چاوپێکه‌وتن ‌
كێشەی كورد لە توركیا بەبێ بونی ئۆچەلان و پەكەكە لە پرۆسەكەدا چارەسەرناكرێت

بەهرۆز گەڵاڵی: كوردەكان باشتر لەجاران كاریان بۆ هەڵبژاردنەكە كردووە 

رووداو
بڕیارە سبەی یەك شەممە نزیكەی 50 ملیۆن هاوڵاتی لە توركیا رووبكاتە سندوقەكانی دەنگدان بۆ دیاریكردنی 550 ئەندامی پەرلەمان ‌و پێشبینی دەكرێت ئەمجارە كوردەكان‌و پارتی دادو گەشەپێدان دەنگی زیاتر بەدەستبهێنن.
پارتی دادو گەشەپێدان چاوی لەوەیە لە هەڵبژاردنەكەی  سبەینێدا زۆرترین كورسی بەدەستبهێنێت تا بتوانی بەتەنها حكومەت پێبكهێنێت. بەهرۆز گەڵاڵی  نوینەری یەكێتی نیشتمانی لە توركیا بە (رووداو)ی راگەیاند هەڵبژاردنەكە تاقیكردنەوەیەكی زۆرگەورەیە،چونكە ئەردۆغان بەنیازە لەساڵی 2012 خۆی بۆ سەرۆك كۆماری توركیا كاندید بكات. لەبەرئەو هۆكارە پارتی دادو گەشەپێدان وئەردۆغان هەموو تواناو هێزی سیاسی و ئەو ئیمكانیاتەی كە هەیانە خستویەتیانەگەڕ لەپێناوی هێنانی دەنگێكی زۆرو لەهەمانكاتیشدا ئەردۆغان خۆی تاقیدەكاتەوە لەناو گەلی توركیا كە تا چ ڕادەیەك خۆشەویستەو گەلی توركیا  ئەویان دەوێت.
توركیا لەسایەی حكومەتەكانی دادو گەشەپێداندا لەرووی سیاسی و ئابووریەوە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوەو ساڵی 2010 كە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان كێشەی گەورەی ئابووریان هەبوو، ئابووری توركیا بەڕێژەی 8,9% گەشەی كردووەو ئێستا دەوڵەتی توركیا بە حەڤدەهەمین ئابووری بەهێز دەناسرێت لەسەر ئاستی جیهان. بەرنامەی ستراتیجی ئاك پارتی ئەوەیە كە تا ساڵیادی دامەزراندنی دەوڵەتی توركیا كە 2023یە، واتە سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر درووستكردنی كۆماری توركیا، لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە.
لەبارەی ژمارەی كورسییەكانی ئاك پارتیەوە بەهرۆز گەڵاڵی رایە وایە كە  هەرئەگەر پارتی بزووتنەوەی نەژادپەرستی توركیا(مەهەپە) ڕێژەی لەسەدا 10%  تێپەربكات، ئەوا لەوحاڵەتەدا ئاك پارتی(AP) نزیكەی( 310تا 315)كورسی دەهێنی، كەدەكاتە نزیكەی 45% ی دەنگەكان .ئەگەر مەهەپە ڕێژەی 10% ی دەنگەكان بەدەست نەهێنێت، ئەوا رێژەی دەنگەكان و ژمارەی كورسییەكانی ئاك پارتی بەرز دەبێتەوە بۆ( 360 تا 370)،بەڵام بەپێی لێكدانەوەو ڕاپرسیەكان پارتی بزوتنەوەی نەژاد پەرستی توركیا (مەهەپە) دەگاتە سەدا 12% و ئەمەش مانای هێنانی نزیكەی 50تا 52 كورسی پەڕلەمانی دەگەیەنی .
لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئەگەر ئاك بارتی دەنكی زۆر بهێنێت، هەڵویستی لەبارەی كیشەی كورد لە توركیا نەرمتر ئەبیت یان توند دەبێت، بەهرۆز گەڵاڵی وتی:"ئەگەر ئاك پارتی 367 كورسی بەدەستهێنا لە پەرلەمان، ئەوا بەئاسانی دەتوانێت دەستور بگۆڕێت و گۆڕینی دەستووریش بۆكورد باش دەبێت‌و پرۆسەی ئاشتیش بەردەوام دەبێت".
گەڵاڵی لەبارەی  ژمارەی كورسییەكانی  كوردو كاریگەری كەم‌و زۆری كورسییەكان وتی:" ئەمجارەیان كورد بەیەكگرتوی و باشتر لەجاران كاریان بۆ ئەو هەڵبژاردنەكە كردووەو پارتی ئاشتی و دیموكراسی و كۆنگرەی جڤاتی دیموكراتیك و پارتی بەشدارو پارتی ماف و ئازادیەكان و هەندێ دیموكراتی كوردو سریانی و هەندێ توركی دیموكراتخواز، لیستێكی هاوبەشی ڕێكوپێكیان پێك هێناوەو لێكدانەوەكان بەوجۆرەیە كە ئەمجارە كورد لە نێوانی( 26تا30 )كورسی بەدەستدێنن .كەخۆیان باس لە هێنانی 35 كورسی دەكەن".
تەیب ئەردۆغان رایگەیاندبوو كە ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆچەلان مەحاڵە، لەبارەی ئەوەی كە ئایا كێشەی كورد بێ ئۆچەلان‌و پەكەكە قابیلی چارەسەركردنە، بەهرۆز گەڵاڵی گوتی:"كێشەی كورد لە توركیا بەبێ بونی ئۆچەلان و پەكەكە لە پرۆسەكە، چارەسەرنابێت، واتە بۆ دابینكردنی ئاشتییەكی ڕاستەقینەی تەواو و چارەسەركردنی كێشەی كورد لەتوركیا دەبێ تەواوی لایەن و رێكخراوەكانی كوردی توركیا بەشێك بن لە پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەری دیموكراسی، ئەگەر نا هەرهەوڵدانێك سەركەوتو نابێت.

 

990 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/05/2015