وتار ‌
لە لوبنانەوە بۆ عێراق: مۆدێلە زۆر خراپەکان
*محەمەد نورەدین

مانگى ئایارى ڕابوردو هەڵبژاردنى لوبنان بەڕێوەچوو، واتە نزیکەى حەوت مانگ لەمەوبەر کە پێش ئەویش هەڵبژاردن لە ساڵى 2009 دا ئەنجامدرابوو. هەڵبژاردنى نوێنەران بە گشتى هەموو چوار ساڵێک ئەنجامدەدرێت. بەڵام لە 1974 بۆ 1992 واتە 18 ساڵى تەواو بەهۆى شەڕى ناوخۆ هەڵبژاردن بەڕێوەنەچوو. 
وێڕاى ئەوەى شەڕى ناوخۆ لەئارادانەبوو بەرپرسانى لوبنان بە بەبیانوى شەڕى سوریا لە ساڵى 2013 دا تەمەنى پەرلەمانى 2009 یان درێژکردەوە بۆ ساڵى 2018 کە دەکاتە زیاتر لە خولێکى تەواو. دواى کارێکى زۆر دژوار یاسایەکى نوێى هەڵبژاردن دەرکرا کە بنەما ڕێژەییەکەى دابەشکردنى تایەفییە کە هەڵبژاردنى 2018 لەسەر ئەو بنەمایە بوو. 
دواى تێپەڕینى حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تا ئێستا لوبنان بەبێ حکومەتە. ئەمەش شتێکى نامۆ نییە بۆ هەموو وڵاتان، لەپێشى هەموویان وڵاتێکى وەک بەلجیکا کە بۆ ماوەى زیاتر لە دوو ساڵ بەبێ حکومەت بوو. کاتێک وردبینەوە لە نمونەى بەلجیکا ئەوە بەدیدەکەین بنچینەى کێشەکانى لە ئاریشەکانى لوبنان دوورنییە.
جارێک بەرپرسێکى باڵاى عێراق ئاماژەیدا عێراقییەکان دواى داگیرکارى وڵاتەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە بە دواى شێوازێکى سیاسى بۆ ڕژێمێکى تازە گەڕان و سەیرى دەوروبەریان کرد و مۆدێلى لوبنانیان دۆزیەوە کە لەگەڵ واقیعەکەیان نزیکترین بوو و پاشان پشتیان پێبەست. لەبەرئەوە پۆستەکانى سەرۆکایەتی و وەزارى و نوێنەرایەتیان بەگوێرەى پێوەرى تایفى یان نەتەوەیى دابەشکرد. لەبەرئەوە سەرۆکایەتى کۆمار لە پشکى کوردى لە پێکهاتەى سوننە، سەرۆکایەتى پەرلەمان لە پشکى عەرەبى و لە پێکهاتەى سوننە و سەرۆکى حکومەتیش لە پشکى عەرەبى و لە پێکهاتەى شیعە. بەمشێوەیە پۆستە وەزاریەکان لەسەر بنەماى پێکهاتەیى و نەتەوەیى دابەشکران. لەو کاتەدا گوترا کە عێراقییەکان خراپترین مۆدێلى هەرێمیان وەرگرتووە لەبەرئەوە ئەوە بەدیدەکەین هەر کاتێک هەڵبژاردنى پەرلەمان ئەنجامدەدرێت و هەوڵى پێکهێنانى حکومەتى نوێ دەدرێت دوچارى کێشە و بەربەستەکان دەبێتەوە و وڵات دەشێوێت و ڕێگە دەگرێت لەوەى وڵات سوڕى سروشتى سیاسى تێپەڕێنێت.     
دواى حەوت مانگ لوبنان حکومەتى نوێى پێکنەهێناوە، ڕەوشەکە ئامادەیە بۆ ئەوەى ئاڵۆزى و مەترسى زیاتر بێتەئاراوە لەکاتێکدا ڕەوشى ئابورى وڵات ئەمە هەڵناگرێت، لوبنان لەژێر بارگرانیەکى گەورە و قەرزدایە، دەرفەتى کار پاشەکشەى کردووە و پەنابەرانى سوریش کە ژمارەیان لە ملیۆنێک زیاترە بۆتە بارگرانییەک بەسەریەوە.
بەڵام کێشەى سەرەکى لە لوبنان کە عێراق مۆدێلەکەى وەرگرتووە ئەو نیزامە تایەفیەیە کە بەربەستى بۆ سوڕى ژیانى سیاسى، کۆمەڵایەتى و ئابورى دروستکردووە.   
پێکهاتەکانى لوبنان لە هەستکردن بە مەترسى و ترس لە یەکتریدا دەژین. دواى ئەوەى مەسیحییەکان زۆرینەى دانیشتوانیان پێکهێنا بوون بە کەمینە و ڕێژەکەیان لەسەدا 30 ى دانیشتوانى تێپەڕ نەدەکرد. دواى ئەوەى مسوڵمانەکان لە کارى سیاسى هاتنەدەرەوە کە لەژێر عەباى مارونى سیاسیدابوون، دواى ماوەیەکى درێژ بوونە زۆرینە و بوون بە بەشێک لە کێشە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان، دواى ڕێکەوتننامەى تائیفى ساڵى 1990 کە مسوڵمانەکان چوونە شوێنى پێگە سەرەکیەکانى مەسیحییەکان.
بەڵام دواتر کێشەکە چڕتر بۆوە لەگەڵ زیادبوونى پێکدادانە هەرێمییەکان و پڕۆژە هەرێمییەکان کە ڕویەکى مەزهەبى هەبوو و ڕەنگدانەوەى بەسەر لوبنان و واقیعەکەیدا هەبوو. وێڕاى ئەمە هۆکارى ڕاستەقینەى سەرەکى لەناو پێکهاتەى نیزامەکەدا شاردراوەتەوە. لەبەرئەوە دواى ڕێکەوتننامەى تائیف حکومەتەکانى لوبنان پێکناهێنرێن تەنها لەڕێگەى مەرجەعیەتى سیاسى هەرێمى نەبێت ئەویش سوریای رێگەپێدراوە لەلایەن یاریکەرە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکانەوە.    
بەڵام دواى دەرچوونى هێزەکانى سوریا لە لوبنان لە ساڵى 2005 دەرکەوت "واقعى لوبنانى" بۆ دابەشکردنى دەسەڵات پێویستى بە پەرجو (موعجیزە) هەیە بۆ ئەوەى لەنێوان خۆیاندا سەرکەوتووبن. دەقە دەستوریەکان ڕێگە بۆ ئەو ئاڵۆزیانە خۆش دەکات. سەرۆکى حکومەتى ڕاسپێردراو هیچ ماوەیەکى لە پێکهێنانى کابینەکەى بۆ دیارینەکراوە تەنانەت ئەگەر چەندین ساڵیش بخایەنێت. سەرۆک کۆمار پابەندکراوە بۆ ئەوەى لە ماوەى دوو هەفتەدا واژو لەسەر بڕیارەکان بکات بەڵام هیچ وادەیەک بۆ وەزیر دانەنراوە، لەکاتێکدا پلەى وەزیر زۆر لەخوارترە بۆ واژوکردنى ئەو بڕیارانە.  
لە وڵاتانى دیموکراسیدا پێویست بەو پۆشاییانە ناکات بۆ دۆزینەى چارەسەر و تەنها پێویست بە دانیشتنێکى پەرلەمان بۆ ڕێکخستنەوەى ئەو دەقە دەستورییە دەکات. بەڵام لە لوبنان هەموو شتێک لەسەر بنەماى تایەفى دابەشکراوە، هەموو کەرتەکانى خزمەتگوزارى وەک کارەبا و پاشەڕۆ بە پەروەردەشەوە، لەبەرئەوە هەر هەموارێکى دەستورى بچوک پێویست بە حساباتى تایەفى دەکات کە دوورە لە هەموو لۆجیک و عەقڵانیەتێک.
لەبەرئەوە ئەو وڵاتانەى بە کردەیى دان بە هاوڵاتیانیان دانانێن، لە ڕێسا و یاساکانیاندا بنەماى تایەفى لێ دەردەچێت کە مەحکومن بە مردنى سیاسى، دەستبەسەرداگرتنى ئابورى، ناکۆکى کۆمەڵایەتى، شەڕى ناوخۆى کاتى یان بەردەوام. هەتاوەکو دامەزراندنى هەر نیزامێک تەنانەت دەوڵەتیش لە هەژمارکردنى پێوەرى تایەفى، مەزهەبى و ئینتیماى نەتەوەیى دەرنەچێت ناتوانین باس لە سەقامگیرى بکەین چ جاى باسکردن لە گەشەسەندنى.

264 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/12/2018