وتار ‌
میللەتى زیادڕەو
*حوسنو مەحەلى

لە وڵاتانى مسوڵمان بە دەسەڵاتدارەکانیانەوە و لە هەموو شوێن و ئاستێک و بۆ هەموو بابەتێک ژمارەیەکى زۆر لە زیادڕەو و پڕوپاگەندەکار هەیە.
زۆربەشیان دین بەکاردێنن.
سەدام بە خوێنى قورئانى نوسى.
قەزافى لە کتێبى سەوزدا گوتى "قورئان شەریعەتى کۆمەڵگایە".
حوسنى موبارەک بە پێداگرییەوە لەپێش ناوەکەى محەمەدى بەکاردەهێنێت و وایکرد بەکاربهێنرێت.
زەینەلعابدینى تونسى دەیگوت خێزانى بن عەلى لە ڕەچەڵەکى حەزرەتى عەلی- یە.
شاى مەغریب بەگوێرەى دەستور ئەمیرولموئمینینى مسوڵمانانە.
نمونەى لەمجۆرە زۆرە.
کاتێک سەرکردەکان بەمشێوەیە بن گەلەکەیان زۆر خراپتر دەبن.
با نمونەیەکى تازەتان بۆ بێنمەوە.
لە 7 ى کانونى یەکەمى 2017 دا کاتێک سەرۆک ترەمپ قودسى بە پایتەختى ئیسرائیل ناساند بە زیادڕەوییەوە گوترا لە وڵاتانى ئیسلامى "قیامەت هەستا"!.
دواى یەک هەفتە سەرۆکى ئەم خولەى ڕێکخراوى هاریکارى ئیسلامى ئەردۆغان سەرکردەکانى بانگهێشتى ئیستانبوڵ کرد.
لە 57 وڵاتى ئەندام 48 یان بەشداریانکرد و تەنها 15 وڵاتیان لەسەر ئاستى سەرۆک بەشداریان تێداکرد.
ڕێکخراوەکە کە بارەگەکاى لە سعودیەیە لەسەر ئاستى یاریدەدەرى وەزیر بەشداریکرد. 
لە کۆبوونەوەکەدا قسەى زۆر سەیرکرا و هەڕەشەیان لە ترەمپ کرد.
بە زیادڕەوییەوە.
دواى 10 ڕۆژ ئەنجومەنى گشتى نەتەوەیە یەکگرتوەکان سەبارەت بە بڕیارەکە کۆبووەوە لە دەنگدانەکەدا 128 وڵات سەرکۆنەى بڕیارەکەى کرد، 25 وڵاتیش بێلایەن بوون و 9 وڵاتیش لەدژى وەستانەوە.
کاتێک ترەمپ 128 وڵاتى بینى ڕۆحى چوو (!) بەڵام هەنگاوى بۆ دواوە نەنا.
ترەمپ زاوا یەهودییەکەى کوشنەرى بۆ ئەو کارە دەستنیشانکرد و باڵیۆزخانەکەى لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس گواستەوە.
باشە کەى؟
بە عینادى خۆى لە 14 ى ئادارى 2018.
لە ساڵوەگەڕى حەفتایەمینى دامەزراندنى ئیسرائیل.
لە 18 ى ئادارى 2018 دا ئەردۆغان جارێکى دیکە سەرکردەى وڵاتانى ئیسلامى بانگهێشتى ئیستانبوڵ کرد بەڵام ئەمجارەیان 9 سەرۆک هاتن و ئەوانى دیکە لەسەر ئاستى جیاواز بەشداریانکرد.
زۆربەیان زیادڕەو بوون.
بوەستن هێشتا بەسەرهاتەکە تەواو نەبووە.
ئیسرائیل کاتێک زیادڕەوى مسوڵمانانى بینى ئەمجارەیان هەنگاوى پڕوپاگەندانەترى زیاترى هاویشت.
لە 19 ى تەمموزى 2018 دا پەرلەمانى ئیسرائیل کۆبووەوە و یاساى "دەوڵەتى نەتەوەیى ئیسرائیلى" پەسەندکرد. بەگوێرەى ئەم یاسایە ئیسرائیل تەنها وڵاتى یەهودییەکانە و قودس لەسەدا سەد بۆ هەمیشە هى یەهودیەکانە و دەبێتە پایتەختى مێژویى و دینى.
واتە لە ئێستادا نزیکەى دوو ملیۆن فەلەستینى کە لەناو سنورەکانى ئیسرائیلدا دەژین بە تێپەڕبوونى کات دەردەکرێن. 
نزیکەى دوو سەد هەزاریان لە قودس دەژین.
ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک پەلەى نییە.
لە 21 ى ئابى 1969 وڵاتانى ئیسلامى بە سوتانى مزگەوتى ئەقسا نوقەیان لێوەنەهات، لەمەولا هەرشتێک بکەن زیادڕەوییە.
لە کاتى کشانەوەى عوسمانییەکان لە فەڵەستین 80 هەزار یەهودى لەو وڵاتەدا بوو و ئەم ژمارەیە ئێستا لە 7 ملیۆن نزیکبۆتەوە. 
ئەگەر ڕەوشەکە بەمشێوەیە بڕوات لە دواى 70 ساڵى دیکە هەموو یەهودییەکانى جیهان (15 ملیۆنن) لە نیلەوە تا فوڕات دەستبەسەر ئەو ناوچانەدا دەگرن و دەوڵەتى مەزنى ئیسرائیل دروست دەکەن.
بوەستن بوەستن ئەم چیرۆکە تەواونەبوو.
شەوى هەینى لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى گشتى نەتەوە یەکگرتوەکان پەلامارەکانى ئیسرائیل پەسەندنەکرا و ئەمریکا چاوپۆشیکرد و داوایکرد ڕێکخراوى حەماس و جیهادى ئیسلامى کە موشەکیان بە ئیسرائیلەوە ناوە وەک ڕێکخراوى تیرۆرستى بناسرێن و ئیدانەى هەردوو ڕێکخراوەکە بکرێت.
لەو دەنگدانەى کرا 87 وڵات پشتیوانى بڕیارەکەیان کرد و 57 وڵاتیش لە دژى بوون، 33 وڵات بێلایەن بوون و 19 وڵاتى دیکەش بەشداریان لە دەنگدانەکەدا نەکرد.
بەهۆى ئەوەى دەنگى دوو لەسەر سێ مسۆگەرنەکرا بڕیارەکە پەسەندنەکرا بەڵام زیادڕەوى مسوڵمانان بەردەوامبوو.
گوایە ئێمە ئاگادارنین لەوەى "زللەیەکى بەهێزمان" لە ئەمریکا داوە.
لەکاتێکدا لە 23 ى کانونى یەکەمى 2017 دا کە 128 وڵات لە دژى بڕیارەکەى تەرمپ دەنگیان دا، ئەمجارەیان تەنها 57 یان لە دژى ئەمریکا توانیان بڕیارى ڕاشکاوانە بدەن. ئەو وڵاتانەى دیکە پشیتوانیان کردووە یان بێلایەن بوون و یانیش بەشداریان لە دەنگداندا نەکردووە و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانیان لە ئیسرائیل کردووە. بەڵام کێشە نییە ئێمەى مسوڵمانان "سەرکەوتنمان ڕاگەیاند"!
ژیانمان زیادڕەوییە. 
زۆرینەى موسڵمانان لەسەر بابەتێکى گرنگى وەک قودسى یەکەم قیبلە درۆبکەن ئیتر بیر لە حاڵى خۆمان بکەنەوە.
من سەبارەت بە پرسى کەشتى ماڤى ماڕماڕا کە تویتێکم کرد سزام وەرگرت.
باشە بۆچى تورکیا دەعواى ماڤى ماڕمەڕاى لەکارخست؟
تورکیا لە 12 ى ئایارى 2010 دا بۆچى لەسەر بە ئەندامبوونى ئیسرائیل لە ڕێکخراوى گەشەپێدان و هەماهەنگى ئابوری ڤیتۆى بەکارنەهێنا؟
بۆچى تورکیا لە کردنەوەى نوسینگەى ئیسرائیل لە ناوەندى سەرەکى ناتۆ لە 4 ى ئایارى 2016 دا دژایەتى خۆى دەرنەبڕى؟
هۆکارەکان زۆرن بەڵام وەڵامیان هەم هەیە و هەم نییە.
ئەگەر وەڵامیشیان هەبێت سوودى نییە چونکە ئێمە زۆر حەز بە زیادڕەوی دەکەین.
بە گەورەترین سوێند زیادڕەوى دەکەین.
وەک سوێندى "قورئان و زاد بتگرێت"


  

254 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/12/2018