هەواڵ ‌
لەمەولا ئەمریکا هاوکاری سعودیە و هاوپەیمانەکانی لە جەنگی یەمەندا ناکات

 

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان تیایدا باڵا دەستن جارێکی دیکە پڕۆژە بڕیاری کۆتایی هێنان بە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە لە جەنگی یەمەن پەسەند کرد.لە دەنگدانێکدا لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا سەبارەت بە پڕۆژە بڕیارەکە، 54 دەنگ پڕۆژە بڕیارەکەیان پەسەند کرد لەبەرامبەر 46 دەنگدا، هەروەها پشتیوانی حەوت کۆمارییشی بەدەست هێنا، ئێستا دەبێت ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاش پەسەندی بکات.
بەڵام بەپێی کۆشکی سپی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ مافی ڤیتۆ دژی پڕۆژە بڕیارەکە بەکاردەهێنێت و کۆشکی سپی وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ بەتوندی دژی ئەو بڕیارەن.بەپێی پڕۆژە بڕیارەکە کۆنگرێس داوا لە سەرۆک دەکات هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لە ئەرکە جەنگییەکانی یەمەن بکشێنێتەوە، بێجگە لەو ئەرکانەی کە دەکرێت دژی ڕێکخراوی قاعیدە.
ئەمەش لە ماوەی 30 ڕۆژدا دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە.ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە دیموکراتەکان تیایدا باڵا دەستن دەبێت بەشێوەیەکی کۆتایی پڕۆژە بڕیارەکە پەسەند بکەن.سیناتۆر بێرنی ساندەرز پێشوازیی لە دەنگدانە مێژووییەکە کرد و پێش دەنگدانەکە وتی " بەشداربوونی ئەمەریکا لە جەنگێکدا کە سعودیە لە یەمەن دەیکات بەبێ مۆڵەتی کۆنگرێس بووە. هەروەها خراپترین قەیرانیی مرۆیی لە جیهاندا لێکەوتۆتەوە."لەلای خۆشییەوە سیناتۆری کۆمارییەکان مایک لی کە لەگەڵ ساندەرزدا پڕۆژە بڕیارەکەیان پێشکەش کرد، داوای لە ئەنجومەنی سینات کرد لە بەرژەوەندیی پڕۆژە بڕیارەکە دەنگ بدەن و وتی " لەوانەیە سعودیە چەکی ئەمەریکی بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ."

VOA

31 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
14/03/2019