ئۆجەلان: "نەخۆشكەوتنەی مام جەلال زیانێكی گەورەیە كە ئێستا دەیتوانی زیاتر یارمەتیمان بدات"
بەهرۆز گەڵاڵی:
*"مام جەلال لەلایەن دەوڵەتو پەكەكەشەوە داوای ئەو نێوانگیرییەی لێكراوە".
*كۆپیی هەموو كۆنووسو نامە ئاڵوگۆڕكراوەكانو بەڵگەكان لامان پارێزراوەو كاتی خۆی دێت بڵاوی بكەینەوە.
رەخسانی دۆخێكی ئارام لەكوردستانی باكوورو كۆتاییهاتن بەشەڕ لەو وڵاتە، جگە لەوەی بەلای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەبێتە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ ئارامییو سەقامگیرییەكی زیاتری باشووری كوردستانیش، بەڵكو هاوكارییو هاریكاریی خەڵكو هێزە كوردستانییەكانی دیكەی بەئەركێكی نیشتمانیو نەتەوەییو مرۆییو ئەخلاقیی خۆی زانیووەو لەسەرەتای دامەزراندنییەوە هەم بڕوای پێی هەبووەو هەم كاریشی بۆ كردووە، ئێستاش كە بەرەو پێشچوونێك لەتوركیادا سەبارەت بەكرانەوەی زیاتر بەڕووی دیموكراسیو چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لەباكوور هاتۆتە ئاراوە، یەكێتی نەك هەر پشتیوانیی لێدەكات، بەلكو خاوەندارێتیش لەو هەوڵانە دەكات كە لەساڵی 1993وە بەردەوامەو چ لایەنی دەوڵەتو چ لایەنی پەكەكەش بەپێزانینەوە لەو هەوڵو رۆڵەیان روانیووە كە ی.ن.كو بەتایبەتیش هەڤاڵ مام جەلال خستوێتیە گەڕ بۆ چەسپاندنی دیموكراسیو ئاشتییەكی هەمیشەییو پێكەوەژیانی هەردوو نەتەوەو كۆتایی هێنان بەخوێنڕێژی. لەوبارەیەوە بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری ی.ن.ك لەتوركیا وەك كەسێكی بەئاگا لەو هەوڵانە كە بۆخۆشی رۆڵی دیاری هەبووە لەو كایەیەدا، لەوەڵامی پرسیارەكانی كوردستانی نوێ-دا رووناكیی دەخاتە سەر هەندێك لەو هەوڵانەو رەوتی گفتوگۆكان لەقۆناغە جیاجیاكاندا.
دیداری: كوردستانی نوێ
*لەبەشێك لەمیدیاكانی توركیاوە بەگشتی قسەوباس گەرمە لەبارەی گفتوگۆی هەنوكەیی نێوان ئیمرالیو دەوڵەتی توركیاو سەردانە مەكۆكییەكانی لێپرسراوانی BDP بۆ لای بەڕێز ئۆجەلانو لێپرسراوانی قەندیلو لەو رووەشەوە هەر كەناڵو رۆژنامەیەك بەجۆرێك سیناریۆو شرۆڤەی ئەو گفتوگۆیانەو سەرەنجامەكانیان دەكەن، بەڕێزتان وەك كەسێكی ئاگادار لەرەوتی گفتوگۆكان چ سەرنجێكتان لەبارەی قسەوباسی میدیاكانەوە هەیە؟
-بەرلەوەی بچمە ناو وردەكارییەوە، تەئكید دەكەمەوە كە بەشێكی زۆر لەمەحزەری ئەو كۆبوونەوانەو وردەكارییەكانیو ئاڵوگۆڕی نامەكانی قەندیل- دەوڵەت- ئیمرالیو بەدیكۆمێنت لەلای بەندە هەیە،كە هەرلەسەرەتایی 2002وە ئەم بیرۆكەیەدەستی پێكردو بەشێكی ئەوانەی لەمیدیاكانەوە بڵاودەبنەوە شرۆڤەو تێڕوانینو قسە وتەعبیرن لەبۆچوونی ئەو نووسەرو رۆژنامەنووسانە، بۆیە من لەدوایین هەوڵەوە دەستپێدەكەم، كە لەنیسانی 2012دا پارتی كرێكارانی كوردستان، جارێكی دیكە داوایان لەجەنابی مام جەلال كردەوە كە بێتەوە ناو مەسەلەكەوە تا دەوڵەتی توركیا قایل بكات گفتوگۆكانی ئۆسلۆ زیندوو بكاتەوە، داواشیان كرد كە هەوڵبدات لێپرسراوانی توركیا رازیبكات كە ئەو دابڕینەی بەڕێز ئۆجەلان هەڵبگرنو بەڵێنیشیاندا كە ئەوان ئامادەن هەنگاوی جدیی بنێن، بەڵام با دەوڵەتیش هەندێك هەنگاوی جیدی بنێتو ئەو توندوتیژییە كۆتایی پێ بهێنرێت كە لەنێوان هەردوولادا دروستبووە.
ئامادەین نێوانگیریی بكەین
بۆئەو مەبەستەش جەنابی مام جەلال كە ئەوكات لەسلێمانی بوو، داوای لێكردم بێمەوە بۆ سلێمانیو لەبۆچوونی منی پرسی سەبارەت بەو داوایەی پەكەكەو بەندەش بەراشكاوانە پێموت: ئەگەر پەكەكە بەراستیانە لەو مەسەلەیەدا بۆنا؟چونكە پێشتر چەندین جاریتر هەوڵوماندوبونی زۆرمان دابو .بەڵام بەداخەوە كە نزیك دەبو لەئەنجام ! لەپڕ ڕوداوێكی شەڕلەلایەن هەردولاوە ڕویدەداوسەرلەنوێ ڕیسەكە دەبویەوە خوری . كۆسپ و تەگەرە دروستدەبونەوەلەپێش پرۆسەكە. ئیتر بەرلە سەفەری یەكەمی مام بۆ بەرلین بۆ نەشتەرگەرییەكەی ئەژنۆی، برادەرانی پەكەكە پەیوەندییان پێوە كردبۆوەو پێیانوتبوو ئێمە جدین لەو مەسەلەیەدا. ئەوەبوو كە لەئەڵمانیا بوو دوای نەشتەرگەرییەكە جارێكی تر ناردی بەشوێنمداو پەیامێكی دامێ تا بەلێپرسراوانی توركیای رابگەیەنم كە پەكەكە سەبارەت بەدووبارە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان داوایان لەمام جەلال كردووە رۆڵێك ببینێتو بكەوێتە نێوانەوەو ئەوانیش (واتا پەكەكە) ئامادەن هەندێك شت بكەن. هەروەها مام وتی: "پێیان رابگەیەنە ئەگەر توركیاش دەیەوێت بەئاشتی مەسەلەكە چارەسەر بكات، وەك چۆن لە 2002 دەستمان پێكرد تاگەیاندنی بەكۆبوونەوەكانی ئۆسلۆ وتاساڵی 2011.ئێستاش ئامادەم". هەروەها سەرۆك تاڵەبانی رایسپاردم كە ئەوەیان بەبیربهێنمەوە كە كاتی خۆی لەسەردەمی سەرۆكی كۆچكردوو تۆركوت ئۆزال-یش یارمەتیی داون و وتی: "پێیان بڵێ ئەگەر ئێستاش برا توركەكان رازین، ئەوا هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ زیندووكردنەوەی دانیشتنەكانی پێشوو.
*سەرۆك مام جەلال لەو دۆخەدا هیچ نەخشە رێگایەكی هەبوو بۆ چۆنێتی دەستپێكردنی هەنگاوەكان لەحاڵەتی رازیبوونی لێپرسراوانی توركیادا؟
-دیارە سەرۆك مام جەلال بەوپێیەی سەرۆك كۆماری عیراقیشە ئەو ئەركە هەم بۆ ئەو ئاسان بو ،وە هەم قورسیش بوو، ئاسانە چونكە دەتوانێت یەكسەر ئاڵوگۆڕی نامە لەگەڵ لێپرسراوانی باڵاو خاوەن بڕیاردا بكات، قورسیشە چونكە لەڕووی پرۆتۆكۆلەوە ئەوە مەسەلەیەكی ناوخۆیی توركیایە، بەڵام پێشتر سەرۆك مام جەلال داوای ئەوەی كرد كە داخۆ برا توركەكان رازین من كەرەتێكی تر بكەومە نێوانیانەوە؟ بۆیە ئەو ئەگەرەشی خستە پێش چاوو وتی: "ئەگەر رازیی بن من بەنیازم نامەیەك بنووسمو بۆچوونەكانی خۆمی تێدا باس بكەم" بەڵام وتیشی: بەو سیفەتەی بەندە سەرۆك كۆمارم "لێیان بپرسە نامەكە بۆ كێ ئاراستە بكەم؟ بۆیە بۆ نووسینی نامەكەش چاوەڕوانی وەڵامی توركەكان بوو.
*كەی پەیامەكەی سەرۆك مام جەلال-تان گەیاندە لێپرسراوانی ئەنقەرە و وەڵامی ئەوان تاچەند دڵخۆشكەربوو لەوبارەیەوە؟
-هەر یەك رۆژ لەدوای گەڕانەوەم لەبەرلین بۆ ئەنكەرە واتە رۆژی 14/6/2012 پەیوەندیم بەلێپرسراوانكردو ئەوانیش دوو لێپرسراویان بۆ دەستنیشان كردم كە لەگەڵیان دابنیشمو پەیامەكەی سەرۆك مام جەلالیان پێ رابگەیەنم، دیاربوو ئەوانیش پەرۆشییەكیان هەبوو چونكە هەر ئەو رۆژە بۆ ئێوارەكەی ئەو دوو لێپرسراوەی دەوڵەتم بینیو پەیامەكەم پێ راگەیاندنو ئاگاداریان كردمەوە كە وەڵامەكەم پاش چەند رۆژێك دەدەنەوە.
ئەوەبوو پاش تاوتوێكردنی لەلای خۆیانو بڕیاردان لەسەر مەسەلەیەكی وا هەستیار كەمێك بابەتەكە دواكەوت، بەڵام پاش نزیكەی مانگو نیوێك دروست لە رۆژی 31/7/2012 رۆژێك بەتەلەفۆن ئاگاداریان كردمەوە سەبارەت بەوەی بەرپرسێكی باڵاتر دەیەوێت بمبینێت بۆ تاوتوێكردنی پەیامەكەی مام، بۆئەوەش رۆژی 8/8/2012 دیاریكرا، منیش دەستبەجێ بەتەلەفۆن جەنابی سەرۆك مام جەلالم لە وادەی دانیشتنەكەم لەگەڵ ئەو لێپرسراوە ئاگاداركردەوە و فەرمووی بچۆ.
* تاچەند دیدارەكەتان لەگەڵ لێپرسراوەكەی توركیا گەشبینی كردن بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی هەوڵەكان لەلایەن سەرۆك مام جەلال-ەوە؟
-لێپرسراوەكەی توركیا زۆری پێ باشبووو ئەگەرچی هەندێك تێببینیان لەسەر ئەوە هەبوو كە گوایە پەكەكە جدی نین لەو مەسەلەیەدا، بەڵام پێی وتم: "بە ساین تاڵەبانی بڵێ بڕوامان بەهەوڵو تەقەللاكانی ئەو هەیەو پێشی رابگەیەنە كە نامەكە بۆ فلانەكەس() بنوسێ .كەبەندە ئێستا پَیمباش نیە ناوی ئەم لێپرسراوانە بدركێنم .چونكە ئەم پرۆسەیە نەیاری زۆرە..دەستبەجێ پاش كۆبوونەوەكە، بەتەلەفۆن پەیوەندیم بەسەرۆك مام جەلال-ەوە كردو پێموت: "دیدارەكەم لەگەڵ لێپرسراوەكەی دەوڵەت باش بووە".
بۆ رۆژی دواتر چوومەوە بۆ بەرلینو كۆنووسی دیدارەكەشم برد بۆ سەرۆك مام جەلال، پێش رۆیشتنیشم بەڕێز ئەحمەد توركم بینیو پوختەیەكم لەبارەی دیدارەكەم لەگەڵ لێپرسراوانی دەوڵەت بۆ باسكردو ئەوانیش زۆریان پێخۆشبوو بەلاشیانەوە هەنگاوێكی گرنگ بوو. مام زۆر بەو ئەنجامە دڵخۆش بوو، بۆیە پاشە مانەوەم بۆ چەند رۆژێك لەوێ،هەرچەندە تەندروستیشی زۆرباش نەبو .چونكە زۆرنەبو نەشتەرگەرییكەی بۆكرابو. بەڵام لەگەڵ ئەوەش رۆژی 15/8/2012 نامەكەی بۆ نووسیمو هەمان رۆژ گەڕامەوە بۆ ئەنقەرەو رۆژی 16/8/2012 نامەكەم گەیاندە لێپرسراوانی توركیا. كە لەنامەكەدا" كە كۆپییەكی لای منە" سەرۆك تاڵەبانی نووسیویەتی: " هەقە كێشەی كورد چارەسەر بكەیت، من ئامادەم بۆ چارەسەر هاوكاریت بكەم" لەبەشێكی دیكەیدا هاتووە "باشترین كەس بۆ گفتوگۆ بەڕێز ئۆجەلانە"، هەروەها لەبارەی چارەسەرەوە وە نووسیوێتی: "مەسەلەی بوونی كورد لەدەستوور، دانانی ئۆجەلان لەخانوویەك، مەسەلەی لێبووردنی گشتی، پاشان مەسەلەی چەكدانانو هەندێك شتی دیكە".
*ئایا قەندیلو سەركردەكانی پەكەكە تاچەند ئاگایان لەم هەوڵانە بوو یان تاچەند وردەكارییەكەیان دەزانی؟
-رۆژی 16/8 دوای رادەستكردنی نامەكە بۆ لێپرسراوانی دەوڵەت، من بەمەبەستی نزیكبوونەوەی وادەی جەژن گەڕامەوە كوردستان بۆ هەولێرو سلێمانیو كە گەیشتمە سلێمانی بەڕێز مامۆستا حەمە ئەمین پێنجوێنی-م بینیو هەوڵەكانی ئەو ماوەیەم وەك پەیامێك پێ راگەیاند تا بیگەیەنێتە برادەرانی قەندیل.
لەڕۆژانی جەژن لەهەولێر بووم، لێپرسراوانی توركیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان پێوەكردم تا وادەیەكی بینینی سەرۆك مام جەلال-یان بۆ رێكبخەم تا لەنزیكەوە گفتوگۆی لەگەڵدا بكەنو منیش هەمان رۆژ بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ جەنابی مام جەلال كردو رەزامەندیم بۆ وەرگرتنو وەفدەكە رۆژی 31-8-2012 چوونە لای سەرۆك لەبەرلینو لەوێ پاش گفتوگۆیەكی سەركەوتوو و تاوتوێكردنی دۆخەكە سەرۆك تاڵەبانی نەخشەڕێگەیەكی سەبارەت بەئاشتیو چارەسەری كێشەكان پێ راگەیاندبوون.
*ئەو نەخشە رێگەیە تائێستا لەلایەن لێپرسراوانی توركیاو پەكەكەوە تاچەند كاری لەسەركراوە، تاچەند پەكەكەش هاوكارن لەو پڕۆسەیەدا؟
-لەدوای ئەو دیدارەی سەرۆك تاڵەبانییەوە، وردە وردە كۆبوونەوە لەنێوان لێپرسراوانی توركیاو بەڕێز ئۆجەلان بەنهێنی دەستیپێكرد ،
رۆژی 17/9/2012 كە مام لەبەرلین گەڕایەوە بۆ سلێمانی، بۆ رۆژی دواتر داوایلێكردم كە خۆمو ئەحمەد توركو ئایسەڵ تۆغڵۆك بگەینە سلێمانیو لەوێ باسی وردەكاریی دیدارەكەی خۆیو لێپرسراوەكەی ئەنقەرەی كرد كە لەبەرلین بینیووێتی، لەو دیدارەدا توركو تۆغڵۆك زۆر سوپاسیان كردو داوایان لێكرد كە بەردەوام لەگەڵ قەندیلو ئەنقەرە لەپەیوەندیدا بێت تا چیتر ئەو گفتوگۆیانە كۆسپیان نەیەتەرێ، مام لەو دیدارەدا ئەوەشی ئاشكراكرد كە بەر لەدوو رۆژ نوێنەرێكی سەركردایەتی پەكەكە هاتۆتەلایو رەزامەندیی خۆیان لەسەر هەوڵەكان دەربڕیووە، هەربۆیە مام پێی وتم: "كە گەڕایتەوە بەلێپرسراوانی توركیا رابگەیەنە كە رای ئۆجەلان، رای قەندیلەو ئەوان بەقسەی ئۆجەلان دەكەن، هەوڵی هەمووشمان بۆ چارەسەری كێشەی كوردەو ئاشتییەكی راستەقینەیە، بۆیە باشترین كەس بۆ گفتوگۆ بەڕێز ئۆجەلانە".
*لەو ماوەیەی كە بەڕێزان توركو تۆغلوك لەسلێمانی مانەوە، هیچ دیدارێكیان لەگەڵ لێپرسراوانی پەكەكەدا نەكرد؟
-بەڵێ، دوای دوو رۆژ مانەوەیان لەسلێمانی، دوو برادەریان هات بۆلامانو ئەوان بەجیاو منیش بەجیا لەگەڵیاندا دانیشتین، هەموو قسەكانی خۆمان پێ راگەیاندنو لەگەڕانەوەشمدا بۆ ئەنقەرە وردەكاریی سەردانەكەو ئەنجامەكانیم پێ راگەیاندن، ئیتر گفتوگۆی ئیمرالی دەستیپێكردەوەو تائەمڕۆش بەردەوامە، تەنانەت مام لە موقابەلەیەكی كە لەگەڵ ڕۆژنامەنوس حەسەن جەمال لە16-11-2012لەڕۆژنامەی میللیەتی توركی لەسلێمانی ئەنجامیدا و باسی هەندێ لەهەوڵ و سەرنجەكانی خۆی دەربارەی پرۆسەكە بۆحەسەن جەمال كردبو. ڕۆژنامەی میللیەتیش نەخشەڕێگاكەی جەنابی مامی رۆژی دوایی وەك خۆی بڵاوكردبۆوە. كەچەند پەیماێكیشی بۆكاربەدەستانی توركی و پەكەكە تێدابو.بەڵام بەداخەوە جەنابی مامجەلال لە17-12-2012 توشی ئەم نەخۆشیە كتوپڕیە بوو! ئەگەرنا هێشتا بەرنامەی تر هەبوو كەلە سلێمانی ئەنجامبدرێ و دەیتوانی زیاتر هاوكاری پرۆسەكە بكات.
*تاچەند سەردانەكەی ئەحمەد تورك بۆ ئیمرالی پەیوەستبوو بەدیدارەكەی لەگەڵ سەرۆك مام جەلالو ئەم دووبرادەرە ؟
-خودی بەڕێز ئۆجەلان لەگفتوگۆكانی لەئیمرالی لەگەڵ لێپرسراوانی توركیادا، بەناو داوای بینینی ئەحمەد توركی كردبوو و هەروەك وتبووی با ژنێكیش لەسەركردەكانی پارتی ئاشتیو دیموكراسی لەگەڵیدا بێت، ئەوەبوو رۆژی 3/1/2013 ئەحمەد تورك لەگەڵ ئایلا ئاكات-دا چوون بۆ ئیمرالی دیدارەكەیان سەرەتا بەئامادەبوونی لێپرسراوانی توركیا بووە، بەڵام دواتر بۆ ماوەی دوو سەعات بەتەنیا لەگەڵ ئۆجەلان كۆبوونەوە، ئەم سەردانەش بۆ ئەوەبوو كە وردەكاریی گفتوگۆكانی بەڕێز ئۆجەلان بگەیەننە قەندیلو نوێنەری پەكەكە لەئەوروپاش.
*لێرەو لەوێ بۆ چەواشەكردنی رای گشتی كوردستانو نادیدەگرتنی رۆڵی سەرۆك مام جەلال لەهەندێك میدیاوە قسەوباسی زۆر دەكرێت، چی بەوجۆرە میدیایانە دەڵێیت وەك كەسێكی ئاگا لەوردەكارییەكانی ئەو پڕۆسەیە؟
-كێشەكە كێشەیەكی دێرین و مێژووی و كێشەیەكی ئاڵۆزە، بەڵام مام جەلال هەرلەسەرەتاوە پشتگیرو پشتیوانی ئاشتیو گرتنەبەری خەباتی دیموكراسیو دیالۆگ بوو ، دیارە خەڵكێكی زۆر لەرووناكبیرو كەسایەتی سیاسیی دیموكراتخوازی كوردو توركیش لەم بۆچوونەدا هاوڕابوونو ئەگەرچی بەهۆی ئاڵۆزییو تەمەنی كێشەكەوە قسەكردن لەسەر ئاشتیو چارەسەری دیموكراتیانە جورئەتێكی سیاسیی دەوێت، بەڵام ئەم هەوڵانەی سەرۆك مام جەلال لەساڵی 1993وە لەسەر داوای خوالێخۆشبوو سەرۆك ئۆزال دەستیپێكردووەو شانی داوەتە بەر ئەو ئەركەو هەرگیزیش چاوەڕوانی سوپاسی هیچ كەسێك نەبووەو بەئەركی نیشتمانیو نەتەوەییو مرۆیی خۆیی زانیووە تا چیتر مرۆڤ نەكوژرێت، هەر بەو هەوڵە سەرەتاییە لەو دۆخەی ئەوسادا توانیی بەڕێز ئۆجەلان رازیبكات كە لە 16/3/1993دا بۆیەكەمجار ئاگربڕ رابگەیەنێت، بەڵام بەهۆی رووداوێكی سەربازیی لە ئایاری هەمان ساڵدا پڕۆسەكە وەستا.
ناكرێت خەباتی پەكەكەش فەرامۆش بكرێت
لەهاتنە سەركاری پارتی دادوگەشەپێدانیشەوە لەساڵی 2002 جارێكی دیكە ئەو پرۆسەیە پێی نایە قۆناغێكی نوێوەو ئەردۆگانو پارتەكەی لەگرنگیی پێویستیی چارەسەری كێشەی سیاسیی كورد لەتوركیا تێگەیشتنو زیاتر هەنگاویان نا بۆ كرانەوەی دیموكراسیو هەنگاونان بۆ دیالۆگو وتارە مێژووییەكەی ئەردۆگانیش لە دیاربەكر لە12/8/2005 كە وتی: "لەتوركیا كێشەی كورد هەیەو كێشەی كوردیش كێشەی منە".
هەروەك ناشكرێت رۆڵو خەباتو خۆڕاگریی پەكەكەو عەبدوڵڵا ئۆجەلان-یش لەزیندان لەبەرەوپێشبردنی خەباتەكەیانو داخوازییەكانی كورد فەرامۆش بكرێت، بەڵام لێرەدا قسە لەسەر رۆڵی جەنابی مام جەلال-ەو ئەو بەدرێژایی ئەو ماوەیە هەر بەردەوام بووە لەهەنگاونان بۆ زەمینە خۆشكردنو لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانی هەردوولا بەندە بەدۆكیۆمێنتەوە شاهیدی زیندووم كە لەهەردوولاوە تەكلیفكرا كە رۆڵی خۆی ببینێت.
بەڵام بەداخەوە لەم چەند رۆژەی دواییدا هەندێك دەیانەوێت هەموو ئەو هەوڵانە لەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بشێوێنن، ئەمڕۆ كە پرۆسەكە لەسەرەتای رێگادایە ناكرێت باسی هەمووی بكەینو بچینە ناو وردەكارییەوە، چونكە چۆنێتی دەستپێكردن، هاتنو چوون، كۆبوونەوەو گفتوگۆكان، دیكۆمێنتو نامەكان، كۆنووسی كۆبوونەوەكان هەمووی لەئەرشیفەكەی بەندەدا پارێزراونو رۆژی خۆی دێت ئەم بەڵگەنامانە هەمووی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان روونبكرێنەوەو جەنابی مام جەلالو بەندە ئاگاداری زۆربەی هەرەزۆری وردەكارییو نهێنییەكانو هەنگاوەكانی پشتی پەردەین.
*دوای دیدارەكەی ئۆجەلانو تورك هیچ وردەكارییەكتان دەستكەوتووە لەبارەی تێڕوانینی بەڕێز ئۆجەلانەوە سەبارەت بەچارەسەری پرسی كوردو جدییەتی دەوڵەتی توركیا لەوبارەیەوە؟
- واهەست دەكەم پێی وایە ، دەوڵەت و حكومەت ئێستا ناتوانن لەزەرفی ئەمڕۆ بەو شەرت و مەرجانەی كەهەیە چارەسەری كێشەی كورد بەتەواوی بكرێت ، یان لەدەستووردا بنووسێت كە كورد لەتوركیادا هەیەو شەریكن لەم وڵاتەدا، بەڵكو دەنووسرێت هەموو كەسێك كە لەتوركیا دەژی، هاووڵاتیی كۆماری توركیایە، پێیان وایە ئەمڕۆ ئەمە بۆ كورد باشە. چونكە چیتر كورد بەتورك ناناسرێت، چونكە ناشتوانێت ناوی هەموو نەتەوەو ڕەگەزەكان لەدەستووردا بنووسرێت. هەروەك پێیوایە كە سێ ساڵی رابردوو لەدەستچووەو گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی كە دەبێت شەڕ بووەستێت، چونكە كێشەكە بەخەباتی بەئاشتیو دیموكراسیو خەباتی پەرلەمانی بەرەوپێشەوە دەچێت،
بەڕێز ئۆجەلان لەدیدارەكەیدا بە ئەحمەد توركی وتووە داواكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی ئەمڕۆ لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا كارێكی زەحمەتەو كورد تووشی ماڵوێرانی دەكاتو هەلومەرجی ئەمڕۆی سیاسەتی نێودەوڵەتیش لەبارنییە بۆ درووستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی كورد، لەبارەی دۆخی خۆشییەوە ئەحمەد تورك وتی : "هیچی بۆخۆی داوا نەكردووەو وتوویەتی من تەنیا كیشەی كوردم بەلاوە گرنگە، خۆم هیچم ناوێت".
ئەحمەد تورك دوای دیدارەكەی ئەوەشی وت "ئەو داوایانەی ئۆجەلان قورس نین بۆ دەوڵەتو بۆئەوەی ئەمانەش بگاتە ئەنجام پێویستە پەكەكە پاشەكشە لەناو خاكی توركیا بكاتو لە نەورۆزدا ئاگربڕ رابگەیەننو لەشەڕ دووربكەونەوە".
هەروەك ئەحمەد تورك ئاماژەشی بەوەكرد كە بەڕێز ئۆجەلان زۆر خەمباربووە بۆ دۆخی تەندروستیی جەنابی مام جەلالو هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ خواستووەو وتووێتی: "ئەو نەخۆشكەوتنەی زیانێكی گەورەیە كە ئێستا دەیتوانی زیاتر یارمەتیمان بدات، چونكە ئەو هەمیشە پشتگیرو پشتیوانی كوردی توركیا بووە".
لەكۆتایدا سوپاستان دەكەم بۆ ئەم چاوپێكەوتنە و بێگومان وەڵامەكانم بەشێكن لەچوارچێوەی ئەم هەنگاوانەی كەبەندە لێیان ئاگادارم وبەس . .....
|