وتار‌
عەبدوڵلا گویل: لە تورکیا کێشەی کورد چارەسەرنەکرا، بۆیە بووەتە کێشەیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی

عەبدوڵلا گویل ١١مین سەرۆک کۆماری تورکیا دوای ماوەیەکی زۆر بێدەنگی شکاند و بۆ ڕۆژنامەی قەڕاری تورکی قسەی کرد و لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لە کێشەی کورد لە تورکیا، فشارەکانی سەر هەدەپە و ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و زیندانیانی تر و سیستمی سەرۆکایەتی لە تورکیا و هەڵەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ئاکپارتی لە سوریا کرد.

چاوپێکەوتنەکەی ڕۆژنامەی قەڕار لە گەڵ عەبدوڵلا گویل بەم شێوەیەیە:

عەبدوڵلا گویل: لەسەرەتاوە سیاسەتی تورکیا لە سوریا هەڵە بووە. تورکیا هیچ حسابێکی بۆ پشتگیری ڕووسیا و ئێران لە ڕژێمی سوریا نەکرد و گرنگی پێنەدا. بەڵام بۆ ئێران نەکەوتنی ڕژێم پرسێکی ستراتیژی بوو. هەروەها بۆ ڕووسیاش پرسێکی گرنگی سۆسیالیزم و مانەوەی دەسەڵاتی ئێستا بوو. دوای ئەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد لە بەرانبەر ڕژێمی سوریا هێزی سەربازی بەکارناهێنێت، ڕووسیا و ئێران بۆ ئەو وڵاتە پێشڕەویان کرد و هیچ هێزێکیش نەبوو، جێگایان بگرێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ ڕووسەکان دەستیان بە پشتگیریەکی تەواو بۆ بەرژەوەندیەکانیان لە ڕژێمی سوریا کرد. تورکیا پێویست بوو بەر لە هاتنی ڕووسیا بۆ سوریا دەست بە هەوڵەکانی بکردایا.

عەبدوڵلا گویل: بۆ ئەوەی تورکیا وەک وڵاتێکی کاریگەر و دیموکرات بمێنێتەوە، پێویستە لەگەڵ بەرەی ڕۆژئاوا واتە ئەوروپا بمێنێتەوە. مەبەستم ئەوەیە تورکیا لە ڕووی دیموکراسی، دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤەوە لە ئاستێکی بەرزدابێت و ئابوریەکەشی بەرەو بووژانەوە بڕوات. هەموو دەزگاکانی وڵاتیش بەم شێوەیە بیردەکەنەوە.

ئەگەر بەم شێوەیە سیاسەت بکات، نە دەبێتە  دوژمنی ڕووسیا و نە لە ئەوروپا دوور دەکەوێتەوە. لەم دواییانەدا هاوسەنگیەکان تێکچوون. بە تایبەتی پرسی کڕینی سیستمی دژە موشەکی (ئێس ٤٠٠) دۆخەکەی گۆڕی. لەبەرئەوەی هەموو ستاندارتەکانی هێزی چەکداری تورکیا لە ڕووی زەمین و ئاسمانیەوە، ستاندارتی ناتۆن.

' سیاسەتی دەروەی تورکیا لاواز بوو'
تورکیا لە ڕووی سیاسەتی دەرەوەیدا لاواز بووە. دەمەوێت کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەی یەکگرتووەکانتان وەبیربهێنمەوە. لە کۆبوونەوەکەدا زۆربەی وڵاتانی ئەندام لەدژی تورکیا دەنگیاندا . هەموو وڵاتە عەرەبیەکان لەدژی تورکیا هەڵوێستیان پیشاندا. لە ئەفریقا چەند وڵاتێک نەبێت، هەموویان لەدژی تورکیا هەڵوێستیان هەبوو. منیش حەز دەکەم سوپاکەمان بەهێز بێت، بەڵام بەهێزبوونی سوپاکان بۆ شەڕ نییە، بەڵکو بۆ پاراستنە. ئەگەر لە جیاتی ئەوە دیپلۆماسیمان بەهێز بکەین و بە هێواشی هەنگاو بنێین، هەڵوێستی جیهان بەرانبەرمان دەگۆڕێت. شەڕ یاری نییە، شەڕ لە ئەنجامدا مردنە. ڕاستە هەندێک جار ناتوانیت لە شەڕ ڕابکەی، بەڵام لە جیهاندا ژمارەیەکی کەم شەڕی بەو شێوەیە هەبووە.

'پشتگیری لە حزبەکەی عەلی باباجان دەکەم'
ئایا پارتێک بە هەموو پێکهاتەکەیەوە بۆ خزمەتی کەسێک کە بکرێت بە سەرۆک کۆمار بەکاردەهێنرێت؟ ئەم شێوەیە کارکردن و هەڵوێستە ڕاست نییە. پارتێکی سیاسی پێویستە هەموو شتێک لە کاتی خۆیدا بکات و دەستکەوتەکانی بەدەست بهێنێت. منیش لە ئێستادا پشتگیری لە پارتەکەی عەلی باباجان دەکەم. بروام بە پەروەردەکەی، زانیاریەکانی و سیاسەتەکەی هەیە و مرۆڤێکی جێی شانازی و دەستخۆشیە.

'شانازی بە ڕووداوەکانی گەزیەوە دەکەم'
من هیچ کاتێک بەرانبەر ڕووداوەکان بێدەنگ نەبووم. بۆ نمونە یەکێک لە گەورەترین ڕووداوەکان، ڕووداوی گەزی نەبوو؟ من ئەو کاتە بەم شێوەیە وڵامی پرسیارەکانی لەبارەی پارکی گەزیم دایەوە: شانازی بە ڕووداوەکانی گەزیەوە دەکەم. ئەو کاتە هەموو کەسێک سەری سوڕما. لەبەرئەوەی دەستکاری سروشتی تورکیایان کرد. لە ڕابردوودا خەڵک بۆ مافەکانی مرۆڤ خۆپیشاندانی دەکرد. بۆ ڕووداوەکانی کوشتنی بکوژ نادتارەکان خۆپیشاندانیان دەکرد. لەدژی گەندەڵی دەهاتنە سەر شەقام. بەڵام ئەو کاتە خەڵک بۆ ئەوەی داڕەکان نەبڕنەوە هاتنە سەر شەقامەکان، بۆ پاراستنی سروشت هاتنە سەر شەقامەکان. کێشەی تورکیا بۆ کیشەی بەریتانیا و ئەمریکا گۆڕا.

'کێشەی کورد بۆ کێشەیەکی نێودەوڵەتی گۆڕاوە'
کێشەی کورد لە تورکیا یەکێک لە گرنگترین کێشەکانە. لە هەموو وڵاتەکانی ناوچەکە زیاتر هاوڵاتی کوردمان هەیە. لە سەردەمی ڕیفراندۆمی بارزانیدا. کەناڵی سی ئێن ئێن تورک باسی نەخشەیەکی کرد، باسی لە ژمارەی کورد لە چوار وڵات کرد. دوات سی ئێن ئێن ئینتەرناشناڵ نەخشەکەی کردە ڕۆژەڤ بەڵام بە جیاوازیەک. ڕایگەیاند، لە تورکیا ١٥ ملیۆن. لە عێراق ٤ ملیۆن. لە سوریا ٢ ملیۆن، لە ئێرانیش ٦ ملیۆن کورد هەیە. بەڵام لە نەخشەکەی سی ئێن ئێن تورکدا باسی ژمارە نەکرابوو. ئەمە ڕاستیەکە.

ئەوەندە هاوڵاتی کوردان هەیە. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بکەین، هەم وڵاتەکەمان و هەم ناوچەکەش ئارام دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم کێشەیە لە ناوخۆی خۆماندا چارەسەر نەکەین، کێشەکە لە وڵاتەکەماندا نامێنێت و بەرەو پرسێکی گەورەی نێودەوڵەتی هەنگاو دەنێت."

خۆی بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی. نامەوێت کەس تاوانبار بکەم، بەڵام ئەمە ئەنجامی سیاسەتێکی هەڵەیە. هەموومان لێی بەرپرسین. ئێمە دەستپێشخەریمان نەکرد و ئێستا چووەتە ئاستێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

فشارەکانی سەر هەدەپە
لەسەر هەدەپە فشار و گۆشەگیریەکی زۆر هەیە. کاتێک سەرۆک کۆمار بووم گرنگی زۆرم بەم پرسە دەدا. هەر کاتێک سەردانی دەرەوەم دەکرد، ئەندامێکی هەدەپەشم وەک پارتەکانی تر لەگەڵ خۆم دەبرد. ئەمە منی لەو جێگایەی کە بۆی دەچووم بەهێز دەکرد. کاتێک لە سەر مێزەکان دادەنیشتم هەموویانم دەناساند. هاورێ مەهەپەیی و هاوڕێ هەدەپەییەکەشم دەناساند. بێ جیاوازی سەردانی شارەوانیەکانی باتمان و دیاربەکریشم دەکرد. بەم شێوەیە هەستم لای ئەوان دروست دەکرد کە خەڵکی ئەم وڵاتەن.
کەسانی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئەحمەد ئاڵتان، عوسمان کاڤالا و مونتەزەر تورکەنە پێویستە ئازاد بکرێن و ئەگەر شتێکیان کردووە پڕۆسەی دادگاییان بەردەوام بێت.

PEYSER
573 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
20/02/2020

وتاری زیاتر...