وتار ‌
سوریا لەنێوان ئەمریکا و تورکیا

*محەمەد نورەدین

وتارەکەى شاى سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز لە بەردەم ئەنجومەنى ڕاوێژکارى سەرنج ڕاکێشبوو و ئاماژەدان بوو بە پێویستى گەیشتنە چارەسەرێکى سیاسى لە سوریا و گەڕانەوەى ئاوارەکان و دەرچوونى ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان لەو وڵاتە. بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنج بوو کاردانەوەى وەزیرى دەرەوەى سوریا وەلید موعلم بوو بەوەى بە ناڕاستەوخۆ خۆشحاڵى خۆى بۆ هەڵوێستى سعودیە دەربڕی.
لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەک نییە بەوەى بەرەوپێشچوون لە نێوان سوریا و سعودیە ڕودەدات بەڵام ڕێڕەوى ڕوداوەکان لە دوو ساڵى پێشودا لە دواى ڕزگارکردنى حەلەب هەتا ئێستا ئەوەمان پێ دەڵێت کە قەیرانەکە کەمبۆتەوە و یان لە ڕوى مەیدانییەوە لە کۆتاییدایە، ئەمەش یەکەمیان ڕۆڵى دەبێت لەوەى سورییەکان بگەنە چارەسەرێک و دووەمیان دەبێتە هۆى ئەوەى ئەو چارەسەرە لەژێر چەترى پاراستنى نێودەوڵەتیدا بێت. ئەو ئامانجە دەرەکییەى لە کاتى جەنگدا هەبوو بۆ ئەوەى بەدیبێن قبوڵکراونەبوو لەکاتى چوونە ناو پڕۆسەى ئاشتى بەدیدێن.
بەڵام هەردوو لا تا ئێستا سوورن و کاردەکەن بۆ ئەوەى ڕەوڕەوەکە بەرەو دواوە بگەڕێننەوە وێڕاى ئەوەى هاوکێشەکان گۆڕاون، ناتواندرێت سەرلەنوێ حەوت ساڵى دیکە دەستپێبکاتەوە. 
لایەنى یەکەم تورکیایە کە شکستیهێنا لە پڕۆژە عوسمانییە فراوانەکەى لە ناوچەى عەرەبیدا بە گشتى و دەیەوێت لە ڕێگە ڕێکخراوەکانى سەربەخۆى لە میسر، تونس، لیبیا، سوریا و عێراق هەژمونى بەسەردا بسەپێنێت، گەڕایەوە بۆ دراوسێکانى سوریا و عێراق. جوڵە سەربازییەکانى تورکیا لەناو لە عێراق و سوریا لەسەر ڕێساى "کەم باشترە لە بێ بەشى" بوو. دەکرێت لە عوسمانى بچوککراودا سەیرى بکەین کە هیچ نییە جگەلە سنورى تورکیا و لە دواى جەنگى جیهانى یەکەمدا بڕیارى لەسەر درا کە لە 28 ى کانونى دووەمى 1920 لەلایەن ئەنجومەنى نێردراوانەوە بڕیارى لەسەردرا و بە سنورى میساقى میللى ناسرا یان میساقى نیشتیمانى کە تورکیاى ئێستا لەگەڵ تەواوى باکورى سوریا و باکورى عێراقە. ئەو ناوچانەش زۆربەیان کوردنشینن کە سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ناوچەى تیرۆرى دادەنێت، هەرچەندە ئەو ناوچەیە لە دواى جەنگى جیهانى یەکەم بە دەستى تورکیاوە بوو و ئێستا گۆڕاوە بە بنکەى "تیرۆرى کوردى". لەڕێگەى ئەم بیانوەوە ئەردۆغان دەیەوێت یان بە تەواوى ئەو ناوچەیە داگیربکات یان لە ڕێگەى کەرەستەى ناوخۆییەوە هەژمون دروستبکات و هێڵێکى شوێنکەوتەى تورکیا لە ئەسکەندەرون، ئیدلب، عەفرین و جەرابلوس تا دەگاتە باکورى عێراق دروستبکات. ئەمەش لە پێداگرى ئەردۆغان بۆ جێبەجێکردنى ڕێکەوتننامەى حەلەب ڕەنگیدایەوە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەى ناوچەى لە چەک داماڵڕاو و بەبێ بوونى چەکدارە توندڕەوەکان دروستبێت کە لە کۆتاییدا هەموویان لایەنگرى خۆیەتى و بەبێ فەرمانى ئەو 
جوڵە ناکەن.
بەڵام لایەنى دووەم ویلایەتى یەکگرتوەکانى ئەمریکا کە تا سنورێک فەڕەنسا، بەریتانیا، هۆڵەندا و ئەوانى دیکەن کە لە ڕوى سەربازییەوە لە ناوچەى باکور و خۆرهەڵاتى فوڕاتن و هێزەکانى سوریاى دیموکراتى لێیە. واشنتن دەیەوێت لە گێژاوى سوریادا هەل بقۆزێتەوە بۆ ئەوەى ناوچەیەکى هەژمونى خۆى لە باکورى خۆرهەڵاتى فوڕات و دواجار لە سوریا دروستبکات کە بەدرێژایى مێژوى سوریاى نوێ هەموو هەژمونێکى لەدەستدابوو. لەبرى ئەوەى ئاسانکارى بۆ دانوستانى نێوان کوردەکان و دیمەشق بکات کاریکرد بۆ ئەوەى بەربەستى بۆ دروستبکات تەنانەت هەڕەشەى لە کوردەکان کرد بەوەى خەڵاتى دارایى بە ملیۆنان دۆلار لەسەر سێ دیارترین سەرکردەى پارتى کرێکارانى کوردستان کە جەمیل بایک، دوران کاڵکان و موردا قەرەیڵان- ن دانا. لەبرى ئەوەى نەخشەیەک بۆ گێڕانەوەى سەقامگیرى بۆ سوریا دابنێت، واشنتن کاردەکات بۆ ئەوەى بوونى چەکدارى خۆى لە باکورى خۆرهەڵاتى فوڕات و ناوچەى منبەج زیاتر بکات بەوەى خاڵى چاودێرى لەسەر سنورى تورکیا دادەنێت بە بیانوى ئەوەى ڕێگە لە چەکدارە کوردەکان بگرێت بەوەى نەپەڕێنەوە ناو سوریا، لە کاتێکدا مەترسى لەسەر ئەو کوردانە هەیە لەوەى تورکیا هێرشیان بکاتە سەر، نەک ئەوان هێرشبکەنە سەر تورکیا.   
بەڕونى ئەوەمان بۆ دەردەخات کە سیاسەتەکانى تورکیا لە سوریا ڕویەکى دیکەى سیاسەتەکانى ئەمریکایە. هەریەکێکیان هەوڵدەدات بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەو وڵاتە لەژێر هەژمونى خۆیاندا بهێڵنەوە، جێبەجێکردنى مەرام و سیاسەتەکان جگەلە ناکۆکى و دابەشکردن خزمەت بە هیچى دیکە ناکات، دەبێت یەکەم داواکارى کشانەوەى هێزە بیانییەکان و دانانى چارەسەرێکى سیاسى لە زوترین کاتدا کە هەموو سورییەکان ڕازیبکات، گێڕانەوەى ڕەوشەکە بۆ سروشتى خۆى و دۆسێى سورى لەوە دەرچێت کە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە ببێتە کەرەستەیەک بۆ قۆستنەوە و سەوداگەرى.



339 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
01/12/2018