هەواڵ ‌
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی پاکستان بە 107 سەرنشینەوە دەکەوێتە خوارەوە

 

کاربەدەستانی پاکستان دەڵێن فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی نێونەتەوەیی پاکستان کە بە PIA ناسراوەڕۆژی هەینی لە ناوچەیەکی دانیشتوانی شاری کەراچی باشوری وڵاتەکە کەوتۆتە خوارەوە.
فڕۆکەکە 107 کەسی تێدابووە, ئەو هێڵە ئاسمانییەی لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوە دەچێت ڕایگەیاند گەشتی PK 8308، 99 سەرنشین و هەشت کارمەندی فڕۆکەکەی تێدابووە.سەرۆکی شارەوانی کەراچی دەڵێت هەمو سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.گوتەبێژی PIA عەبدوڵا خان لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند " دوواین قسەی کە لە فڕۆکەوانەکە بیستمان ئەوەبوو کە گوتی هەندێک گرفتی تەکنیکیان هەیە." ئەو گوتیشی " ئەمە ڕووداوێکی دڵتەزێنە."کاربەدەستێکی باڵای هێڵە ئاسمانییەکانی پاکستان بە ئاژانی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند بەوە دەچێت لە دەمی نیشتنەوەیدا بەهۆی گرفتی تەکنیکی نەیتوانیبێت چەرخەکانی بکاتەوە بەڵام گوتیشی هێشتا زۆر زووە تا هۆکاری کەوتنەکەی بە تەواوەتی بزانرێت.بە پێی زانیارییەکان فڕۆکەکە لە شاری لاهورەوە بەرەو کەراچی ڕۆشتووە و بەر لەوەی بگاتە فڕۆکەخانەی کەراچی کەوتۆتە خوارەوە.
دانیشتویەکی ناوچەکەش گوتویەتی بینیویەتی کە فڕۆکەکە سێ جار خولاوەتەوە بەر لەوەی بکەوێت بەسەر چەند ماڵێکدا.لەشکری پاکستانی دەڵێت هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا و هێزی نیمچکە لەشکری گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکە.سەرۆک وەزیری پاکستان عمران خان لە تویتێکدا دڵگرانی خۆی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە کە دەربڕی و گوتی " دڵگران و شۆک بووم بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی PIA. لەگەڵ بەڕێوەبەری PIA ئەرشەد مەلیک لە پەیوەندیدام، کە لەگەڵ تیمەکانی فریاگوزاری ڕۆشتووە بۆ کەراچی لە کاتێکدا ئێستا ئەم ڕووداوە ئەرکی سەرەکیمانە. لێكۆڵینەوەی دەستبەجێ ئەنجام دەدرێت. هاوخەمی خۆم بۆ خێزانەکانی قوربانیان دەردەبڕم."شایانی باسە ئەو فڕۆکەیە لە کاتیی ئاساییدا 160 سەرنشین هەڵدەگرێت بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەی سەرنشینەکانی کەمکردبۆوە.

VOA

21 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
23/05/2020