هەواڵ ‌
پـۆڵا تاڵەبانى: پێگەى حزبە کوردیەکان لە نێو کوردانى دانیشتووى بەغدا لاوازە

 

بەرپرسى مەڵبەندى بەغداى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دەڵێت، بەپێى بەدواداچوونە نافەرمیەکان، نزیکەى یەک ملیۆن کورد لەبەغدا دەژین، بەڵام پێگەى حیزبە کوردیەکان لە نێویاندا لاوازە.لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، پۆڵا سیروان تاڵەبانى، لاوازى پێگەى حیزبە کوردیەکان لە نێو کوردانى دانیشتووى بەغدا بۆ چەندین هۆکار دەگێڕێتەوە، دەڵێت"کارکردنى بەعس لەسەر کوردانى بەغدا و فشار خستنە سەریان، ڕاگواستن و ئازاردانیان، هۆکارێک بووە بۆ ئەوەى جۆرێک لە دابڕان لەنێوان ئەوان و هێزە کوردیەکاندا دروست ببێت."
بەرپرسى مەڵبەندى بەغداى یەکێتى، نکۆڵى لەوەش نەکرد پشتگوێ خستنى کوردانى بەغدا لەلایەن حیزبە کوردیەکان و خزمەت نەکردنیان، هەروەها لاوازى پێگەى کورد لەبەغدا، هۆکار بوون بۆ دوورکەوتنەوەى کوردانى دانیشتووى بەغدا لە حیزبە کوردیەکان.لەبەشێکى ترى گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، پۆڵا سیروان تاڵەبانى ئاماژەى بە پێگەى کورد لەبەغدا کرد، وتى"ریفراندۆم و بارگرژیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، کاریگەرى لەسەر پێگەى کورد لەبەغدا بە ئاراستەى لاواز بوون هەبووە."


VOA

6 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/07/2019