چاوپێکه‌وتن ‌
بڕوا ناكه‌م توركیا هێرشی‌ زه‌مینی‌ بكاته‌ سه‌ر هه‌رێم

 
ئا: ئاوێنه‌
نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌توركیا به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌ رایگه‌یاند، مه‌سه‌له‌ی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندندا گه‌وره‌ كراوه‌‌و ترس‌و دڵه‌ڕاوكێی‌ دروستكردووه‌‌و ده‌ڵێت "پێموایه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێم روونادات‌و ئه‌گه‌ر شتی‌ وه‌ها مه‌ترسیدار رووبدات، زه‌ره‌ری‌ هه‌موو لایه‌كه‌". 
له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاوێنه، نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌توركیا، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ ئێستا له‌ئارادایه‌ له‌نێوان هێزه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌و سه‌ربازه‌كانی‌ توركیا، بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ تێكچوونی‌ بارودۆخه‌كه‌‌و دروستبوونی‌ ته‌نگه‌ژه‌ی‌ تازه‌و ده‌ڵێت "تێكڕای‌ ئه‌و بارودۆخه‌ تازه‌یه‌ زه‌ره‌ری‌ له‌هه‌موو ئه‌و جموجوڵانه‌ دا كه‌ به‌ڕێوه‌بوون بۆ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌، ده‌توانم بڵێم تاراده‌یه‌كی‌ زۆر ئه‌و شتانه‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ دواوه‌".
ناوبراو جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر خه‌ڵكی‌ سڤیلی‌ كوردستان‌و ده‌ستدرێژییه‌كانی‌ سه‌ر خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ مه‌حكوم ده‌كه‌ن‌و ده‌ڵێت "ئێمه‌ له‌ڕۆژی‌ 21/8 كه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ ناحه‌ق شه‌هید بوون به‌ هۆی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ توركیاوه‌، به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ئیدانه‌كردنمان ده‌ركرد، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ لێ شه‌هید كراوه‌، شوێنێكی‌ گشتی‌ بووه‌ نه‌ك شوێنی‌ چه‌كدارانی‌ په‌كه‌كه‌ بووبێت".
به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ له‌و وڵاته‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان گله‌ییان له‌حكومه‌تی‌ توركیا كردووه‌‌و داوایان كردووه‌ كه‌ ئه‌و هێرش‌و په‌لاماردانانه‌ رابگرێت‌و هاوكات داوا له‌پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان ده‌كات كه‌ هێرشه‌كانیان رابگرن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌شێكی‌ ئارام دروستبێت بۆ ئاشتی‌.
گه‌ڵاڵی‌ باس له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌كات كه‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان‌و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ له‌توركیا ئه‌نجامیان داوه‌‌و ده‌ڵێت "له‌م بارودۆخه‌دا چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌موو حیزبه‌ سیاسیه‌كانی‌ توركیا كۆبوونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان‌و كۆنگره‌ی‌ رۆژنامه‌نوسییان به‌ستبوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ رابگیرێت".
سه‌باره‌ت به‌و لێدوانانه‌ی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا كه‌ گوایه‌ كوشتنی‌ حه‌وت هاووڵاتی‌ سڤیل دروستكراوه‌، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ ئیدانه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ كارێكی‌ ناڕه‌وایه‌و به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ فه‌قیرو هه‌ژار كراوه‌، به‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیامان راگه‌یاند كه‌ زۆر نیگه‌رانین له‌و مه‌سه‌له‌یه‌‌و ئه‌وانیش پێیان راگه‌یاندین كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ تێداده‌كه‌ن". ناوبراو باس له‌وه‌ ده‌كات توركه‌كان داوایان لێكردووین كه‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌یان بۆ دیاری بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی‌ بۆیان ده‌ربكه‌وێت كه‌ ئه‌و شوێنه‌ی‌ فڕۆكه‌ بۆردومانی‌ كردووه‌، شوێنێكی‌ مه‌ده‌نییه‌ یان سه‌ربازی‌ په‌كه‌كه‌یه‌.
سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌كی‌ حكومه‌تی‌ ئێران بۆ سوپای‌ توركیا له‌لێدانی‌ بنكه‌كانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستاندا، نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ له‌توركیا باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و زانیاری‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ نییه‌. به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌ پێیوایه‌ كه‌ له‌ڕێگای‌ ئاشتی‌‌و دیموكراتی‌‌و به‌ره‌وپێشبردنی‌ ره‌وشی‌ دیموكراسییه‌وه‌ كێشه‌ی‌ كورد چاره‌سه‌ر ده‌كرێت‌و ده‌ڵێت "بڕوامان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاشتی‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت نه‌ك به‌ شه‌ڕ".

 

1074 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/05/2015