هەواڵ ‌
وەزارەتی دادی عێراق مامەڵەکردن بەزەوییە کشتوکاڵییەکانی سنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان رادەگرێت
وەزارەتی دادی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی مامەڵەکردن بە زەوییە کشتوکاڵییەکان سنوری پارێزگای کەرکوک و ناوچەکێشەلەسەرەکانی دیکەی سنوری مادەی 140، یەکلاییەکردنەوەی ئەو پرسەش سپێردراوە بە لیژنەیەکی ئەنجومەنى وەزيران.
وەزارەتی دادی عێراق لەدواین بڕیاریدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە دەرچوە باس لەوەکراوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ساڵی 2012 بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی باکور لەسەردەمی رژێمی بەعسی روخاو و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان کە لەو ماوەیەدا ئەنجام دراون.ئەوەش هاتوە، بۆیە مامەڵەکردن بە  زەوییە کشتوکاڵییەکان سنوری پارێزگای کەرکوک و ناوچەکێشەلەسەرەکانی دیکەی سنوری مادەی 140ی دەستور رادەگیرێت، تا ئەو کاتەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری نوێ لەو بارەیەوە دەردەکات.
پەیوەست بەم بابەتەش عزەدین مەجید (مامۆستا عەزیز)، جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق پێشتر بە خەندان-ی راگەیاندبو،  دوای ئەوەی بەرەبەیانی 2ی ئاب کێشەیەک بەهۆی هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ سنوری پارێزگای کەرکوک و قەزای داقوق دروستبو، سەرۆک بەرهەم هاتەسەرخەت و داوای لەو لیژنە سێ کەسییە کردوە، کە لە وەزیری داد، وەزیری کشتوکاڵ و ئێمەش وەک نوێنەری سەرۆکایەتی کۆمار پێکهاتوە بەدواداچون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کێشانەی لە داقوق، دوبز، پردێ و لەیلان کە بەهۆی تێکەڵاوی پێکهاتەکان لەوناچانەدا هەیە، چارەسەربکرێن.رونیشیکردەوە، ئەو عەرەبە هاوردانە خۆیان دوای پرۆسەی رزگاری ئەو شوێنەیان جێهێشتوە، چونکە زانیویانە لەسەر هەق نین، بەڵام راکان جبوری، پارێزگاری کەرکوک بەوەکال وەک "وەرەقەیەکی سیاسی بۆ هەڵبژاردن بەکاریدەهێنێت و کێشەکان راکان جبوری لێ بەرپرسە و دەزگاکانی دیکەی سەربازی ئەمری ئەو جێبەجێ دەکەن، بۆیە لە تێکچونی دۆخی ئەو ناوچانە سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆی عێراقیش بەبەرپرس دەزانین کە هۆشداریان نەداوەتە راکان جبوری".



XENDAN

56 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/09/2020