هەواڵ ‌
گەشتە ئاسمانیەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەستیان پێکردەوە

 

دوای داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هەولێر و پاش زیاتر لە ٥ مانگ داخستنیان، ئەمرۆ یەکەم گەشتی ئاسایی لە فڕۆکەخانەکانەوە بۆ دەرەوەی هەرێم و بەپێچەوانەوە دەستی پێکردەوە.
بەپێی بڕیارێکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی و وەک رێکارێک بۆ بەرگرتن لە هاتنە ناوەوەو تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ماوەی ٥ مانگ هەموو گەشتە ئاساییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق داخران و ئەمڕۆ دوای بڕیاری کردنەوەکە، یەکەم گەشتی فڕۆکەخانەکان لە هەولێر و سلێمانی بۆ دەرەوەی وڵات و بەپێچەوانەوە دەستیان پێکردەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ لە فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیدا ئەنجام دران ئاماژە بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان کران لەگەڵ ئەو مەرج و رێکارانەی کە دەبێت گەشتیاران پابەندیان بن خرانە ڕوو.سەرەتا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تاهیر عەبدوڵڵا لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند کە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانە و بۆ ئەو مەبەستە چەند رێکارێک دەگیرێنە بەر کە دەبێت گەشتیار پابەندبێت پێیانەوە لەوانە، هاتنی گەشتیار ٤ کاتژمێر پێش کاتی گەشتەکەی، ئەنجامدانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجۆری pcr کە ٤٨ کاتژمێر بەسەردا تێپەڕی نەکردبێت، لەگەڵ چەند رێنماییەکەی تر.
بەپێی زانیاریەکان لە فرۆکەخانەی هەولێرەوە گەشتەکان بەم شێوەیە دەبن:یەکەمین گەشت لە کاتژمێر ١١:٤٠ لە هەولێرەوە بۆ بەغدا دەبێت، گەشتی دووەم لە کاتژمێر ١٢:٠٠ بۆ ئۆکراینا دەبێت، گەشتەکانی دیکەش بەپێی ئەو خشتەیە دەبن کە دەستنیشانکراوە، لەوانە لە کاتژمێر ١٨:١٠ گەشتێک لە ئەنقەرەوە بۆ هەولێر دەبێت، بە پێچەوانەوەش گەشتی هەولێر- ئەنقەرە لە کاتژمێر ١٩:١٠ دەبێت، لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ یش گەشتێک لە هەولێرەوە بۆ ئیمارات دەکرێت.پێشتر بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، لە ١٧ی ئازاری ئەمساڵ گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگیران، لە ماوەی رابردوودا تەنیا رێگە بە گەشتی فڕۆكەكانی كارگۆ، سەربازی، دیپلۆماسی، گەشتە ناچارییەكانی هاتنەوەی هاووڵاتیان لە دەرەوەی وڵات دراوە.


AA

20 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
02/08/2020