وتار‌
سیاسەتمەدار
بەهرۆز گەڵاڵی

١- كورد سياسەتمه دارى به ئەزمونى كەمه. له ٢٠١١ مامجەلال بەمنى وت به توركەكان بڵێ خۆيان لەگەڵ سوريا توشى كێشە نەكەن. بەشار ئەسەد ناڕوخێت و بەشار ئەسەد، حوسنى موبارەك، قەزافى و بن عەلى نيه. جەيشى سوريش جەيشێكى نيشتمانيی خاوەنى عەقيدەيه و شەڕ ده كات.... سەرەڕاى ئەوەش ڕوسيا و چين و ئێران، هه رسێكيان ديفاع لە بەشار ئەسەد دەكەن و لێناگەڕێن بكەوێت و بڕوات... توركەكان ئەو كاته داودئۆغڵو وەزيرى دەرەوه بوو .داودئۆغڵو بڕواى  بەم ڕايه ى مامجەلال نەهات و دواى دوو ڕۆژ جوابيان دامەوه و وتيان بەساين تاڵەبانى بڵێ بەشار دوو هه فتەى دیکە دەڕوخێت ....ئەنجام مێژوو سەلماندى ڕایەكەى مام دروست دەرچوو، وا شاهيدين ئەمڕۆكه ش بەشار ئەسەد هێشتا ماوه و له سوريا حوكم دەكات .

٢-  هەر هەمان ساڵ من ئاگادارم، مام جەلال بە پەكەكە و حەميدى حاجى دەروێشى وت: بڕۆن خۆتان لەگەڵ سوريا، توشى شەڕ مەكەن. ئێوه كوردى سوريا داواى دەوڵەتى كوردى ناكەن! داواى فيدراڵى ناكەن! داواى ئۆتۆنۆميش ناكەن و داواى حقوقى سەقافى بۆ كورد له سوريا  دەكەن! بۆ حقوقى سەقافيش ميللەتى خۆتان توشى بەڵاى گەوره مەكەن .ئەوانيش هەردوو لايان به قسەى مامجەلاليان نەكرد. شاهيديشم حوسنى مەحلى ڕۆژنامەنوسه لەگەڵ هاوڕێم يوسف زۆزانى كه هەردووکیان شوكور له ژياندا ماون.

٣- ئەمڕۆ ١٣-١٠-٢٠١٩ يه و دواى ٢٥ بيستوپێنج هەزار بريندار و شەهيدبونى دوانزه هەزار له پاڵەوانى كچ و كوڕى كورد و دەربەدەرى و ماڵوێرانى و ئاوارەبونى دوو مليۆن كورد له ڕۆژئاوا، پاش ئەو هەموو فيداكارى و شەهيد و بريندار و قوربانیدان و خەبات و تێكوشان و سەركەوتنه بەسەر ڕێكخراوى تيرۆريستى داعش، کەچى باشترين بژاردەمان له ڕۆژئاوا به مەجبورى هاتووەتە سەر ئەوەى چۆن لەگەڵ حكومەتى سورى و بەشار ئەسەد ڕێکبکەوین. ئەم ئەنجامەى ئەمڕۆ ئەو ڕاستيەمان بۆ دەردەخات و دەیسەلمێنێت كه سياسەتمەدارى دوربين تەنيا مامجەلال بوو ... ئەوانى تر دەبێ بڕۆن هەوڵبدەن جارێ خۆيان فێرى خوێندنەوەى سياسەتى نێودەوڵەتى بكەن! ئينجا بێنەوه باسى سياسەت بكەن. بەداخەوه دواى جەنابى مامجەلال  و نەوشيروان موستەفا كورد سياسەتمەدارى كەم ماوه و بەداخەوه دەبينين وەزعى كورد ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپى دەڕوات . هەڵبەته لە سایەی سەرى ئەو سياسيانەى ئەمڕۆى كورد كه زۆر بێخەبەرو زۆر بێ ئەزمونن له سياسەتكردن، بەتايبەتيش له خوێندنەوەى سياسەتى نێودەوڵەتی و هەرێمايەتيدا، بەڕاستى كورد ئەزمەى سياسەتمەدارى هەيه و ئەوانەى هەمانن سياسەتمەدار نين و سياسيوكەن...  .

113 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/10/2019

وتاری زیاتر...