هەواڵ ‌
سوپای ئەمەریکا کۆتوبەند دەخاتە سەر جوڵەی هەزاران سەربازی ئەمەریکی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە

 

سەرکردایەتی سوپای ئەمەریکا بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی وت بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا سوپای ئەمەریکای ناچار کردووە کۆتوبەند بخاتە سەر جوڵەی هەزاران سەرباز لە ناوچە جیا جیاکاندا، لەوانەش ئاسیا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی ڕۆیتەرز کەوتووە، زۆرێک لە سەربازانی ئەمەریکا کۆتوبەندی تایبەتیان خراوەتەسەر، لەوانەش کەرەنتینە کردن. بەڵام سەرکردایەتی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەمەریکای لاتین و ئەفریقا هیچ وردەکارییەکیان ئاشکرا نەکرد.کۆتوبەندەکان بەسەر 10 هەزار سەربازی ئەمەریکیدا لە ئاسیا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەپێندراوە، ئەمەش کۆسپ دەخاتە بەردەم کارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لەکاتێکدا کە دەیەوێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە بەبێ ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کاربکاتە سەر سوپای وڵاتەکە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بەشێکی گەورەی هێزەکان ناتوانن لە شوێنی خۆیان بجوڵێن.
سەرۆکی لیژنەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا جەنەڕاڵ مارک مێڵی وتی پێشبینی ئەوە دەکات کاریگەرییەکان لەسەر ئامادەیی سوپا بۆ هەر ململانێیەک یاخود قەیرانێک کەم بێت یاخود ئاسایی بێت، وتیشی " بارودۆخەکە دەگۆڕیت، پێویست دەبێت لەسەرمان ڕەوشەکە هەڵبسەنگێنین و بە بەردەوامیش هەڵیدەسەنگێنین."جێی ئاماژەیە هەر کاتێک سەربازێکی ئەمەریکی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت، سوپا هەوڵ دەدات ئەو سەربازە و هەموو ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵدا کردوون کەرەنتینە بکات. ژمارەی توشبووان لە نێو سەربازانی ئەمەریکادا تاوەکو بەیانی ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە 227 سەرباز.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەموو مەشقە سەربازییەکانی ڕاگرت و کۆمەڵێک کۆتوبەندی خستۆتە سەر سەربازەکان. ڕێگەیان پێنادرێت گەشت بۆ ئەو وڵاتانە بکەن کە ڤایرۆسەکە تیایاندا زۆر چالاکە و هەروەها هەموو جوڵەکانیشیان لە ناوخۆی ئەمەریکادا ڕاگیراوە.

VOA

 


12 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
27/03/2020