وتار ‌
ئەگەر پرسیان دەڵێى "گەشەمانکرد" !
*موراد مورادئۆغڵو

لە مانگەکانى تەمموز- ئاب- ئەیلولدا واتە لە چارەکى سێیەمدا تورکیا لە چاو ساڵى ڕابوردو لەسەدا 1.6 گەشەیکرد... بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکان تورکیا گەشەیکرد بەڵام گەشەکردنى بچووکبۆوە... ماشەڵڵا، جارێکى دیکە گەشەیکرد...
با گەشەکردنەکە بچوک بێت بەڵام بۆ ئَێمە بێت. سەیرى ئەو نیگەرانییەمان بکە!
گەشەکردن چی بوو؟ گەشەکردن دەوڵەمەندبوون بوو. لانیکەم بە ئێمە وەها وتراوە. بێگومان ئەگەر چاڵ و چۆڵەکان هەژمارنەکەین.
بۆ نمونە هەڵاوسان گەشەیکرد... قەرزەکان گەشەیانکرد... دۆلار زیادیکرد... کورتهێنانى بودجە زیادیکرد... هەژارى زیادیکرد...حکومەت بابەتەکەى گەورە نەکرد. دایخست و وازیلێهێنا. هەموویانى پشتگوێ خست... چونکە هەر ئەوە ماوە!
ئەمە "هاوسەنگى نییە"، بە ئاشکرا "وردوخاشبوونە". چونکە لە چارەکى یەکەم و دووەمى 2018 دا گەشەکردن 7.2 و 5.3 بوو. سیستەمى سەرۆکایەتى هات ئابورى هەرەسیهێنا. تەنانەت گەشەکردن گەیشتە 1.6.
ئەو داتایانەى بڵاوکراونەتەوە ئەوە دەسەلمێنێت بەرهەمێنان و وەبەرهێنان لە کەرتى پیشەسازیدا وەستاوە، تەنانەت لەڕوى وەبەرهێنانەوە هەر نەبووە. لایەنى سەیر ئەوەیە ئابورى تورکیا لە چارەکى چوارەمدا ئەگەر بۆ لەسەدا 2 بچوکبێتەوە گەشەى ساڵانە لەسەدا 2.7 دەبێت....
ئەو دەزگایەى گەشەکردنى تورکیا بڵاو دەکاتەوە متمانەپێکردنى لەدەستداوە و چەواشەکارى دەکات و چوارچێوەى پێوەرەکەى بە تەواوى هەڵەیە... بەشێوەیەک ڕێکیانخستووە کە تورکیا هەردەبێت گەشەبکات!
مادام گەشەمانکردووە، ئایا دەوڵەمەندبووین؟ بە حساب گەشەمانکردووە ئایا بێکارى کەمبۆتەوە؟ بەحساب گەشەمانکردووە ئایا وەبەرهێنانمان کردووە؟ یان میللەتیان خەواندووە و گەشەیانکردووە؟ لایلایەیان بۆ گوتون؟ برا جوانەکەم ئێوە هیچ بازاڕکردن ئەنجامنادەن؟ دەتوانن لە ساڵى ڕابوردو شت زیاتر بکڕن؟ بەگوێرەى ئەوەى هاتۆتە ناو گیرفانەکانمان زیادینەکردووە، شتێک گەشەیکردووە بۆ ئێمە بەوەى داهاتى نیشتیمانى لەسەدا 1.6 زیادیکردووە. 
کەواتە ئەوەى گەشەیکردووە چییە؟ دەوڵەت بە ناوى تۆوە خەرجیکردووە و بەکاربردنى دەوڵەت لەسەدا 7.5 زیادیکردووە. ئەم زیادکردنە گەشەى دروستکردووە.
باشە، داهاتى دەوڵەت زیادیکرد؟ نەخێر! کەواتە قەرزداربووە.
بە خەرجکردنى بە فیڕۆیداوە! ئەرێ بەڕاست دەوڵەت بە ناوى کێوە قەرزداربووە؟
لەکاتێکدا گەل بە کولەمەرگى خەرجییەکانى کەمکردۆتەوە دەوڵەت پارەکانى خستۆتە سەر کوێ؟ هاوڵاتى سکى گوشیوە یان بەڕێوەبەرانى دەوڵەت... خەرجییەکانى هیچ کەمناکاتەوە؟ ئایا ئەوەیە ئێستا پێویستە پرسیارى لێوەبکرێت؟ دەوڵەتى عالى بۆچى بکەوێتە کێشەوە؟ ئایا هیچ کاتێک شکۆ کەمکردنەوەى خەرجى تێدادەکرێت؟ وێڕاى ئەوەى کەرتى تایبەت بچوک دەبێتەوە،  هەرچى کەرتى گشتیشە گەشە دەکات... وڵات بە مۆدێلێکى ئابورى سەیر لەسەر شێوەى ئەنجامیبدە- بەگەڕیبخە- هەڵیسوڕێنە گەشەدەکات و دەبینرێت بەڵام لەڕاستیدا وەک باڵۆن گەورە دەبێت.
هیچ شتێک مەکە، لەسەر کورسیەکەت دانیشە و بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان لە ئابوریدا مەکە، تورکیا خۆى لە خۆیدا لەسەدا 2 گەشە دەکات... ئێستا چەند گەشەمانکردووە؟ لەسەدا 1.6 !
هەرچییەک دەکەن با بیکەن لە چارەکى چوارەمدا گەشەى ئابورى کەمدەبێتەوە. مایەپوچبوونى کۆمپانیاکان، زیادبوونى بێکارى لەگەڵ خەونەکانى ئێمە بۆ گەشە لەلاى چەپەوە سفر دەمێنێتەوە! لە 2019 دا کاروبارەکان بە تەواوى دەخنکێت. ڕەوش خراپتریش دەبێت. ئەم بچووکبوونەوەیە دواى ماوەیەک شوێنەکەى بە شەکەتى و لەدەستدانى توانا دەگۆڕێت.


228 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/12/2018