هەواڵ ‌
ڕوانگەی سوری: بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا 60 کەس کوژران

 

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و گروپە چەکدارییە جیهادییەکانی باکووری ڕۆژئاوای سوریا بەلایەنی کەمەوە 60 کەس کوژراون.
لە کۆتایی مانگی چوارەوەپارێزگای ئیدلب و ناوچەکانی دەوروبەری ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشە ئاسمانییەکانی حکومەتی سوریا و فڕۆکە ڕوسییەکان بوونەتەوە ، ئەمەش هاوکات لەگەڵ ئەو شەڕ و پێکدادانە توندانەی کە لەمدواییانەدا لە ناوچەکەدا دەکرێت. گروپی هەیئەی تەحریر شام کە پێشتر بە بەرەی نوسڕە ناسرابوو بەشێکی زۆری ئیدلب و دەوروبەری لەژێر دەستدایە و لەو ناوچانەدا گروپە ئیسلامییەکان و ئۆپۆزسیۆنیشیان تێدایە کە دەسەڵاتیان کەمترە.بەیانی ڕۆژی سێشەممە شەڕ و پێکدادانێکی توند لە شارۆچکەیەکی لە ئیدلبی باشوور دەستی پێکرد، بەپێی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ 20 چەکداری گروپەکان کوژراون و زۆربەیان چەکدارانی تەحریر شام بوون، هەروەها 23 کەسیش لە هێزەکانی حکومەتی سوریا کوژراون.لە لازقییەی تەنیشت ئیدلب شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان دوو لایەنەکە لە ناوچەی شاخی کوردان 10 چەکداری گروپە جیهادییەکان کوژران و شەش کەسیش لە هێزەکانی حکومەتی سوریا کوژراون.ڕوانگەی سوری وتی ئەم شەڕ و پێکدادانانە هاوکاتن لەگەڵ بۆرودمانکردنی ناوچە دوورە دەستەکانی ئیدلبی باشوور و لازقییەی باکوور و حەمای باکوور.
هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا ڕۆژی سێشەممە بوونە هۆی کوژرانی شەش هاوڵاتی مەدەنی لەنێویاندا سێ کەس لە خان شیخۆن و سێ کەسی دیکەیان لە گوندی ساڵحییەی باشووری ئیدلب.هێزەکانی حکومەتی سوریا ڕۆژی یەکشەممە پێشڕەوییان کرد لە شارۆچکەیەک لە ئیدلبی باشوور لەکاتێکدا توانیان کۆنتڕۆڵی شارۆچکەی هەبیت و دەوروبەری بکەن. هەوڵدەدەن بەرەو ناوچەی خان شیخۆن پێشڕەویی بکەن کە گەورەترین شارۆچکەیە لە ئیدلبی باشوور.


VOA

5 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
14/08/2019