وتار ‌
لە ئیدلب چی دەگوزەرێت؟
*سێدات ئێنگین – ستوننوس لە ڕۆژنامەی حورییەتی توركی

لە مانگی ئەیلولی ڕابوردودا ئەو ڕێكەوتنەی لەنێوان سەرۆك كۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان  سەرۆكی ڕوسیا ڤلادیمیر پوتین لە سۆچی واژویان كرد، جگەلەوەی هەندێك ڕوداو ڕویاندا بەگشتی ئارامی باڵی بەسەر ئیدلب- دا كێشا. بەڵام لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا دەنگی پێكدادات دەبیسترێت. 
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەسۆشیەتیت پرێس بە پشتبەستن بە ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەنێوان دەستەی ڕزگاركردنی شام و بزوتنەوەی نوردەین زەنگی كە گروپێكی چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریایە لە 1 ی كانونی دووەمەوە پێكدادان دروستبووە و ژمارەی ئەوانەی كوژراون گەیشتووەتە 31 كەس.
بەگوێرەی ئەم هەواڵە چەكدارانی دەستەی ڕزگاركردنی شام ناحیەی دارعەزە- یان بە تەواوی كۆنتڕۆڵكردووە و 4 گوندی دیكەشیان دستبەسەرداگرتووە. 
پێگەیەكی ئەلكترۆنی بە ناوی "نەخشەی جەنگی سوریا" سات بە سات هەواڵی پێكدادانەكان بڵاودەكاتەوە و دوێنێ لە هەواڵێكیدا ڕایگەیاندووە لە خۆرئاوای حەلەب و لە ناوچەی نیشتەجێبوونی ئوروم كوبرا، دەستەی ڕزگاركردنی شام 8 كەسی سەربە دەستەی ڕزگاری نیشتیمانیان گوللە باران كردووە. ڕوون نییە ئەو 8 كەسە لەگەڵ 31 كوژراوەكانی دیكەیە یان جودایە.
ئەگەر ئەم هەواڵانە بە تەنیشت یەكەوە دابنێی ئەوە دەردەكەوێت لە ئیدلب دەستەی ڕزگاركردنی شام لە پێكداداندایە لەگەڵ ئەو گروپە چەكدارانەی لەناوچەكەدا توركیا پشتیوانیان دەكات و قەڵەمڕەوی چەند شوێنێكیان بەدەستەوەیە. لە چوارچێوەی ئەو ڕێكەوتنەی لە سۆچی واژوكرا بۆ "ناوچەی داماڵڕوا لە چەك" بۆ ڕێگریكردن لە پێكدادانی نێوان ڕژێمی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن، ڕێگەی گرت لەوەی سوپای سوریا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بكات و لە ڕوانگەی بەرگرتن بە كارەسات ئەنجامێكی كاریگەری لێكەوتەوە.
ناكرێت بگوترێت لە ناوچەی ئیدلب كێشەی نێوان هێزە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەربە سوریای ئازاد و دەستەی ڕزگاركردنی شام چارەسەركرا.  
لە ڕاستیدا ئەگەر ڕژێمی ئەسەد ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ ئیدلب ئەنجامیش نەدابێت، پێویست دەكات ئەوە بیربهێنینەوە ماوەیەكە بەردەوام هێڵی سنوری باشور و خۆرئاوای پارێزگاكە تۆپباران دەكات. بەڵام ئەم بۆردومانە هی ئەوە نییە گۆڕانكاری لە گۆڕەپانەكەدا بەدیبهێنێت و زیاتر وەك ئەوە دەبینرێت فشار بخاتە سەر ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی لەڕوی سەربازییەوە هێزی خۆی نیشان بدات.  
دارەلعەزە كە پێكدادانی توند بەخۆوە دەبینێت هەر زۆر نزیكە لە ناوچەی عەفرینی ژێر دەسەڵاتی هێزە چەكدارەكانی تورك، دەكەوێتە سەر ئەو ڕێگایەی عەفرین كە بۆ حەلەب درێژدەبێتەوە و پێگەیەكی ستراتیجی هەیە. لەو شارۆچكەیە هێزە چەكدارەكانی تورك چوار خاڵی چاودێریان لەو ناوچەیەدا هەیە.
لەم نێوانەدا ناوچەی نیشتەجێبوونی ئوروم كوبرا دوای ئەوەی لە ئیدلیبەوە دەرچێت و بە حەلەبدا دەڕوات، دواتر بەرەو حەما و باشور دەڕوات و بەرەو دیمەشق درێژەی دەبێت لەسەر ڕێگای سەرەكی M5 و كەوتۆتە 6-7 كیلۆمەتری خۆرئاواوە.   
لەكاتێكدا باس لە پەرەسەندنەكانی ئیدلب دەكەین، پێویستە چاو بە ماددەی هەشتی تایبەت بە كردنەوەی ڕێگا سەرەكیەكان لە ڕێكەوتننامەی سۆچی بخشێنینەوە. لە ماددە هەشتی ڕێكەوتننامەكەدا بە دەربڕینێكی ڕوون نوسراوە "هەتاوەكو كۆتایی ساڵ دەبێت ئاسایشی ڕێگای سەرەكی M4-M5 دەستەبەر بكرێت و بەڕوی هاتوچۆدا بكرێتەوە. 
لایەنێكی گرنگی ڕێگای M5 ئەوەیە لە ئیدلبەوە دەگات بە چوارڕیانی ناوچەی نیشتەجێبوونی سەراقیب و ڕوەو خۆرئاوا بە ڕێگای سەرەكی M4 دەگات. ئەو ڕێگایەی لە M5 ەوە درێژدەبێتەوە دەگاتە M4 و لەوێوە بۆ ڕێگا سەرەكیەكە لە كەناری دەریای ناوەڕاستەوە هەتا لازقیە دەڕوات.
شارەكانی حەلەب، لازقیە و حەما هەموویان لە ئێستادا لەژێر كۆنتڕۆڵی ڕژێمی ئەسەد دایە. بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ڕێگای زەمینی حەلەبەوە كە دەگات بە لازقیە و لەوێشەوە لە حەماو و حیمس- ەوە بە دیمەشق ببەسترێتەوە، بە كردنەوەی ڕێگای سەرەكی M4-M5 ئەوە بەدیدێت. جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە بەرلە هەموو شتێك ڕژێم خۆشحاڵ دەكات، بەڵام لە هەمانكاتدا ڕێگە خۆش كردن بۆ ئەوەی چالاكی ئابوری لە ئیدلب دەستپێبكاتەوە، دەكرێت لێرەوە ئاساییكردنەوی ڕەوشەكە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.  
ئێستا بابێینە سەر ئەوەی لەبەرامبەر كردنەوەی ئەو ڕێگایە لەو ڕێكەوتنەی پێیگەیشتون، هێشتا كردنەوەی ئەو ڕێگایە نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئاستەگی سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ڕێگا سەرەكیەكانی M4-M5 بەشێكی زۆریان لەو ناوچانەدایە كە لەژێر قەلەمڕەوی دەستەی ڕزگاركردنی شام- ە. دوای دیداری شەممەی ڕابوردوو لە مۆسكۆ لەسەر ئاستی باڵا، وەزیری دەرەوە مەولود چاوشئۆغڵو گوتی "لێكتێگەیشتنی ئیدلب ئارامی دەستەبەركرد و لە ڕوانگەی پرۆسەی سیاسیەوە ڕێكەوتنێكی زۆر گرنگە. سەبارەت بە جێبەجێكردن و ڕەواندنەوەی بەربەستەكانی ڕێَكەوتووین. وەزیری دەرەوە لە ڕێگەی ئەم لێدوانەیەوە دانی بە بوونی چەند "بەربەستێك" لە بواری جێبەجێكردندا كردۆتەوە. 
كاتێك سەیری ڕەوشی ئیدلب دەكەی با باس لە خاڵێكی دیكەی گرنگ بكەین. دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی لە سوریا دا، لە كاتێكدا توركیا تەركیزی خستەسەر مەنبج و خۆرهەڵاتی فورات، مایەی سەرنجە كە دەستەی ڕزگاركردنی شام ئۆپۆزسیۆنی لە ئیدلب كردە ئامانج و دەستی بە هەڵمەت كرد. 

263 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
03/01/2019