هەواڵ ‌
ئەڵمانیا داوای ناردنی 40 هەزار سەربازی یەکێتی ئەوروپا بۆ رۆژئاڤای کوردستان دەکات
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا داوا دەکات 40 هەزار سەربازی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا رەوانەی رۆژئاڤای کوردستان بکرێت، بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچە ئارامەی کە تورکیا داوای دەکات.
نۆربەرت رۆتگن، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ARDی ئەڵمانی باسی لەوەکردوە، پێشنیازی ناردنی هێزی سەربازی یەکێتی ئەوروپا بۆ ناوچەی ئارام لە سوریا دەتوانێت دۆخی ئەمنی ناوچەکە کۆنتڕۆڵبکات، کە ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە ئەوە بکات نەک تورکیا بە تەنها.ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ئێستادا وڵاتانی بریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنساش هەمان داواکارییان هەیە و "جگە لە ئەوروپییەکان کەسی تر ناتوانێت هیچ شتێک بکات".لە کاتێکدا هێرشی سەربازی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان لە ناخۆی یەکێتی ئەوروپا مشتومڕی دروستکردوە، شارەزایەکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبی مەسیحی دیموکراتی (پارتەکەی ئەنگێلا مێرکڵ) داوایەک ئاڕاستەی ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا دەکات بەمەبەستی پاراستنی مرۆیی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا و جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە یەکێتی ئەروپا 30 بۆ 40 هەزار سەرباز رەوانەی ئەو ناوچەیە بکات.
هاوکات رودیریش کیزە فیتر، شارەزای پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبی مەسیحی دیموکراتی بە رادیۆی "بەرلین- براندبۆرگ" راگەیاندوە، پێشنیازەکەی بریتییە لە ناردنی سوپای یەکێتی ئەوروپا لە ناویشیدا سوپای ئەڵمانیا و ناردنی تیمی پزیشکی و شارەزایانی بنیاتنانەوەی شار بنێردرێن بۆ باکوری سوریا.باسی لەوەشکردوە، دەبێت یەکێتی ئەوروپا ئەو پێشنیازە بخاتە بەردەم تورکیا و روسیا، هەروەها پێویستە ئەو ناوچە ئارامە لە ژێر پاراستنی نێوەدەوڵەتی وەکو نەتەوەیەکگرتوەکاندا بێت.دەشڵێت، ئەگەر ئەوپێشنیازە ئەنجامی نەبوە "ئێمە دەبینە یاری دەستی ئەوان، ئەگەر لەو ناوچەیە بەشدار نەبین، هەست بە دەستدرێژی بەرامبەر خاکی یەکێتی ئەوروپا دەکەین".ئەوە لە کاتێکدایە لیژنەی خزمەتگوزارییە زانستییەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە راپۆرتی کۆتایی خۆیدا سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای تورکیا دەڵێت "ئەو هێرشە لەگەڵ یاسای نێودەوڵتیدا یەکناگرێتەوە"، ئەو رایەش لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاوە پشتیوانی لێکراوە.

XENDAN

19 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
22/10/2019