هەواڵ ‌
سەرۆک کۆماری عێراق: ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌مان لەگەڵ ئێران سودیان بۆ گه‌لی هه‌ردوو وڵات و هه‌موو ناوچه‌كه‌ش هه‌یه‌

ئەمڕۆ ١١ ی ئاداری ٢٠١٩ سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕوحانی سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق به‌رهه‌م ساڵح کۆبووەوە. دواتر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری میدیاکارانی دایەوە. سەرۆک کۆماری عێراق گوتی "به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ پێشوازی له‌ سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران حه‌سه‌ن روحانی ده‌كه‌م له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا، ئه‌م سه‌ردانه‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتمانه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی جێگیری مێژویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوری و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌منی و سیاسی ئابووری هاوبه‌شن، ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ سودیان بۆ گه‌لی هه‌ردوو وڵات و هه‌موو ناوچه‌كه‌ش هه‌یه‌.

بەرهەم ساڵح ڕاشیگەیاند "له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆكدا باسمان له‌ گرنگی پته‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان و چالاككردنی بازرگانی نێوان هه‌ردوو وڵات و دروستكردنی ژێرخانێكی ئابووری یه‌كگرتووه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات که‌ په‌لبكێشێت بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی دروستکردنی هێڵی ئاسن و ناوچه‌ی پیشه‌سازی هاوبه‌ش و هاوكاریكردن له‌ بواره‌كانی وزه‌ و بازرگانی و هه‌ڵگرتنی كۆسپه‌كانی به‌رده‌م هاتووچۆكردنی گه‌شتیارانی هه‌ردوو لا. پێویسته‌ له‌ گفتوگۆكانی تایبه‌ت به‌ چه‌ند خاڵێكی بچوكی بگه‌ینه‌ كۆتایی و بگه‌ینه‌ پانتاییه‌كی فراوانتر له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ئه‌وه‌ش كارێكی پێویسته‌ بۆ هه‌ردوو گه‌ل و هه‌موو ناوچه‌كه‌ش."

پاشان ڕوحانی گوتی "سوپای كۆماری عێراق ده‌كه‌م به‌ گه‌ل و حكومه‌ته‌وه‌ بۆ پێشوازی گه‌رمیان له‌ شاندی ئێرانی كه‌ بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ ده‌مێنینه‌وه‌، ئێمه‌ وا هه‌ست ده‌كه‌ین له‌ نیشتمانی دووه‌می خۆمانین ، ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ كه‌ هه‌ردوو وڵات و هه‌ردوو گه‌ل پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ شتێكی نوێ نین و مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا، ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ په‌یوه‌ندی ئاینی و كلتوری و مێژوویی و هه‌رێمین و په‌یوه‌ندییه‌ك نین كه‌ ده‌ستبه‌رداریان بین و پێویسته‌ هه‌موو توانایه‌كمان بخه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ به‌هێزكردن و به‌ره‌وپێشبردنیان ."

ڕوحانی ڕاشیگەیاند "ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی كه‌ له‌ نێوان من و جه‌نابی سه‌رۆكدا به‌ڕێوه‌چوون گفتوگۆیه‌كی باش بوون و هیچ خاڵێكی ناكۆك له‌ نێوانماندا نه‌بوو ، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه‌ ئێران و عێراق به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو گه‌لی ئێرانی و عێراقیدان، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانن و هیچ گومانی تێدا نییه‌ كه‌ هه‌موو توانایه‌كمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ پته‌وكردنیان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان ، ده‌رفه‌تی گه‌وره‌ی هاوكاریكردن له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌دروو وڵاتدا وه‌ك بواری هاوكاری بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و دروستكردنی شاری پیشه‌سازی و بازاڕی سنوری و په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی گه‌شتوگوزاری له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات و وزه‌ و گاز و كاره‌با و نه‌وت و بانك و خزمه‌تگوزاری ته‌كنیكی و ئه‌ندازیاری، هه‌روه‌ها هاوكاریكردنی یه‌كتری له‌ بواره‌كانی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن و ڕێڕه‌وی ئاویی وه‌ك ڕوباری ئه‌ڵوه‌ند و چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ ژینگه‌ و چه‌ندین پرسی سیاسی و هه‌رێمی و نێوه‌ده‌وڵه‌تی."



10 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/03/2019