هەواڵ ‌
11ی سێپتەمبەری 2001؛ ئەو رۆژەی جیهانی گۆڕی
رۆژی سێشەممە، 11ی سێپتەمبەری 2001 ئەمریکا رۆژێکی رەشی بەڕێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە رێگەی چوار فڕۆکەی ئەمریکییەوە هێرشکرایە سەر شوێنە هەستیارەکانی ئەو وڵاتە و بەهۆیانەوە نزیکەی سێ هەزار کەس لە پیر و منداڵ و ژن و گەنج گیانیان لەدەستدا.
18 ساڵ لەمەوبەر و لە 11ی سێپتەمبەری 2001دا لە رێگەی چوار فڕۆكەوە چوار ناوچەی هەستیاری ئەمریكا بەئامانجگیرا،  کە لەلایەن 19 کەسی سەر بە گروپی قاعیدەوە ئەنجامدران.کاتژمێر 8:46 خولەکی بەیانی بەکاتی نیویۆرک لە رۆژی 11ی سێپتەمبەری 2001 یەکەم هێرشکرایە سەر ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکەیەکی ئەمریکا ئێرلاین، کە بە 92 سەرنشینەوە بە نیەتی گەشتکردن بۆ لۆس ئەنجلس بە ئاسمانەوە بو، بەڵام رفێنەرانی فڕۆکەکە ئاڕاستەی گەشتەکەیان گۆڕی و فڕۆکەکەیان کێشا بە تاوەری ژمارە 1ی سەنتەری بازرگانی لە نیویۆرک.فڕۆکەی دوەمیش بە 56 سەرنشینەوە لە فڕۆکەخانەی بۆسنە فڕی، کە هەر لە هەمان جۆری فڕۆکەی یەکەم بو، خۆی کێشا بە تاوەری دوەمی سەنتەر بازرگانی نیویۆرکدا، فڕۆکەی سێیەمیش کاتژمێر 9:33 خولەک بە کاتی نیویۆرک لە فڕۆکەخانەی داڵاس فڕی، کە ئەویش بەرەو لۆس ئەنجلس گەشتی دەکرد، بەڵام چارەنوسی وەک دو فڕۆکەکەی دیکە رفاندن بو، بەڵام ئەمجارە بۆ یەکێک لە هەستیارترین باڵەخانەی ئەو وڵاتە بو، کە پێنتاگۆن بو. 
فڕۆکەی چوارەمیش کە فڕۆكەیەكی گەشتیاری بو لە فڕۆکەخانەی وارک هەڵفڕی بەرە و سان فرانسیسکۆ، بەڵام لە نزیک بێتس بێرگ لە ویلایەتی پەنسلڤانیا کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەنشینەكان و چەكدارەكانیش گیانیانلەدەستدا كە ژمارەیان 44 كەس بو.لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری 2001دا، دو هەزار و 996 كەس كوژران، ئەو 19 چەكدارەش كە چوار دەستیان بەسەر چوار فڕۆكەكەدا گرتبو لەو ژمارەیەدا هەژماركراون، خەڵكی 78 وڵاتی جیاواز، لە یەك رۆژدا و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا لە سێ ویلایەتی نیویۆرك و واشنتن و پەنسلڤانیا گیانیان لەدەستدا.لە تاوەرەكانی ناوەندی بازرگانی جیهان لە نیویۆرك، دو هەزار و 763 كەس گیانیانلەدەستدا، كە 343 كارمەندی ئاگركوژێنەوە و فریاگوزاری سەرەتایی لەگەڵ 23 ئەفسەری پۆلیسی نیویۆرك و 37 ئەفسەری دەسەڵاتدار سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە و چۆڵكردنی تاوەرەكان بون، كاتێك ژمارەیەكی زۆر كارمەند لە ئۆفیسەكانیاندا گیریان خواردبو.هاوکات لە هێرشەكەی پێنتاگۆن-یشدا 189 كەس كوژران كە 64 كەسیان سەرنشینی ناو فڕۆكەكە بون.دوای ئەو هێرشانە گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی ئەمریکادا رویدا و کۆشکی سپی و پێنتاگۆن شەڕی دژی تیرۆریان راگەیاند، هەر لەو ساڵەدا هێزەکانی سوپای ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئەفغانستان، لە ساڵی 2003 شدا پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ژێر دەستی سەددام حسێن و حزبی بەعس دەستیپێکرد.
دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر بەسەر ھێرشەکاندا، ھاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، ھێرشکردنە سەر ھەر یەکێک لە وڵاتەکانی ئەندامی ناتۆ وەک ئەوەیە ھێرش کرابێتە سەر ھەر 19  وڵاتەکە، بەوەش ویلاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پاڵپشتییەکی گەورەی بە دەستھێنا و دو پارتە سەرکیییەکەی ئەمریکاش لە کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران لەوکاتەدا ناکۆکییەکانی خۆیان لە بیر کرد.


XENDAN

6 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/09/2019