هەواڵ ‌
سه‌رچاوه‌كان: هێزه‌كانی‌ توركیا به‌ره‌و منبج به‌ڕێكه‌وتن
سه‌رچاوه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ سوریا رایانگه‌یاند كه‌ چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی‌ سوپای‌ توركیا به‌ره‌و شاری‌ منبج له‌ ریفی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ حه‌ڵه‌ب به‌ڕێكه‌وتن. سه‌رچاوه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ سوریا به‌ ئاژانسی‌ "سپوتنیك"ی‌ روسیان وت: " شه‌وی‌ رابردوو یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ توركیا به‌ره‌و شاری‌ منبج ده‌ستیان به‌ جوڵه‌ كردووه‌". 
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ هێزه‌كان پێكهاتوون له‌ كاروانێكی‌ تانك و ئۆتۆمبێلی‌ سه‌ربازی‌ توركیا و به‌ره‌و ده‌روازه‌ی‌ شاری‌ جه‌رابلوس له‌ باكووری‌ سوریا رۆشتوون كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ توركیا و چه‌كداره‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ سوپای‌ سوریای‌ ئازاددایه‌. ئه‌م جموجوڵه‌ی‌ سوپای‌ توركیا دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان رایانگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی‌ توركیا بۆردوومانی‌ بنكه‌یه‌كی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكراتیان له‌ پارێزگای‌ حه‌سه‌كه‌ كردووه‌. كاتێكی‌ پێشتر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجدامدانی‌ هێرشێكی‌ سه‌ربازی‌ بۆسه‌ر ناوچه‌كانی‌ باكووری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سوریا بۆ پاككردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ له‌ یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل كه‌ پێیوایه‌ "رێكخراوی‌ تیرۆریستین" و سه‌ر به‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستانن. ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ی‌ باكووری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سوریا له‌ نزیك سنووری‌ توركیا. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌ڵێنی‌ دا ئابووری‌ توركیا وێران بكات گه‌ر له‌ سوریا سنوور ببه‌زێنێت.

MILLET

15 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
08/10/2019