وتار ‌
سەرۆک ئەردۆغان و ئەجەوید
*مەحمود ئۆڤور - ستوننوس لە ڕۆژنامەی سەباحی تورکی

دیسانەوە تورکیا لەسەر لێوارى قۆناغێکى هەستیارە... بە بڕیارى کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا ئەو قۆناغە دەستیپێکرد و لەوەناچێت تێپەڕاندنى ئەم قۆناغە هەستیارە ئاسان بێت. بە دەیان پرس و پرسیارى پەیوەست بەیەک هەیە. 
لەسەروى هەموویانەوە ئایا لە ڕاستیدا ئەمریکا دەکشێتەوە؟ بە کشانەوەى پێگەى یەپەگە و هەسەدە کە پڕچەکى کردوو چى دەبێت. ڕوسیا-ئێران و ڕژێمى ئەسەد چى دەکەن؟ ڕوسیا لە دوا ڕونکردنەوەى دەڵێت ئەو شوێنانەى ئەمریکا لێى دەکشێتەوە دەبێت بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵى حکومەتى سوریا، تورکیا وەڵامەکەى چى دەبێت؟ کاتێک فەڕەنسا و یەکێتى ئەوروپا بۆ پرسەکە زیاد دەکەین، پەیوەندییەکى زۆر تێکەڵاو و بەیەکداچوو دێتە بەردەممان. 
وا بەدیدەکرێت ئەم دیمەن و پرسیارانە کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر پەیوەندییەکانى تورکیا-ئەمریکا و تورکیا-ڕوسیا دەبێت. زەمینەى ئەو تێکەڵى و بەیەکداچوونە هەم ئەوە نیشاندەدات بۆ تورکیا خاڵێکى چەند گرنگە و هەمیشە نیشانى دەدات کارەکە چەند سەختە. لەم ڕوانگەیەوە تەنها کارى سەرۆک ئەردۆغان و حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکێکى گەورەش دەکەوێتە سەر ئۆپۆزسیۆن. بەداخەوە ئۆپۆزسیۆن لەسەروى هەمویانەوە جەهەپە بایەخ بەم پرسە نادات.   
ئۆپۆزسیۆن شوێنى دیکەى ژان دەکات. پێشوتر ئۆپۆزسیۆن بە ناوى ئەوەى پشتیوانى داعش دەکات سەرقاڵى ئەوە بوو سکاڵا لە لاهاى دژى وڵاتەکەى تۆماربکات، دژایەتى قەڵغانى فورات و ئۆپەراسیۆنى عەفرینى دەکرد، سوپاى سوریاى ئازاد کە پشتیوانى هێزە چەکدارەکانى تورکى دەکرد بە "تیرۆرست" ى ڕاگەیاند، ئێستاش سەرقاڵى نەتانیاهو- ە کە شتى ناپەیوەندیدارى باسکردووە. 
بەڵام لانیکەم ئەگەر جەهەپە ئاوڕێک لە ڕابوردو بداتەوە، ڕێبەرى ئەفسانەیى بولەنت ئەجەوید بخوێنێتەوە، تێدەگات لەوەى بۆچى تورکیا کەوتۆتە ناو تۆپەڵە کێشەیەکى ئاڵۆزەوە و ئەو ڕۆڵە نەرێنیەى ئۆپۆزسیۆن ناخاتە سەرشانى.
ئەو ڕۆڵەى نەدەگرتە ئەستۆ چونکە خوالێخۆشبوو ئەجەوید لە ساڵى 2005 دا بەڕونى بۆ مەهمەت چەتینگول- ى باسکردووە کە تورکیا چى بەسەردێت، با باسى دوا بەشى ئەو باسکردنە بخەمەڕوو و ئەو بەشە گرنگەى بخەمە بەردەست:
تورکیا کلیلی ئۆراسیایە
"لە هەموو تورکیادا گشت نەتەوەکان نەریتێکى گشتگیر و کەڵەکەکراویان هەیە. پێگەى جیۆپۆلۆتیکیشمان زۆر گرنگە. بە تایبەت لەو نزیک کردنەوەیەى ئەوروپا و ئاسیادا، لەو کاتەوەى قۆناغى ئۆراسیا دروستبووە و دەستیپێکردووە، بە تەواوى بایەخى تورکیا زیادیکرد. تورکیا لە حاڵەتى کلیلى ئۆراسیادایە...
گرنگ ئەوەیە بەبێ ئەوەى زیادڕەوى لە پێوەرەکەى بکەین، ئەو توانایەى لە پێگەى سیاسیمانەوە سەرچاوەى گرتووە هەڵیسەنگێنین. لە هەمانکاتدا پێویستە ئەوەش بزانین: تورکیا لە ڕوى جوگرافییەوە هەستیارترین وڵاتى جیهانە، لەبەرئەوە تورکیا هەمیشە دوچارى کێشە دەبێت. هەمیشە ڕوبەڕوى کێشەکان دەبێتەوە. بەڵام هیچ کاتێک پێویست بە ترس ناکات. تورکیا دەتوانێت دەروەستى هەموو کێشەکان بێت. هەندێک لە وڵاتان هەوڵدەدەن تورکیا لە قۆناغى ئۆراسیاییبوون بێکاریگەر بکەن. بەڵام لەلایەکى دیکەوە پێویستیان بە تورکیا هەیە.
بۆچى باسى ئەمانە دەکەم؛ ئەگەر تورکیا بتوانێت ئەو هێزەى لە مێژووە بۆى هاتووە بەکاریبهێنێت، دەروەستى هەموو کێشەکان دێت. ئەو شیرازە عەلمانییە دیموکراتییەى لە سەردەمى ئەتاتورک لە تورکیا دامەزراوە، هەم لە جیهانى خۆرئاوا و هەم لە وڵاتانى دیکە شکۆیەکى زۆرى بە تورکیا بەخشیوە.  
ناتوانین بە وابەستەیى یەکێتى ئەوروپا و ناتۆ بمێنینەوە
"لە ڕوانگەى سیاسى و ئابورییەوە بە وابەستەیى یەکێتى ئەوروپا و ناتۆ نامێنینەوە. پێویستە بەرەو ڕوى هەموو جیهان بکرێینەوە. لەگەڵ ئەو وڵاتانەى لە ناوچەکەى خۆماندان، لەگەڵ ڕوسیا، وڵاتانى ئاسیاى ناوەند، خۆرهەڵاتى دوور لەلایەکەوە دەبێت لە هەموو بوارێکدا پەیوەندیى تایبەتیمان بەهێزبکەین، لەلایەکى دیکەوە دەبێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هیندستان بەهێزبکەین. تورکیا تاکە وڵاتە بتوانێت پەیوەندى لەگەڵ هەموو جیهان دروستبکات".

ئەگەر لەئێستادا سەیرى ئەو سیاسەتە فرە ڕەهەندییە بکەین کە سەرۆک ئەردۆغان پیادەى دەکات، ئاخۆ کێ خاوەندارێتى لە میراتى ئەجەوید کردووە؛ ئەردۆغان یان کڵچدارئۆغڵو؟ 
 

270 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
28/12/2018