هەواڵ ‌
كوردانی قامیشلۆ قافڵه‌یه‌كی كشاوه‌ی ئه‌مریكایان به‌ردباران كرد

كوردانی قامیشلۆ قافڵه‌یه‌كی سه‌ربازیی ئه‌مریكایان به‌ردباران كرد كه‌ له‌ باكور و رۆهه‌ڵاتی سوریاوه‌ به‌ره‌و سنووره‌كانی عێراق ده‌كشایه‌وه‌.
ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌كاتی كشانه‌وه‌ی قافڵه‌یه‌كی سه‌ربازیی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ره‌و سنووره‌كانی عێراق و له‌كاتی تێپه‌ڕبوونی قافڵه‌كه‌ به‌ شاری قامیشلۆدا، كوردانی ئه‌و شاره‌ ناڕه‌زایی توندیان ده‌ربڕیووه‌ و ئیدانه‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكایان كردووه‌.
ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ كوردانی ناڕازیی قامیشلۆ، قافڵه‌ كشاوه‌كه‌ی ئه‌مریكایان به‌ردباران كردووه‌.
دوای بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ رۆژئاوای كوردستان، تره‌مپ به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرا كه‌ ناپاكیی له‌ كورده‌ هاپه‌یمانه‌كانی كردووه‌ كه‌ له‌ شكستیان به‌داعش له‌ سوریا هێنا.
دوای بڕیاره‌كه‌ش له‌ 9ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ توركیا به‌ناوی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام بۆ سنووره‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ناو خاكی سوریا، به‌ناوی "كانی ئاشتی" له‌شكركێشی كردووه‌ته‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستان.
كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیش جگه‌ له‌ ئیدانه‌كردنی ئه‌و كوشت و بڕٍ و پاكتاوه‌ی به‌ كوردانی سوریای ده‌كات، هیچ هه‌ڵوێستێكی توندی به‌رامبه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ نه‌نواندووه‌.

MILLET

 

24 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
21/10/2019