هەواڵ ‌
تەیب جەبار کاندیدی هاوبەشی یەکێتی و پارتییە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رایانگەیاند ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌بار دەستنیشان كرا بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك.
ئەمڕۆ قادر حەمەجان ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دوای كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەردوو حزب، لە میانی كرنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لە سلێمانی رایانگەیاند ئەندازیار تەیب جەبار وەك كاندیدی لیستی برایەتی بۆ پۆستی پارێزگار دەستنیشان كراوە.دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك لەسەر بنەمای رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا هات كە پێشتر یەكێتیی و پارتی ئیمزایان كردبوو. هاوکات ڕاشیانگەیاند ڕێکارەکانی دانانی پارێزگاری کەرکوک لە هەفتەیەک تێپەڕناکات.

ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین کاندیدی لیستی برایەتی بۆ پارێزگاری کەرکوک 

ساڵی ١٩٥٤ لە کەرکوک لە دایک بووە
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە کەرکوک تەواوکردووە
١٩٧٦ کۆلیژی ئەندازیاری بەشی بیناسازی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە
ساڵی ١٩٧٨ تا ١٩٩٢ فەرمانبەر بووە وەک ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی 

لە ١/٨/١٩٩٢ تا ١/٨/١٩٩٧ بریکاری وەزارەتی ئەشغال و نیشتەجێکردن بووە لە کابینەی یەکەم و دووھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان 
کۆتای ساڵی ١٩٩٧ خۆی خانەنشین کردووە

لە ساڵی ١٩٩٨ لە کەرتی تایبەت کاریکردووە لەبواری ئەندازیاری
لە ساڵی ١٩٧٠ دەستی بە نووسین کردووە 
خاوەنی چەندین کتێبی شیعری و کتێبی رەخنەییە
چەندین نوسین و کتێبی ھەیە لە بواری ئەندازەی شارو شوێن و ئاوەدانی 

یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢
لە ساڵی ١٩٩٢ تا ٢٠٠١ جێگری سەرۆکی یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستان بووە
ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٣ سەرۆکی یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستان بووە

ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کوردە
ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی عێراقە
ئەندامی کۆمەڵەی روناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوکە


MILLET

45 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/07/2019