وتار‌
خۆشەویستی (مام)

*ئەرسەلان بایز

چەندین ساڵ لە تاران بوو. چەندین هێندەی ئەو ساڵانەش لە ئەنقەرە بوو. كرێكارو حەماڵی «ی.ن.ك» بوو. شەوو رۆژ لە رێگای فڕۆكەخانەو نەخۆشخانەكان بوو. دەیان نەخۆشی رەوانەی دەرەوەی وڵات كرد. رۆژانە هەموو رووداوە سیاسی و دیپلۆماسی و چالاكیەكانی خۆی و هەواڵەكانی رۆژنامە فەرمی و نافەرمیەكانی تۆمار دەكرد. هەفتانە جارێك پوختەی هەواڵەكانی بە نامەیەكی بەپەلە رەوانەی ئۆفیسی سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی دەكرد. لەو ساڵانەدا خۆی و هاوسەرەكەی هەمیشە بە مەنجەڵی دۆڵمەی هەولێری و كیسەی پڕ لە میوەجات لەبەر دەرگای نەخۆشخانەكان ئامادە بوون، نازو توڕەیی دەیان میوان و نەخۆشیشیان هەڵدەگرت. لە سەرەتای ساڵەكانی كاركردنیدا ماڵەكەی میوانخانەیەكی بەهەڕمێن بوو. نەمانبینی رۆژێك خانمی ئەو ماڵە بە رووێكی گرژ بچێتە بەردەمی ئەو میوانانە.
ئەو خێزانە… جیا لە زمانی دایك بە زمانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، توركی، عەرەبی، فارسی. قسەیان دەكرد. خاوەنی بڕوانامەی ئەندازیاریش بوون.
ئەو هەموو هیلاكی و لەخۆبوردەییە، ئەو هەموو دڵسۆزییە بۆ خزمەتی پەیامی «ی.ن.ك». رازیبوونی نەخۆش و پێشمەرگە بریندارە چارەسەركراوەكان، كەسوكاری شەهیدان، بوونە هۆی ئەوەی (مام) بە تەقدیرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی لە ئاستی ئەو خێزانە خزمەتگوزارە دەرببڕێت. نەك هەر هێندە، بەڵكو بوونە خۆشەویستی (مام).
ساڵان هات‌و رۆیشت، كێشەیەكی نەخوازراو لە نێوان دەوڵەتی توركیاو «ی.ن.ك» روویدا. ئەو كێشەیە دوورو نزیك پەیوەندی بە «ی.ن.ك» و نوێنەرەكەی لە ئەنقەرە نەبوو، بەڵام بوو بەهۆی پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان هەردوولا. دەوڵەتی توركیا هەموو جامی رقوكینەی خۆی بەسەر ئەو خێزانەو منداڵەكانی هەڵڕشت و بەئاگاداركردنەوەیەكی فەرمیی 48 سەعاتی، دەریكردن.
ئەو منداڵانە؛ (ئاسمان) لەقۆناغی چوارەمی كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی (گلكەنت) بوو. (پێرو) لەقۆناغی دووەمی كۆلێژی پزیشكی بوو، (ئەستێرە) ئەندازیاری تەلارسازی بوو، خاوەنی ئۆفیسی كاركردنی خۆی بوو. كەچی هەر هەموویان بەهۆی دروستبوونی ئەو گرژییەوە بەناهەق لەتوركیا دەركران، تەنانەت گەشتیشیان لێ قەدەغەكرا. ئەو خێزانە تەنیا خۆیان و جلوبەرگی خۆیان و بەجانتایەكەوە گەڕانەوە هەرێمی كوردستان. ماوەی چەندین مانگ ئاوارەی ئەم ماڵ و ئەو ماڵ و مۆتێل و هۆتێلان بوون.
ئەوە ماوەی دوو ساڵ و نیوە، چەندین شاندی دەوڵەتی توركیا سەردانی عیراق و كوردستانیان كرد. چەندین شاندی «ی.ن.ك»یش سەردانی توركیایان كرد. نازانم بۆچی تاكو ئەمڕۆش سەركردەكانی «ی.ن.ك» نەمانتوانی چارەسەرێكی بنەڕەتی كێشەی ئەو خێزانە بكەین..؟ بۆ لە خەمی چارەسەركردنی ئەو كێشەیەدا نین..! هەموولایەكمان دەزانین. دروستبوونی گرژی و كێشەی نێوان دەوڵەتی توركیاو «ی.ن.ك» لە ئەنجامی هەڵەی ئەو خێزانە نەبوو، هەڵەی شەخسی نەبوو…؟ كەچی ئەو خێزانە بوون بە قۆچی قوربانی.
پرسیار: ئایا دەزانن ئەو خێزانە خزمەتگوزارە خۆشەویستەی (مام) كێیە..؟

تكایە وەڵام.
ئەوەی ناوی ئەو خێزانە هەڵبێنێ و بزانێ كێن… دە كتێبی نایاب و دانسقە پاداشت لە (بەندە) وەردەگرێت.

508 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/01/2020

وتاری زیاتر...