هەواڵ ‌
ساڵی ئایندە نیوزلەندا هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە

 

سەرۆک وەزیری نیوزلەندا جاسیندا ئاردێرن وتی تاوەکو مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو هێزەکانی نیوزلەندا لە عێراق دەکشێنێتەوە، تاوەکو کۆتای بە ئەرکی مەشق پێکردنی ‌هێزە عێراقییەکان بهێنێت.
لە ساڵی 2015 دا نیوزلەندا 95 سەربازی ڕەوانەی عێراق کرد لەچوارچێوەی نێردەیەکی مەشقی هاوبەشدا لەگەڵ ئوستڕاڵیا بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا.ئاردێرن لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارە وتی " لە ماوەی دوانزە مانگی داهاتوودا هێزەکان کەمدەکەینەوە و کۆتای بە ئەرکەکەمان دەهێنین."هێزەکانی نیوزلەندا لە بنکەی سەربازی تاجی لە باکووری بەغداد مەشق بە هێزە عێراقیەکان دەکەن لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی چەکە سەرەکییەکان و هەروەها پێدانی پشتیوانی تەندروستی و لۆجیستیکی بە هێزەکانی ئاسایشی عێراق.حکومەتی نیوزلەندا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا ژمارەی ئەو سەربازە عێراقییانەی کە لە ساڵی 2015 ەوە تا ئێستا لەو بنکەیەدا مەشقیان پێکراوە 44 هەزاری تێپەڕاندووە.وابڕیاربوو هێزەکانی نیوزلەندا لە عێراق تاوەکو کۆتای مانگی پێنجی ساڵی 2017 لە عێراق بن بەڵام حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی نیوزلەندا بڕیاریاندا ماوەکە درێژبکەنەوە. ساڵی ڕابردوو ئاردێرن بڕیاریدا تاوەکو مانگی حەوت هێزەکانیان لە عێراق بمێننەوە.ئاردرێرن ئاماژەشی بەوەدا نیوزلەندا ژمارەی سەربازەکانی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستان کەم دەکاتەوە لە 13 سەربازەوە بۆ 11 سەرباز، بەڵام ئەو هێزە تاوەکو مانگی یەکی ساڵی 2020 لە ئەفغانستان دەمێننەوە بەمەبەستی مەشق پێکردنی ئەفسەرەکانی سوپای ئەفغانی.

VOA

22 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/06/2019