چاوپێکه‌وتن ‌
گفتوگۆكردن دەربارەی بارودۆخی توركیا لە چاوپێكەوتنێكی بەهرۆز گەڵاڵیدا كە لە ماڵپەڕی دواڕۆژدا بڵاوبۆتەوە
دواڕۆژ، سامان قوبادی
دۆخی ئاڵۆزی ناوخۆ، تورکیا بەرەو کوێ دەبات؟ ھۆکارەکانی دەست لەکارکێشانەوەی داودئۆغڵو چین؟ ئایا حزبێکی نوێ دادەمەزرێنێت؟ شەڕی نێوان پەکەکە و حکومەت، باکوری کوردستان بەرە و قۆناغی ڕزگاری دەبات؟ تاچەند تورکیا لەبەردەم مەترسی دابەشبووندایە؟ ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی ھەدەپ چ ڕەنگدانەوەیەکی دەبێت لە ئاستی نوێدەوڵەتیدا؟ لە ئەگەری ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھەدەپ دەتوانێت ڕێژەی ١٠% تێپەڕ بکات؟

لە دیدارێکی دواڕۆژدا، بەھرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنکەرە، وەڵامی سەرجەم پرسەکان دەداتەوە، ھاوکات ئاماژە بە ھەڵوێستی تورکیا دەکات لەبارەی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان.

دواڕۆژ: دۆخی ناوخۆی تورکیا بەرەو ئاڵۆزی دەچێت. شەڕی ناو شارە کوردیەکان، ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی کورد، ھاوکات دەست لەکارکێشانەوەی داودئۆغڵو، ئەم ڕووداوانە تورکیا بەرەو کوێ دەبەن؟
بەھرۆز گەڵاڵی: دۆخی سیاسی تورکیا زۆر ئاڵۆزە بەتایبەت پاش ئەو شەڕەی لە دوای ھەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠١٥ لەنێوان حکومەت و پەکەکە دەستی پێکرد، پێشتر ھەوڵێکی زۆر ھەبووە بۆ ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی سیاسی کورد و دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکی گونجاو بۆ پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆ، ماوەی زیاتر لە ٣ ساڵ شەڕ ڕاگیرا و پرۆسەی ئاشتی ھەنگاوی باشی نا، بەڵام پاش ھەڵبژاردنەکەی ٢٠١٥ دووبارە شەڕ دەستی پێکردەوە. دەکرا ئەو شەڕە نەکرێ، چونکە وا پێدەچێت مەبەستێکی تایبەتی خۆی ھەبێت. لەوەتەی ئەو شەڕە دەستی پێکردوە لە ناوچە کوردیەکان خەڵکێکی زۆر شەھید و ئاوارە بوون، پێموایە کورد زەرەری لێ کردووە، کورد لە باکور ئاشتیی دەوێت، ھەوڵەدات دووربکەوێتەوە لە گرژی و ئاڵۆزی. لەلایەکی ترەوە کۆمەڵێک تەقینەوە شارە گەورەکانی تورکیای گرتۆتەوە بۆتە ھۆی دروستبوونی پشێویەکی زۆر لە تورکیا، دۆخی ئابوری و بەتایبەتی کەرتی گەشتوگوزار زیانی گەورەی بەرکەوتووە و بەھای لیرە دابەزیوە، پێدەچێت تا ماوەیەکی تر شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا بەردەوام بێت. 

دواڕۆژ: دۆخی ئێستای تورکیا و ئاڵۆزییەکان، باکوری کوردستان بەرەو قۆناغی ڕزگاری یەکجارەکی دەبات؟ ئایا تورکیا لەبەردەم مەترسی دابەشبووندایە؟
بەھرۆز گەڵاڵی: نەخێر، خەڵک بۆ دووبەرە دابەشبووە، بەشێکی پشتیوانی حکومەتی ئەکەپە دەکەن و ھاوکات بەشەکەی تر ڕەخنە لە حکومەت دەگرن، بەھۆی ئەو شەڕەوە دەنگی قەومیەکانی تورکیا بۆ ئەکەپە ڕۆیشتووە، سەرۆک کۆمار ھەوڵەدات دەنگی خۆی زیاد بکات، ھەروەھا دەنگەکانی مەھەپە ڕووی لە کەمبوون کردووەو چونکە پێناچێت ١٠% تێپەڕێنێت، چونکە پشتیوانی لە سیاسەتی ئەکەپە دەکات دژی کورد، ئەکەپە پێناچێت شەڕ ڕابگرێت. سەرۆکی نوێی داد و گەشەپێدان باس لە بەردەوامبوونی شەڕ دەکات ھەروەھا بەھێزکردنی ئابوری، لە ھەمووی گرنگتر بۆ ئەردۆغان سیستمی سەرۆکایەتیە، دەیانەوێت پێگەی جەماوەریی خۆیان بەھێزتر بکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، تاوەکو زیاتر لە ٤٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەستبھێنن و بتوانن سیستمی سەرۆکایەتی وەکو ئەوەی ئەردۆغان دەیەوێت بێتە ئاراوە و دەستوریش بگۆڕێت.

دواڕۆژ: کەواتە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا سیاسەت بۆ ئەردۆغانە، واتە دەنگی پێویست بۆ گۆڕینی دەستور و سیستمی سەرۆکایەتی بەدەستدێنێت؟
بەھرۆز گەڵاڵی: تائێستا ئەکەپە توانیویەتی سوود لەم شەڕە وەربگرێت و دەنگی خۆی لەناو نەتەوەپەرست و ئیسلامیەکاندا زیاد بکات، لە ھەڵبژاردنی داھاتوو زۆر زەحمەتە ھەدەپ ڕێژەی ١٠%ی دەنگەکان تێپەڕ بکات، ھیوادارم بتوانێت، ئەگەرچی زەحمەتە، چونکە شەڕەکە لەناوچە کوردیەکان تەشەنەی کردووە، ئەندام و کادرێکی زۆریان دەستگیرکراون، ھاوکات خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون، ڕەنگە ھەندێک لە پەرلەمانتارانی کورد بەھۆی لابردنی حەسانە بچنە زیندان، ئەوکاتە کاریگەریی لەسەر دەنگەکان دەبێت و دەنگی ئەکەپە زیاد دەکات. دەکرا ھەدەپ پاش ئەوەی ٨٠ کورسیی بەدەستھێنا سیاسەتێکی نەرمی لەگەڵ ئەکەپە بەکاربھێنایە بەیەکەوە حکومەتیان پێکبھێنایە و پرۆسەی ئاشتی بەردەوامبوایە. 

دواڕۆژ: لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاسۆی چارەسەری کێشەی کورد دەبینرێت؟
بەھرۆز گەڵاڵی: زەحمەتە، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ بە دیالۆگ و ئاشتیانە بە ھاوکاری و پشتیوانی بەڕێز ئۆجەلان، دەکرێت ھەدەپە ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە نێوان تورکیا و قەندیل، تا ھەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

دواڕۆژ: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کێشەی گەورە کەوتە نێوان ئەردۆغان و داودئۆغڵو  دەست لەکارکێشانەوەی داودئۆغڵو ئەکەپە بەرەو لاوازبوون و دابەشبوون دەبات؟  تاچەند ئەگەری دامەزراندنی حزبێکی نوێ ھەیە لەلایە داودئۆغڵو؟ ئایا ھۆکاری کێشەکان پەیوەندییان بەکوردەوە ھەیە؟
بەھرۆز گەڵاڵی: ئەردۆغان، داودئۆغڵوی کرد بە سەرۆک وەزیران دەیویست لەژێر سیاسەتی ئەو دەرنەچێت، بەڵام لەماوەی ئەو ساڵەدا داودئۆغڵو لە ھەندێک بیروبۆچووندا لێکدانەوەی سیاسی و پێشبینی و بۆچوونی جیاوازی ھەبوو. بۆنموونە ئەم شەڕەی ئێستا لەنێوان پەکەکە و حکومەت ھەیە داودئۆغڵو لەگەڵ ئەوەیە شەڕ ڕابگیرێت و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. دووەم، بیروباوەڕی ئازاد و مافی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دراونەتە دادگا، چونکە لەھەموو کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکان کە داودئۆغڵو بەشداریی دەکرد پێیاندەوت لە تورکیا بیروڕای ئازاد نەماوە و ڕۆژنامەنووسان دەدرێنە دادگا. ئەمەش یەکێک بوو لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیان. سێھەم، کە زۆر گرنگە بۆ ئەردۆغان، سیستمی سەرۆکایەتیە، داودئۆغڵو لە وتار و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا بەشێوەیەکی کەم باسی سیستمی سەرۆکایەتی دەکرد، لەکاتێکدا ئەردۆغان زۆر بەلایەوە گرنگ بوو جەماوەری تورک تێبگەیەنرێت سیستمی سەرۆکایەتی زۆر گرنگە بۆ تورکیا، ئەمانە ھۆکار بوون بۆ ئەوەی داوای لێ بکات دەست لەکار بکێشێتەوە. داودئۆغڵو ٢٣ ملیۆن دەنگی بەدەستھێنابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەردۆغان خۆی ھێناویەتی ھەر خۆیشی پێیوت بڕۆ. ئەو کەسەی ئێستا کراوە بە سەرۆکی ئەکەپە کاتی خۆی لە شارەوانی ئیستەنبوڵ لەگەڵ خۆی کاریکردووە و چەندین پۆستی تری ھەبووە. لە چەند ڕۆژی داھاتوودا حکومەت بە سەرۆکایەتی بینالی یەڵدرم پێکدەھێنرێت، بەڵام پێموایە سەرۆک وەزیرانێکی بەھێز نابێت چونکە ئەردۆغان دەیەوێت لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەو دەرنەچێت. جگە لەوە داودئۆغڵو نەدەیەوێت حزب دروست بکات و نە توانای ئەوەی ھەیە، ئەکەپە ئەردۆغان تێیدا بەھێزە چونکە خۆی یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانی.

دواڕۆژ: ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی ھەدەپ چ ڕەنگدانەوەیەکی دەبێت لەئاستی نێودەوڵەتی؟ کاریگەریی خراپی نابێت لەسەر پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەوروپا بەتایبەت کە دەیەوێت ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا؟
بەھرۆز گەڵاڵی: بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا بە دوور دەبینم،  چونکە ئەم ھەنگاوانەی پاش ٢٠١١ لە بواری بیروڕای ئازاد و ڕۆژنامەگەری و مافی مرۆڤ  و داعش، کۆمەڵێک ھەنگاون تورکیای بەرەو دواوە بردووە، ئەوروپا و ئەمریکا لەم سیاسەتەی تورکیا ناڕازین، تەنانەت کاتێک ئەنجێلا مێرکل ھاتە تورکیا باسی ھەڵگرتنی حەسانەی پەرلەمانتارانی ھەدەپی کردووە و بە کارێکی خراپی زانیوە کە تورکیا بەرەو دواوە دەگێڕێتەوە. تەنانەت سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ناڕەزایی خۆی دەربڕی، بۆیە پێموایە حکومەتی تورکیا لە ئاستی دەرەوەدا زەرەر دەکات.

دواڕۆژ: ھەرێمی کوردستان و تورکیا گرێبەستێکی درێژخایەنیان ھەیە لەبواری وزەدا، پێتوایە ئەوەندەی لەبەرژەوەندی تورکیایە لەبەرژەوەندی ھەرێمە؟
بەھرۆز گەڵاڵی: گرێبەستەکەم نەبینیوە، بەڵام لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستاندا نیە جگە لەوە مەلەفی نەوت شەفاف نیە و ئەوانەی ئاگادارن بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن.

دواڕۆژ: ھەڵویستی تورکیا چیە لەبارەی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان؟ چۆن لێ دەڕوانێت؟
بەھرۆز گەڵاڵی: تائێستا حکومەتی تورکیا ھیچ ھەڵوێستێکی خراپی نیە لەسەر ڕێککەوتننامەکە، من یەکەم کەس بووم  پرۆژەم بۆ یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نوسیوە، ئەو کاتەی من باسی یەکگرتنەوەی ئەم دوولایەنەم دەکرد زۆرکەس ھەبوو  بڕوایان پێی نەبوو، بەڵام ئێستا ڕێککەوتننامەیەکی سیاسی لەنێوان ھەردوولا واژۆکراوە کە بۆ چارەسەری کێشەکانە و بۆ دژایەتی ھیچ لایەنێک نیە.

دواڕۆژ: ھیچ زانیاریەکت ھەیە لە بارەی پێدانی ڤیزا؟
بەھرۆز گەڵاڵی: بەم نزیکانە بۆ نەخۆش و بازرگانەکان کارئاسانی دەکرێت، بەڵام لەڕێگەی ئیمەیڵ و پشتیوانی نەخۆشخانە پێویستە بۆ ئەوانەی نەخۆشن، ھەروەھا  بۆ ئەوانەی بازرگانن لە ژووری بازرگانی  بەئاسانی ڤیزایان پێدەدرێت.

1233 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
26/05/2016