان بە پێچەوانەی ئەو لێکدانەوەیەی بەندەوە بڕوای ھەبێت؟ مانای وای لە ئەلف و بێی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی تێنەگەیشتوون.

874 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/06/2017