هەواڵ ‌
سەرکردەیەکی باڵای داعش لە عێراق دەستگیرکرا
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق ده‌ستگیركردنی‌ سه‌ركرده‌یه‌ی باڵای‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعشی‌ رایگه‌یاند كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ كاندیدبووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌وه‌ شوێنگره‌وه‌ی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌رۆكی‌ رێكخراوه‌كه‌.

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ستگیركردنی عه‌بدولناسر قارداش ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی داعشی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ كاندید بووه‌ بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی.

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق ده‌ڵێت: "ده‌ستگیركراوه‌كه‌ ناوی‌ ته‌ها عه‌بدولڕه‌حیم عه‌بدوڵا به‌كر ئه‌لغه‌سانی-یه‌ و ناسراوه‌ به‌ حاجی عه‌بدولناسر قارداش و ئه‌بو محه‌مه‌د و له‌ 1967 له‌ ته‌له‌عفه‌ر له‌دایكبووه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "عه‌بدولناسر قارداش له‌ گه‌ڕه‌كی مشێرفه‌ی شاری موسڵ نیشته‌جێ بووه‌ و له‌ 2007 په‌یوه‌ندی به‌ رێكخراوی قاعیده‌وه‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا كردووه‌".
 
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ سه‌ركرده‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ی‌ داعش تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵ وه‌ك كه‌سێكی ئیداری ویلایه‌تی جه‌زیره‌ كاریكردووه‌ و پۆستی والی جه‌زیره‌ی وه‌رگرتووه‌ و له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا چه‌ندین هێرش و په‌لامار بۆ سه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌كان و هاووڵاتیان ئه‌نجامدراون".

 روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "قارداش سه‌ره‌تای ساڵی 2010 بووه‌ته‌ جێگری والی باكوور، به‌ فه‌رمانی ئه‌بو عومه‌ر به‌غدادی كراوه‌ته‌ والی ویلایه‌ته‌كانی باكوور (باشووری موسڵ، موسڵ، جه‌زیره‌ و كه‌ركوك) و له‌ كۆتایی ساڵی 2011ـه‌ش له‌ ده‌وروبه‌ری به‌غدا، چاوی به‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی كه‌وتووه‌ و رایسپاردووه‌ بۆ ئه‌میری پیشه‌سازیی و گه‌شه‌پێدان".

 به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق، عه‌بدولناسر قارداش دوای راسپاردنی له‌لایه‌ن به‌غدادی، چووه‌ته‌ سوریا و له‌ كارگه‌كانی دروستكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و چه‌كی بێده‌نگ كاریكردووه‌ و زیاتر له‌ 100 جاریش به‌غدادی بینیوه‌.

 دوای ناكۆكی نێوان رێكخراوی قاعیده‌ و به‌ره‌ی نووسره‌، كراوه‌ته‌ والی شه‌رقییه‌ (حه‌سه‌كه‌، دێرزوور، ره‌ققه‌) و دواتر به‌ فه‌رمانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، بووه‌ته‌ والی به‌ره‌كه‌، دوای راگه‌یاندنی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش، چه‌ند پۆستێكی دیكه‌ی وه‌رگرتووه‌ تاوه‌كو بووه‌ته‌ جێگری ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی و سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كه‌می شه‌ڕی كۆبانی و كۆنترۆڵكردنی شاری ته‌دمر، حه‌له‌ب و شه‌ڕه‌كانی باب بووه‌ و رۆڵێكی دیاری له‌ رووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی باغۆزدا هه‌بووه‌.
 
هه‌روه‌ك ناوبراو به‌رپرسی‌ به‌دواداچوون و په‌ره‌پێدانی گازی خه‌رده‌ل بووه‌ كه‌ له‌ دژی هێزه‌كانی عێراقی به‌كارهێنراوه‌، رۆڵێكی باڵایشی هه‌بووه‌ له‌ زۆربه‌ی دانوستاندنه‌كانی نێوان رێكخراوی داعش و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی دیكه‌ و سه‌رپه‌رشتیاری ته‌واوی جومگه‌ ئیداری و پیشه‌سازییه‌كانی داعش بووه‌.

 شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منیی عێراق ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات توانراوه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ باڵای‌ داعش ده‌ستگیربكرێت.

MILLET

36 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
21/05/2020