وتار ‌
نەخشە ڕێگایەکى نوێ لەگەڵ ئەمریکا
*عەبدولقادر سەلڤى – ستوننوس لە ڕۆژنامەى حورییەتى توركى

دەکرێت پەیوەندى نێوان تورکیا-ئەمریکا جیابکەینەوە بۆ پەیوەندى بەرلە بڕونسۆن و پەیوەندى دواى بڕونسۆن. بەهۆى تویتەکانى ترەمپ کە ئابورى تورکیاى بە ئامانج گرت سەرەنجام دۆلار بۆ 7.2 لیرە بەرزبۆوە، هەروەک چۆن لە 13 ى ئابدا پەیوەندییەکانمان لە نزمترین ئاستدا بوو، لە 14 ى کانونى یەکەم دواى پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەى ئەردۆغان-ترەمپ و بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا بەخێرایى موشەک پەیوەندییەکانمان چاکبۆوە. 
پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا-ئەمریکا وەک شێوەى پیتى V وایە خێرا نزمبۆوە و خێرا بەرزبۆوە. سەرۆک کۆمار ئەردۆغان و سەرۆک ترەمپ دوو جار بە جیاوازى 9 ڕۆژ پەیوەندى تەلەفۆنیان ئەنجامدا. لەو پەیوەندییەدا بە بڕیارى کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا و وەرگرتنى ئەرکى بەرەنگاربوونەوەى داعش لەلایەن تورکیاوە وایکرد ئەم پەیوەندیە ببێتە پەیوەندیەکى تەلەفۆنى تایبەت و ئاست بەرز.
سەرۆک کۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو لە ماوەى چەند ڕۆژێکدا دەست بە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى خۆرهەڵاتى فورات دەکەن. بەرلە ئۆپەراسیۆنەکانى قەڵغانى فورات و چڵە زەیتون گوتبوى "شەوێک لە ناکاو دێین". ئەوانەى لە ستراتجى ئەردۆغان شارەزانین ڕەخنەدەگرن و دەڵێن ’چۆن ئۆپەراسیۆن بە لێدانى دەهۆڵ و زوڕنا ئەنجام دەدرێت‘. بەڵام شتێک هەیە کە تێینەگەیشتون. سەرۆک کۆمار سەرەتا جەنگى دەرونى بەرپادەکات، پاشان ئۆپەراسیۆنى سەربازى بەدوادا دەهات. ئەردۆغان لە ڕێگەى ئەو ستراتیجەیەوە بەرلەوەى بجەنگێت ئەوەى ویستى بەدەستیهێنا. 
لە ئۆپەراسیۆنى قەڵغانى فورات و چڵە زەیتون ڕوسیا لایەنگرى کردین. کایەى ئاسمانیەکەمان بەکارهێنا. هەرچى خۆرهەڵاتى فوراتە سەرکەوتنێک بەدەستهات کە کاریگەى چەند هێندى هەبوو. هەروەک چەرچڵ گوتویەتى: جەنگ کارێکى ئەوەندە جددیە نابێت بۆ سەربازەکان بەجێبهێڵدرێت. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە ڕۆڵى سەرباز بچوکبکرێتەوە. بەڵکو بەپێچەوانەوە دەکرێت بڵێین هونەرى بەدەستهێنانى ئەنجام لەڕێگەى بەکارهێنانى هێزى سەربازى.
سوتانى کارتى کوردى
بڕیارنامەى پەیوەست بە کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا دوێنێ لەلایەن وەزیرى بەرگرى ماتیس- ەوە واژوکرا و چووە بوارى جێبەجێکردنەوە. چاوەڕێ دەکرێت کشانەوەکە لە ماوەى نێوان 60-100 ڕۆژدا کۆتایى بێت. بەبێ ڕێکخستنى پڕۆسەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق بوو بە هۆى ئاژاوە و قەیرانێکى گەورە و شەڕى ناوخۆ. بۆ ئەوەى هەمان نەهامەتى لە سوریا دووبارە نەبێتەوە پێویست بە نەخشە ڕێگایەک دەکات. لەو ڕوانگەیەوە کۆبوونەوەى 8 ى کانونى دووەم لە ئەمریکا گرنگە. کاتێک سەربازانى ئەمریکا دەکشێنەوە پێویستە ئاشکرابکرێت ئەو چەکانە چیان بەسەردێت و ڕەوشى بنکە سەربازى و ئاسمانییەکانى ئەمریکا، خۆرهەڵاتى فورات کە لەلایەن ئەمریکاوە کۆنتڕۆڵ دەکرا وەک بەکارهێنانى کایەى ئاسمانى ڕونبکرێتەوە. بەرەنگاربوونەوەى داعش و ئاییندەى پەکەکە-یەپەگە یەکێک دەبێت لەو دۆسیانەى لەناو جانتاى ئەنقەرەدا دەبێت.
ئەنجامى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى نێوان ئەردۆغان-ترەمپ ئەگەر تەنها وەک کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا لێى بڕوانین، خوێندنەوەیەکى کەموکورت دەکەین. تەنانەت وتەى سەرۆکى سێنتکۆم ڤۆتێل دەڵێت "وەک ئەوەیە مستێکم بەر گەدە کەوتنبێت" گرنگە، مەکگۆرک کە پەیوەندى نێوان ئەمریکا و پەکەکەى دروستکردووە تەنانەت هۆکارى دەست لەکارکێشانەوەى پڕۆسەیەکى هەستیارە. ئەگەر بتوانین کارتەکانمان بە دروستى بەکاربهێنین، پچڕانێکى مێژویى لە پەیوەندى ئەمریکا-پەکەکە-یەپەگە ڕودەدات. ئەنقەرە بۆ هەنگاوى دووەم بەدواى ئەوەدا وێڵە. 
لە 1946 دا کوردەکانى ئێران کە ڕوسیا کۆمارى مەهابادى بۆ دروستکردن، کاتێک ڕوسیا ئەوەى ویستى بەدەستیهێنا لەکاتى لەسێدارەدانى قازى محەمەد ورتەى لێوەنەهات. ئەمریکا ئەو پارە و چەکەى لە ڕێگەى ئێرانەوە بۆ مەلا مسەفا بارزانى نارد وایکرد لە دژى بەغداد شۆڕش بکات، بە ڕێکەوتننامەى جەزائیرى 1975 کوردەکانى بەجێهێشت. لەو نامەیەى بارزانى بۆ سەرۆک کارتەر نوسى گوتبوى "ئێمە لە ڕێگەى متمانەکردن بە بەڵێنى دۆستەکانمان چوینە ناو جەنگەوە بەڵام لەناکاو لە مەیدانى جەنگدا خۆمان بە تەنها بینیەوە".
مەسعود بارزانیش لە ڕێگەى متمانەکردن بە بەڵێنەکانى ئەمریکاوە بەرەو ڕیفراندۆمى سەربەخۆیى هەنگاوى نا، دیسانەوە بەتەنیا جێهێڵدرا. لەم ڕوانگەیەوە پەکەکە-یەپەگە دەکرێت پەیامێکى دیکەى "فریودراین" بگەیەنێتە ئەمریکا. هەروەک پڕۆسەى پێچانەوەى ئۆجەلان و ڕادەستکردنى بە تورکیا.
ڕەنگدانەوە ئابورییەکان
هەتاوەکو بڕونسۆن لە 12 ى تشرینى یەکەمدا ئازادکرا پەیوەندییەکانى تورکیا-ئەمریکا کە لە مێژودا بە خراپترین سەردەمیدا تێپەڕى، جارێکى دیکە پەڕەیەکى تازەى پەیوەندییەکان کرایەوە. ئەنقەرە بەدواى دروستکردنى کەشوهەوایەکى تازە بۆ پەیوەندییەکان دەگەڕێت. نایەوێت ئەم پەیوەندییانە وەک درۆزنە بەهار وابێت. ئەو هەماهەنگییە بەهێزەى لەنێوان ئەردۆغان و ترەمپدا هەیە تەنها بۆ سوریا نییە، بەڵکو لە ڕوانگەى ئابوریشەوە بە گرنگ دەبینرێت. لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران وەک بەرێوەبردنى زەویەکى مینڕێژکراو وایە. نابێت ئەو دەرفەتەى لەگەڵ ترەمپ بەدەستهاتووە تەنها لە سوریا سنورادر بکرێت، بۆ ئەوەى لە هەموو بوارەکانى دیکە لەسەروى هەمویانەوە ئابورى ڕەنگبداتەوە کار لەسەر نەخشەڕێگایەکى نوێ دەکرێت.  

326 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/12/2018