هەواڵ ‌
عێراق؛ هەژاری بۆ 31.7% بەرز دەبێتەوە
وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی رابردودا لێکۆڵینەوەیان لەبارەی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر چینی هەژار و هاوڵاتیان کردوە، ئەنجامەکانیش ئەوەیان ئاشکراکرد کە رێژەی هەژاری بۆ 31.7% زیادیکردوە، ئەوەش رێژەیەکی بەرزە بەراورد بە ساڵی 2018 کە رێژەی هەژاری 20% بوە.
خالد بەتاڵ، وەزیری پلاندانانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، لە ماوەی رابردودا بەهاوکاری بانکی نێودەوڵەتی، رێکخراوی یونسێف و لەسەر پێشنیازی تیمی "ئۆکسفۆرد" بۆ هەژاری و گەشەپێدانی مرۆیی توێژینەوەیەکی فراوانیان لەبارەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لە عێراق کردوە بەتایبەت کاریگەرییەکانی لەسەر چینی هەژاران و ئەوانەی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێڵی هەژاریدا دەژین لە عێراق گەیشتوەتە 11 ملیۆن و 400 هەزار کەس، بەڵام بەر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەکە 10ملیۆن کەس بوە، هەروەها رێژەی هەژاری لە نێوان منداڵان تا تەمەنی 18 ساڵی گەیشتوەتە 38%. 


XENDAN

47 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/07/2020