وتار ‌
ئەم خیانەتە وانەى لێوەردەگیرێت؟
*مەحمود ئۆڤور - ستوننوس لە ڕۆژنامەى سەباحى تورکى

بڕیارى کشانەوەى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە سوریا هەموو لایەکى توشى سەرسوڕمان کرد بەڵام لە هەموویان زیاتر ئەوانەى بە ناوى کوردەوە وا دەزانن سیاسەت دەکەن هێڵى پەکەکە، هەدەپە و پەیەدەى توشى حەپەسان کرد. لە ڕاستیدا هیچ شتێک نییە بۆ ئەوەى توشى سەرسوڕمانى بى. لەسەرەتاوە دیاربوو کارەکە دەگاتە ئەو خاڵە. بەڵام نە بەڕێوەبەرانى قەندیل و نە ئەوانەشى نایانەوێت لە خولگەى قەندیل دەربچن وەک سیاسەتمەدارانى "مەدەنى" نەیانویست ئەوە ببینن. بێگومان هەر ئەوان نین، جەهەپە و بزاوتە چەپەکان کە دەیانەوێت شەرعیەت بدەن بە ئەوان و خاڵین لە ئەندازیارى سیاسى، هیچ یەکێکیان ئەمەیان بەدینەکرد. لەکاتێکدا ئەوانەى کەمێک سەیرى مێژوى نزیک بکەن کەمێک دەزانن لەوەى هێزە جیهانییەکان چۆن لە ناوچەکەدا گروپە نەتەوەیى و ئاینیەکانیان بەکارهێناوە، ئەوەیان بینى کە ئەمە شتێکە لە کۆتاییدا هەر دەبێت ڕوبدات. 
وێڕاى ئەوەى چەندین جار ئەو ڕاستیانەمان نوسیوە هیچ یەکێک لە پ.د.ک- ى بارزانى و هەدەپە و پەیەدە نرخى دەستکەوتەکانیان نەزانى. چى ڕویدا، نە وانەیان لە ستالین لە 1945 دا بە دامەزراندنى کۆمارى کوردى مەهەباد وەرگرت، نە وانەیان لە فرۆشتنى مەلا مستەفا بارزانى لەلایەن ئەمریکا لە ساڵى 1975 دا لە ڕێکەوتننامەى جەزائیر وەرگرت... نە سەیرى ئەوەیان کرد کە دواجار خەیاڵى سەربەخۆییەکەى مەسعود بارزانى نائومێدى لێکەوتەوە. 
لە سەردەمە جیاوازەکانى مێژودا کاراکتەرە سیاسییەکانى کورد هەمیشە هەمان هەڵەیان ئەنجامدا. ئەوەیان بە "خیانەت" لەقەڵەمدا و ڕاستیەکەى نەگۆڕى. چەند جارێک نوسیم، لە مێژوى نزیکدا سەرنجڕاکێشترین دیمەن لە 1975 دا ڕویدا. مەلا مستەفا بارزانى لە حکومەتى نیکسۆنى ئەمریکا 16 ملیۆن دۆلار هاوکارى وەرگرت (هەر وەک پەیەدە) شۆڕشێکى بەرپاکرد بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. چونکە ئەمریکا بارزانى فرۆشت.   
لە کۆتاییدا چیرۆکێکى پەندوەرگر مایەوە کە 50 هەزار کوژراوى لێکەوتەوە. لەو نامەیەى بارزانى باوک بۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا کیسنجەر نوسیویەتى دەڵێت "ئەمریکا بەرپرسیارێتى ئەخلاقى و سیاسى بەرامبەر کورد هەیە" و کیسنجەریش ئەوەى بیرهێنایەوە "ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان کارێکى خێرخوازى نییە".   
ئەم هەڵانە لە ڕوى مێژوییەوە مەسعود بارزانى وانەى لێوەرنەگرت، ئەو پەیوەندییە گەرمەى لەگەڵ تورکیا دایمەزراند و دەستکەوتى هەبوو و بوو بە خاوەنى دەرفەتى "ئیدارەى هەرێمى" بەڵام لەپێناوى "سەربەخۆیى" بەهەدەریدا. نە ئیسرائیل و ئەمریکا کە زۆر متمانەى پێبوو پشتیوانیان لێکرد، نە جیهانیش ئەم کارەیان بە ڕەوابینى. 
وێڕاى هەموو هۆشدارییەکانى تورکیا و دۆستەکانى لەسەر عینادى خۆى پەشیمان نەبۆوە. تەنانەت هۆشدارى دیبلۆماتکارى فەڕەنسى فریدریک تیسۆت کە لە 2008-2012 سەرکونسوڵى  هەولێر بوو کاریگەرى نەبوو کە گوتى "دۆستە کوردەکانم، بیرتان نەچێت ’دۆستەکەتان‘ کیسنجەر لە 1975 دا ڕێکەوتننامەى جەزائیرى ڕێکخست و لە پشتەوە خەنجەرى لێدان..."
سەرۆک ئەردۆغان قسەیەکى هەیە زوو زوو بەکاریدەهێنێت و دەڵێت "مسوڵمان لە هەمان شوێنەوە دووجار پێوەى نادرێت." بەڵام بەداخەوە ئەم قسەیە بۆ کاراکتەرە سیاسییەکانى کورد بەهەند وەرناگیرێت. ئەگەر بە هەند وەرگیرابایە ئایا هەمان هەڵەیان دووبارە دەکردەوە؟ نمونەى تورکیا وەرگرن زۆر کۆن نییە، لە 2013 دا سەرۆک ئەردۆغان ئەرکى سەشانى بەدیهێنا و بۆ ئەوەى توندوتیژى نەمێنێت دەستى بە "پڕۆسەى چارەسەرى" کرد. دوایى چى ڕویدا؟ ئەم پرۆسەیە لەلایەن پەکەکە و هەدەپەوە بۆ ئەوەى شوێنێک لە سوریا بەدەستبێنن بە هەدەردرا. لەپێناوى ئەوەى فشار بۆ تورکیا بهێندرێت وێرانکارى کۆبانێ، وەحشیگەرایى خەندەق، بۆردومانکردن و هەموو شتێک ئەنجامدرا. دواتریش ئەوانەى دەیانگوت دژەئیمپریالیستن و سۆسیالیستن لە سوریا لەژێر ئاڵاى ئەمریکا خۆیان بۆ شەڕکردن لە دژى تورکیا ئامادەکرد. تەنانەت گوتەى شەرمهێن و بەدوژمنکردنى وەک "ئەمریکا و ڕوسیا لەپشتمانە. هیچ کەسێک ئێمە ناوەستێنێت."
ئێستا سەیرى ئەو خاڵە بکەن کە پێیگەیشتون. ئێستا هێڵى پەکەکە-هەدەپە و پەیەدە چى دەڵێن؟ دەڵێن "پیلانگێڕیەکى نوێ" یە؟ هەرچیەک دەڵێن با بیڵێن، ئەوان کاتێک چاوپۆشیان لە دەستگیرکردنى ئۆجەلان کرد کە بە "پیلانگێڕى مەزن" یان زانى و بۆ ئەوەى ئەمریکا نەکەن بە دژى خۆیان، ئەمریکاش هیچ دوودڵیەکى لە بەکارهێنان و فڕێدانیان نەنواند. لەڕاستیدا ئەمریکا خیانەتى لەوان نەکرد، ئەوان خیانەتیان لە خەڵک کرد بەوەى خۆیان خستە ناو ئەو پێگەیە. پێشموانییە وانەیەک لەم کارە شەرمهێنە وەربگرن.


359 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
21/12/2018