وتار ‌
کارى لەپێشینە ئەنجامدانى هێرش نییە دۆزینەوەى چارەسەرى سیاسییە
*مەهمەت باڕلاس
ستوننوس لە ڕۆژنامەی سەباحی تورکی

لەو کاتەوەى سەرۆک کۆمار ئەردۆغان لێدوانى سەبارەت بە خۆرهەڵاتى فوڕات دا، کەناڵەکانى ڕاگەیاندن لە چاوەڕونیدان بۆ ئەوەى ئۆپەراسیۆنى سەر سنور ڕوماڵ بکەن...
لایەنى بەرامبەریش کە تیرۆرستانى پەیەدە/پەکەکە- ن و لەژێر چاودێرى سەربازانى ئەمریکادان چاڵیان لێداوە و ڕاهێنانەکانیان بەدیدەکرێت.
هێرش لە ئارادا نییە
لێرەدا هەڵەیەک هەیە...
ئەگەر ئۆپەراسیۆنێکى سەربازى لە خۆرهەڵاتى فوڕاتدا ڕوبدات، ناکرێت ڕۆژانێکى پێشوتر ڕابگەیەندرێت. ئەو لێدوانەى زۆر پێشوترى سەرۆک کۆمار ئەردۆغانیش توانى کۆتایى بەو هێرشە بهێنێت. 
هۆشداریدان بە ئەمریکا
ئەم لێدوانە زۆر ڕوونە بۆ ئەوەیە لە خۆرهەڵاتى فوڕات هۆشداری بداتە ئەمریکا... چونکە ناکرێت پێشبینى ئەوە بکرێت ئەو پێکدادانە سەختەى لەنێوان تورک-ئەمریکیدا ڕودەدات ماناى چى بەدەستەوە دەدات و چ ئەنجامێکى تۆقێنەر دروست دەکات. سەرەنجام ئەم لێدوانە پێشهاتەکانى دواترى بەتایبەت پەیوەندى تەلەفۆنى نێوان سەرۆک کۆمار و سەرۆکى ئەمریکا ترەمپى بەدواداهات و پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانى هێنایە ناو ڕۆژەڤەوە.
چاوشئۆغڵو لێدوانى دا
دوێنێ لە کۆنفڕانسى قەتەر وەزیرى دەرەوە مەولود چاوشئۆغڵو ڕونکردنەوەى سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەى فەتحوڵڵا گولەن و ڕەوشى سوریا پێشکەشکرد.
چاوشئۆغڵو گوتى "متمانەى بە پلانى ترەمپ بۆ کشانەوە لە سوریا هەیە" ئاماژەشیدا لەکاتى هەڵبژاردنەوەى ئەسەد بە شێوەیەکى دیموکراسیانە بیر لەوە دەکەنەوە کارى لەگەڵدا بکەن... بەگوێرەى ئەم خستنەڕوى زانیاریانەى چاوشئۆغڵو FBI ى لێکۆڵینەوەى متمانە پێکراوى هەیە سەبارەت بە خۆدزینەوەى ڕێکخراوى گولەن لە پێدانى باج.
گەڕان بەدواى چارەسەردا
کاتێک ئەو پێشهاتانە هەڵدەسەنگێنین، دەکرێت بڵێین لەئێستادا ئەگەرى پێکدادانى سەختى نێوان تورک-ئەمریکى لەئارادا نییە. بە گوزارشتێکى دیکە بۆ ئەوەى تورکیا جددیبوونى لەو هۆشداریانەدا بسەلمێنێت لەلایەک هێزەکانى لەسەر سنور زیاد دەکات، لەلایەکى تریشەوە درێژە بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا دەدات بۆ ئەوەى چارەسەرێک بدۆزێتەوە. ئەم چارەسەرەش ئەوەیە لە کەمترین ماوەدا سەربازانى ئەمریکا لە خاکى سوریا بە تایبەت لە خۆرهەڵاتى فورات بکشێنەوە.

330 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
17/12/2018