هەواڵ ‌
وەزارەتی دەرەوەی چین: لە روبەڕوبونەوەی جەنگی ئابوری ناترسین
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، ئەگەر سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا نیازی ئەوەی هەبێت دانوستانە بازرگانییەكان ئاڵۆزتر بكات، بە توندی وەڵامی دەدەنەوە.
گێنگ شوانگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، "ئەگەر دۆناڵد ترەمپ گرژیە بازرگانییەكان زیاتربكات و دانوستانە بازرگانییەكان ئاڵۆزتر بكات، لە لایەن پەكینەوە بە توندی وەڵام دەدرێتەوە".ئاماژەی بەوەشكرد، "چین خواستی لەسەر ئەنجامدانی جەنگی بازرگانی نیە، بەڵام ئەگەر ئەو جەنگە لە دژمان بەرپابكرێت ئێمە لە روبەڕوبونەوە ناترسین".وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دواتریش وتی، "بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستان، چین دەرگاكانی كراوەیە".ئەو راگەیەندراوەی وەزاەتی دەرەوەی چین دوای لێدوانەكەی دوێنێی وەزیری خەزێنەى ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دێت كە رایگەیاندبو، "ئەگەر دانوستانەكان ئەنجامی نەبێت، ئەمریكا بەردەوامدەبێت لە سەپاندنی سزاكانی بەسەر كۆمپانیاكانی چین-دا و باجی گومرگی زیاتر دەخاتە سەر پەیوەندیە بازرگانییەكان".مانگی رابردو ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، كۆمپانیای هواوی چینی و 70 كۆمپانیای دیكەی ئەو وڵاتەی خستوەتە لیستی رەشی بازرگانی وڵاتەكەیەوە و بەو پێیە هیچ كام لە كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی ناتوانن هەماهەنگی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەدا بكەن.


XENDAN

29 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/06/2019