وتار‌
تورکیا و ئەمریکا: هاوسەرگیری شەرعی و تەڵاقی کاسۆلیکی

*حوسنو مەحەلی

لە دوای ئەو هەموو ژاوەژاوە کە لەوانەیە هەندێکی دروستکراوبێت دیسانەوە ترامپ ڕویکردەوە خۆشەویستییە تەقلیدیەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئەردۆغان و پێی گوت "ئەو هاوڕێمە و پێی خۆشحاڵم و بەڕاشکاوی ئەو سەرکردەیەکی نایابە و پیاوێکی داکۆکیکار و بەهێزە، کارەکانی بە دروستی ئەنجام دەدات و ستایشی دەکەم و هەمیشە ستایشی دەکەم."

ئەم قسانەی ترەمپ دوای دانوستانێکی درێژ هات لەنێوان ئەردۆغان و جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێنس و تیمە سیاسی، دبلۆماسی، سەربازی و هەواڵگریەکەی و بە ڕاگەیەندراوێک کۆتایی هات کە باسی ڕاگرتنی شەڕ لە خۆرهەڵاتی فورات دەکات بەبێ ئەوەی خۆی لە پرسەکانی دیکە دابێت کە لەو کاتەی ترامپ هاتووەتە سەر دەسەڵات گرژی خستبووە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کە گرنگترینیان خۆشەویستی ئەردۆغان-پوتینە. ترامپ لە هەڵوێستە وروژێنەر و گاڵتەپێکردنەکانی بەدرێژایی دوو هەفتەی ڕابوردوو هەڕەشەی لە ئەردۆغان کرد و هەڕەشەی لەناوبردن و داڕوخانی ئابوری وڵاتەکەی کرد و کار گەیشتە ئەوەی پەیامێکی بۆ بنێرێت و پێیبڵێت "شەیتان و کەللـەڕەق و گەمژە". ترامپ کە گەڕایەوە سەر ئەو شێوازە لەگەڵ مەلیک، ئەمیر و شێخەکانی کەنداو تەنانەت لەگەڵ سەرۆک سیسی وسەرکردەکانی عێراق، لە دوو هەفتەی رابوردوودا لەڕوی ناوخۆی ئەمریکاوە خۆی لە ڕەوشێکی دژواردا بینیەوە بەهۆی هەڵوێستی زۆرینەی دیموکراتەکان و تەنانەت بەشێک لە کۆماریەکان، داوایانلێکردبوو فشاری زیاتر بخاتەسەر تورکیا لەرێگەی سزا توندەکانەوە، بەهۆی هەڵویستی دوژمنکارانەی تورک بەرامبەر کوردەکانی خۆرهەڵاتی فورات.  

ئەوەی لەم بابەتەدا نامۆیە ئەوەیە بە درێژایی ماوەی ڕابوردوو ئەردۆغان خۆی لە بەرپەرچدانەوەی سوکایەتیەکانی ترەمپ بەدوورگرتووە و دەکرێت بڵێین "ئەو خۆشەوستی و ڕێزەی لەنێوانیاندایە ڕێگە لەوە دەگرێت ئەوە بکاتە کاری لە پێشینەی ئەو بابەتە و دواتر لەشوێن و کاتی گونجاودا وەڵامی دەداتەوە". ئەم ئاڵوگۆڕی "خۆشەویستی" یە بەگوێرەی ئەردۆغان بەسە بۆئەوەی پێشوازی لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێنس "بەناچاری" بکات چونکە هاوسەرگیری تورکی-ئەمریکی "کاسۆلیکی" ڕێگە بە تەڵاق نادات و ئەردۆغان پێویستی بە ترەمپ هەیە و لە ڕوانگەی ئەوەوە دیدارەکەی لە ١٣ ی مانگی ئاییندە زۆر گرنگە، ترامپ زۆر هۆکاری چارەنوسساز دەزانێت و دەیقۆزێتەوە و ئەوەی لەسەر ئێمەیە دەبێت چاوەڕێی تویت یان وتارێکی نوێی لێبکەین بۆئەوەی سەرەتا بە دەنگدەرانی ڕابوێریت و پاشان بە هەموو جیهان.

سیاسەتی هەڵكشان و داكشانی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ هەتا ئێستا لەچوارچێوەی تاکتیکی هاوسەنگیدایە کە ئەنقەرە لەگەڵ پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕوسیا و ئەمریکا پەیڕەوی دەکات، لەکاتێکدا شەریعەتی ئیسلام "ڕێگە لە فرە هاوسەرگیری ناگرێت". ئەردۆغان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە وسوکایەتیەکانی ترەمپ داوای هاوکاری لە سەرۆک پوتین کرد و ڕێکەوت لەگەڵی بۆ ئەوەی لە ٢٢ ی ئەم مانگە دیدارێکی بەپەلەی لەگەڵ ئەنجامبدات. وەک ئەوەی بیەوێت بە ترەمپ بڵێت "ئەڵتەرناتیڤی هەیە". ئەم شێوازە وای لە ئەنقەرە کرد زۆربەی ئامانجەکانی لە سوریا بەدیبێنێت، هەتا ئەو کاتەی پێشبڕکێی ڕوسی-ئەمریکی بەردەوامبێت بۆ بەدەستهێنانی سودە جیۆ-سیاسیە گرنگەکانی، ئەمەش میراتی ئیمپراتۆریەتە کە سەدان ساڵ لە ناوچەی عەرەبی و ئەوروپا حوکمی کردووە.    

لێرەوە گرەوکردن لەسەر هەڵوێستی پوتین سەبارەت بە ناجێگری هەڵوێستی تورکیا کە ڕەنگدانەوەی ئەگەری پێشهاتەکانی سوریایە دەستپێدەکات، وێڕای لێکتێگەیشتنە جیاوازەکان کە وەزیر لاڤرۆڤ باسیکرد و دەبێت لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی نوێی ئەدەنە بێت و نابێت سەرۆک کۆمار ئەردۆغان ناڕازیبێت لە چوونی هێزەکانی سوریا بۆ منبج، کۆبانێ و رەققە. ئەنقەرە بۆ نەریتە کۆنەکەی گەڕایەوە و خۆی لە واشنتن نزیک کردەوە هەتا لەگەڵی ڕێکبکەوێت بەشێوازێک هاوکاری بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئەگەری فشاری ڕوسی بکات کە ئامانجی ئەوەیە هێزەکانی سوریا بەدریژایی سنور لەگەڵ تورکیا بڵاوبکاتەوە دوای کشانەوەی سەربازانی تورکیا لەو ناوچانەی لە رۆژانی پێشوودا دەستی بەسەرداگرتووە. هەر وەک ئەوەی ئەنقەرە دەیەوێت دوا ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەمریکیەکان بقۆزێتەوە کە بەشێکە لە شانۆیەکی هەرزانی هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی فشارە بەردەوامەکانی ڕوسیا سەبارەت بە ئیدلب و خۆرئاوای فورات بەبێ پشتگوێخستنی حساباتەکانی خۆرهەڵاتی فورات. ئەردۆغان لە تازەترین لێدوانیدا ڕایگەیاند ماوەی ٣-٤ ساڵە پلانیان بۆ داناوە. ئەمەش لە لێدوانی وتەبێژەکەی ئیبراهی کاڵن- دا ڕوونبوو کە گوتی "تورکیا بەرپرسە لە ٧ ملیۆن سوری" مەبەستی ئەوەیە ٣،٥ ملیۆن لە تورکیا و هەمان ژمارەش لەناو خاکی سوریا کە هێزەکانی تورکیا لە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی فورات دەستیان بەسەرداگرتووە. ڕاگەیاندنی لایەنگری ئەردۆغان لە ناوچەکانی دیکەی سوریا ٣ ملیۆنی دیکەیان بۆ ئەو ژمارەیە زیادکردووە کە ئەوانەن لەڕوی دینیەوە هاوسۆزی ئەردۆغان-ن و هەمیشە دروشمەکەی "قازانج بکە قازانج بکە" یە.         

دوای ڕێکەوتنی ترامپ-ئەردۆغان پرسیار لێرەدا ئەوەیە کێ دەیباتەوە؟

 ئەگەر ئامانجی ئەردۆغان تەنها بردنەوە بێت ئەوە گەورەترین بردنەوە بەبێ هیچ زیانێک لە پەیوەندیەکەی لەگەڵ سوریا و جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بوو بەر لە ساڵی ٢٠١١.

ئەگەر بردنەوە لە تێگەیشتنی سەرۆک ئەردۆغان ڕەوشی "مەزاجی بیروباوەڕی" بێت ئەوە ڕزگاربوون لێی ئاسان نییە و بەردەوامی لە حسابی کەسێتی تێچوویەکی زۆر زۆری بۆ تورکیا و سوریا و ناوچەکە بەگشتی هەیە. شکست دەبێتە چارەنوسی هەموان جگە لە ترەمپی بازرگان و زاوا یەهودیەکەی جارید کۆشنەر کە لە پشتیانەوە ڕێکخراوی لۆبی یەهودیە کە سەرکردەکانیان بە پەلەن بۆ ئەوەی لە سەردانەکەی سەرۆک ئەردۆغان بۆ واشنتن گوێیان لە سوپرایزی نوێ بێت هەتا دڵی ئیسرائیل خۆشبکات. ئەگەر ئەردۆغان گەڕایەوە بۆ خۆشەویستیە تەقلیدیەکەی لەگەڵ ترەمپ بە لەبیرکردنی هەموو ئەوەی پێی گوتووە، بۆچی ئەوەی نەتانیاهوش پێی گوتووە لەبیرناکات مادام دروشمەکەی "قازانج بکە قازانج بکە" یە.

گەورەترین و گرنگترین گرەو لە هەموو ئەو هاوکێشانە لەسەر شوێن و ڕۆڵی سەرۆک ئەسەد- ە کە بووەتە کارتێکی فشار، هەموان لە دژی سەرۆک ئەردۆغان بەکاریدەهێنن. لەپێشتر و هەتا ئێستا ئەردۆغان لە نێوان چەکوشی سەرۆک ترامپ و هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی، سندانی پوتین کە لە جۆدۆ پشتێنەکەی ڕەشە دایە، جۆدۆ وەرزشێکە کار لەسەر کەمکردنەوەی زۆرترین دوژمن لە زوترین کاتدا دەکات، بێگومان ئەگەر ئەردۆغان بیەوێت ڕزگاری بێت لێیان لەکاتێکدا ئەو لەدەست ئەسەد ڕزگاری نابێت.
     

- ئەم وتارە گوزارشتە لە بیروڕای نوسەر و لە سایتی میادین وەرگیراوە.
86 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/10/2019

وتاری زیاتر...