بەهرۆز گەڵاڵی بۆ كوردستانی نوێ : پڕۆژەکەی ھەدەپە داوای کاراکردنی پەرلەمان دەکاتەوە

پڕۆژەکەی ھەدەپە داوای کاراکردنی پەرلەمان دەکاتەوە
بەھرۆز گەڵاڵی نوێنەری ی.ن.ک لە تورکیا رایگەیاند: ھاتنی وەفدی ھەدەپە بۆ باشووری کوردستان بۆ خستنەڕووی دەستپێشخەرییەکە بۆ ئاشتەواییو یەکخستنی وتاری سەرجەم پارتەکانی باکوورو باشوورو رۆژئاڤای کوردستان.
گەڵاڵی لە دیدارێکدا لەگەڵ کوردستانی نوێ، ئامانجی سەردانی چەند رۆژی رابردووی وەفدی ھەدەپەی بۆ ھەرێمی کوردستان روونکردەوەو رایگەیاند: وفدەکەی ھەدەپە لەگەڵ ھەموو حزبەکانی باشوور دانیشتنو پرۆژەیەکی ١١ خاڵییان ھێناوە، کە پڕۆژەیەکی ئاشتەواییە بۆ نیو ماڵی کوردو تایبەتە بە رێکخستنو یەک وتاری سیاسی.
دیداری: تارق کەمال
* ئاگاداری ھاتنی ئەو وەفدەی کە چەند رۆژێکە لە کوردستاننو زۆربەی حزبەکانی باشووری کوردستانیان بینیوەو ئامانجی سەردانەکەیان چی بوو؟
- سەرەتا سوپاستان دەکەم، ھاتنی وەفدی ھەدەپە، پارتی دیموکراتی گەلان بە سەرۆکایەتی بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ئانو ساتێکی گرنگدا بوو، خۆتان دەزانن لە باکووری کوردستان شەڕو کێشە ھەیە لە رۆژئاوا بەھەمان شێوە لە باشووریش کێشە ھەیە لە نێوانی پەیەدەو حزبەکانی تر٠ ئامانجی ھاتنی ئەو وەفدە بۆ کوردستان بە ھێزکردنی پەیوەندی حزبو لایەنە سیاسییەکانە، ھەروەکو ئاشکرایە لە میانەی مانەوەیان لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەموو حزبەکان دانیشتنو سەرەتاش لە پارتییەوە دەستیانپێکردو پڕۆژەیەکی ١١ خاڵییان ھێناوە، کە پڕۆژەیەکی ئاشتەوایە بۆ نیو ماڵی کوردو تایبەتە بە رێکخستنو یەکخستنی یەک وتاری سیاسیو ئەو کێشانەی کە لە نێوانی ھەموو حزبە کوردییەکاندایە بە شێوەیەکی ئاسایی چارەسەر بکرێت، پێش ھەموو شتێک ئەگەر دیموکراسی گەشە نەکات لە کوردستانی عیراق ئامانجەکانی تر قورستر دەبێت، کە ھاتن بۆ لای جەنابی سەرۆک مام جەلالو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لەکۆبوونەوەکاندا جەختیان کردەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی بەھێزەو خوازیارن بەھێزتریشی بکەن، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش جەختی کردەوە کە یەکێـیی ھەمیشە پشتیوان بووە بۆ کوردانی باکور و رۆژئاڤا لە سیاسەتی کوردستانی بوونی خۆی بەردەوامە و ئامادەی چارەسەرکردنی ھەرکێشەیەکە کە ئەگەر ھەیبێت لەگەڵ ھەرلایەنێکی تردا، ھەروەھا مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی چەند پێشنیارێکییان ھەبوو بۆ وەفدی ھەدەپە، کە پەیوەندی پارتیو پەیەدەو پەکەکەو کە ئەو گیرو گرفتانەی لە رۆژئاڤا ھەیە چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی کێشەی گەورەتری لێنەبێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئاشکرایە لەم قۆناغەدا وڵاتانی ئەوروپاو زلھێزەکان پەیوەستن بە کێشەکانی سوریاوە کۆنترۆڵکردنەوەی رەقەوە.
* پڕۆژەکەیان داوە بەھەموو حزبەکان، ئەوان لای خۆیانەوە تا چەند خۆشحاڵ بوون بە ھاتنییان بۆ کوردستانی باشوور؟
- وەفدەکە دوو رۆژ لێرەبوونو گەڕانەوە بۆ باکوور، من قسەم لەگەڵ کردن زۆر خۆشحاڵبوون بە سەردانەکەیان پڕۆژەکەیان داوە بەھەموو حزبەکان بۆ ئەوەی ھەموویان بیخوێنەوەو ئەگەر رێکەوتن لەسەر ھەموو خاڵەکان نەکرا، ئەوا لانی کەم رێکەوتن لەسەر چەند خاڵێکی بکرێت، وەک رێکەوتن لەسەر کۆنگرەی نەتەوەییو ھەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر ھاوسێکانمان، بەتایبەتی ئەوانەی خەریکی پیلان گێڕین لە دژی کوردو ئەزموونەکەی لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا توانای زیاتر بخرێنەکار بۆ بەگەڕ خستنەوەی پەرلەمانو کێشەکانی نێوان پارتیو گۆڕانو ھەر لایەنێکیش ھەر چییەکیان ھەبوو ئیزافەی بکەن.
* ئەو ١١ خاڵە چی تیابوو بۆ کوردستانی باکوور، پەیەدەو ئەنەکەسە، حزبەکانی باشوورو؟
- ئەوان ئەوەیان دەویست حزبەکانی باشوور پشتیوانی زیاتری باکوور بکات، ئەوان کێشەی گەورەییان ھەیە لەگەڵ تورکیا، ئەوان دەیانەوێت حزبەکانی باشوور لە روانگەی نەتەوایەتییەوە رێکەوتن بکەنو پشتگیری حزبەکانی باکوور بکەن، چونکە دوژمەکانمان سودی زۆریان لەو جۆرە ناکۆکییە بینیوە، حزبەکانی باشوور بەرژەوەندی کوردایەتی بخەنە پێش بەرژەوەندی شەخسییەوە بەرامبەر حزبەکانی باشوور، ئەوان دەیانەوێت کێشەکانی حزبەکانی رۆژئاڤا چارەسەربێت، یەکێتیش جەختی لەوە کردەوە کە حزبە کوردستانییەکان زیاتر یەکگرتووبنو شەڕو ئاژاوە لە نێوانی کوردو کورد دروست نەبێت، ئەوەش لە کاتێکدا کە روونەو ئاشکرایە دووبارە داڕشتنەوەی جوگرافییای تازەی ناوچەکەو خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایەو دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، لە ئێستاشدا ئەوان ئێستا چاوەڕێی وەڵامی ئێمەنو، زۆر بەلایانەوە گرنگ بوو حزبەکانی باشوور تەبابنو ئەو کێشە ئابووریە نەمێنێو جەختیان لەوە کردەوە، ساڵەھای ساڵە دوژمنانی کورد کار لەسەر دوو بەرەکی کوردان دەکەن، لەمیانەی کۆبوونەوەکانیاندا پرسیارێکی گرنگییان کرد لە بارەی ئەوەی کە ئاخۆ بۆچی کورد چەندین ساڵە خەبات دەکاتو دەوڵەتی خۆی نییە؟، با ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە بۆچی نەگەیشتوینەتە ئەنجام، بۆ ناتوانیین کیانێکی سیاسی دروست بکەین، بۆ ناتوانین پەیوەندی لە نێوانی حزبو لایەنە سیاسییەکانی باشوور باکوور و رۆژئاواو رۆژھەڵات دروست بکەین؟ کە ئەو پەیوەندیانە لەسەر بنەمای کوردایەتی بێت.
* سەرەتا وەفدەکە چوون بۆ لای مەسعود بارزانی، ئایا ھیچ پەیامێکییان پێبوو بۆ یەکێتیو گۆڕان؟
- ئەوان ھەوڵدەدەن ئەگەر بۆیان بکرێت کێشەکان چارەسەر بکەنو پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوەو کۆتایی بەو کێشانە بێت.
* ئەی چی پەیامێکیان ھەبوو بۆ ئەو کوشتارو لەشکر کێشیانەی لە کوردستانی باکور روودەدەن؟
- ئەوان دەیانەوێت کێشەکان بە ئاشتی چارەسەر بکرێن، بگەڕێنەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، چونکە ئەوان لایەنگیری پرۆسەی ئاشتین، خوازیارن دووبارە لەلایەن حکومەتی تورکیاو پەککەوە ئاگربڕ بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن کێشەکان بەدیالۆگ چارەسەر بکرێن.