هەواڵ ‌
رۆحانی: داهاتی نەوتی ئێران بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ئەو داهاتەی کە ئێران بەهۆی هەناردەکردنی نەوت لەمساڵدا دەستیکەوتوە، کەمترە لە نێوەی ئەو داهاتەی کە ساڵی رابردو بەدەستیهێنابو.
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، داهاتی فڕۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی لە ساڵی رابردودا بە 20 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەڵام لەمساڵدا ئەو داهاتەکەی بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە.ئاماژەی بەوەشکرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رەوشەی کە بۆماوەی زیاتر لە دو ساڵە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە ئێرانی گرتوەتەوە، دەبێت توانا ناوخۆیەکانی وڵات پەرەپێبدەن و پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ وڵاتانی جیهان پتەوتربکەن.
رۆحانی باسی لەوەشکرد، دوژمنانی وڵاتەکەی توانیویانە هەندێک کێشەی ئابوری لە وڵاتەکەی دروست بکەن، بەڵام شکستیانخواردوە لە بەئەنجامگەیاندنی ئامانجە ستراتیژییە سیاسیەکانیان.14ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئیسحاق جەهانگیری، یاریدەدەری یەكەمی سەرۆك كۆماری ئێران ئاشكرایكرد، داهاتی نەوتی وڵاتەکەی هەشت ملیار دۆلار بوە، كاتێكدا داهاتی نەوتی ئێران پێش سەپاندنی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکە بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.
زیاتر لە دو ساڵە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کشاوەتەوە و چەندین سزای ئابوری بەسەر تاراندا سەپاندوە، کە زۆرینەیان هەناردەی نەوتی وڵاتەکە و بانکی ناوەندی ئێرانیان بە ئامانج گرتوە، بەهۆیەوە هەناردەی نەوتی ئێران لە 2.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ کەمتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت دابەزیوە.


XENDAN

34 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
14/09/2020