هەواڵ ‌
دۆناڵد تره‌مپ گفتوگۆکانی لەگەڵ تاڵیبان هەڵوەشاندەوە
سه‌رۆكی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئه‌مریكا گفتوگۆکانی ئاشتی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان هەڵوەشاندەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو رێکخراوە بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی کابوڵی پایتەختی گرتەئەستۆ، کە تیایدا سێ کەش کوژران کە یەکێکیان سەربازێکی ئەمریکی بوو.
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئه‌مریكا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، "واده‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌كی نهێنم هه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كامپ دێڤیدی ویلایه‌تی ماریلاند، هه‌روه‌ها واده‌ی كۆبونه‌وه‌م هه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌فغانستان".بەڵام دوای كوژرانی سه‌ربازێكی ئه‌مریكی له‌ ئه‌فغانستان و برینداربونی 11 كه‌سی دیكه‌ بەهۆی تەقینەوەیەکەوە کە  تاڵیبان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرت، دۆناڵد تره‌مپ بڕیاریداوە گفتوگۆکانی پڕۆسەی ئاشتی هەڵبوەشێنێتەوە.تره‌مپ دەشڵێت، "هه‌ر دوای ئه‌وه‌ی تاڵیبان به‌رپرسیارێتی روداوه‌كه‌ی كابوڵی گرته‌ ئه‌ستۆ، گفتوگۆكانم هەڵوەشاندەوە".پێنجشەممەی رابردو 5ی ئەیلول، تەقینەوەیەک لەناوچەی شاش داراکی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کەناوچەیەکی ئەمنی توندوتۆڵە لەنزیک ناوچەی سەوز رویداوە، کە شونێنی چەندین دامودەزگای گرنگی وەک بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتیمانی و دەزگای هەواڵگری ئەفغانستانە، بەهۆیەوە لانیکەم سێ کەس گیانیانلەدەستداوە کە یەکێکیان سەربازێکی ئەمریکی بو هەروەها 30 کەسی دیکەش برینداربون. دوای تەقینەوەکە بزوتنەوەی تاڵیبان کە لە دانوستان و گفتوگۆدابو لەگەڵ ئەمریکا بەرپرسیارێتی خۆی لەتەقینەوەکەی رۆژهەڵاتی کابوڵ راگەیاند.
لە ماوەی دو مانگی رابردودا بەرپرسانی ئەمریکا و بزوتنەوەی تاڵیبان نزیکبونەوەیان لە رێککەوتن و کۆتایهێنان بەگرفتی 18 ساڵەی نێوانیان هێناو بەپێی رێککەوتنەکە بزوتنەوەی تاڵیبان دەستبەرداری تەقینەوە و کردەوە تیرۆرستییەکانی دەبێت و ئەمریکاش لەناوچەکە دەکشێتەوە.

XENDAN

6 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
08/09/2019